پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێم: نرخی کەل و پەلی خۆراک بەرز نابێتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی ھەرێمی کوردستان گوتی، لەمڕۆوە کۆتایی بە بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگی لە ١٤ ماددەی خۆراکی دێت، چونکە دەرفەتێکی باش بە بازرگانان درا و کەلوپەلێکی زۆری خۆراکییان ھاوردە کردووە و کۆگاکان پڕ بوون لە خۆراک کە زیاد لە پێویستی خەڵکە، بۆیە ئەو بڕیارە کاریگەریی سلبی نابێت و نرخی کەلوپەلەکانیش زیاد نابێت.

ساماڵ عەبدولڕەحمان ڕایگەیاند: “بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لێخۆشبوونی گومرگی لەسەر ١٤ ماددەی خۆراکی کۆتاییی دێت، بەڵام ئێمە چەند ڕۆژێک درێژمان کردەوە، تاوەکوو ئەنجومەنی وەزیران دوابڕیار بدات، دوای دیراسەکردن ماوەکە درێژ نەکرایەوە و ماوەیەکی زۆر دراوە بە بازرگانان بۆ ئەوەی کەلوپەلی زۆر ھاوردەی ھەرێمی کوردستان بکەن، بۆیە بڕیارەکە کۆتاییی ھات و درێژ نەکرایەوە و لەمڕۆشەوە بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.”

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: “ئەو بڕیارە کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلەکان نابێت، چونکە زیاد لە پێویستی خەڵک کەلوپەل ھاوردە کراوە و کۆگاکان پڕن لە خۆراک، بۆیە ئەگەر ماوەیەکیش کەلوپەلەکان ھاوردە نەکرێن، کاریگەریی نابێت لەسەر نرخەکانیان، بۆیە نرخەکان بەرز نابێتەوە و وەکوو خۆی دەمێنێتەوە”.