كارزان گلی – ههولێر
ماوەی دوو ساڵ دەبێت، بەهای لیرەی توركیا بەرامبەر بە دۆلار، لە داڕووخانێكی گەورەدایە، بەتایبەت لە 2022 لیرەی توركی هەفتە دوای هەفتە بەهای دادەبەزێت و رەوشی ئابووری خەڵكیش تا دێت بەرەو خراپی دەچێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە بوو، بەهای لیرەی توركی لەو ئاستەدا بمێنێەوە كە یەك دۆلار بە 17 لیرە بێت، بەڵام نەیتوانی و یەك دۆلاری ئەمریكی لە 19 لیرە نزیك دەبێتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت تا كۆتایی ساڵ، لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار داڕووخانێكی مێژوویی تۆمار بكات.
هەرچەند بەهای لیرەی توركی دابەزێت، بژێوی خەڵك خراپتر دەبێت، بەتایبەت لە باكووری كوردستان، چونكە رێژەی بێكار لە باكوور لە ترۆپكدایە و هاووڵاتیان نیگەرانن لە سیاسەتی بانكی ناوەندیی توركیا، كە نەیتوانیوە بەر بە دابەزینی لیرەی توركیا بگرێت.
هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا گەیشتووە 80%، ئەمەش بەگوێرەی زانیارییەكانی دەزگای ئاماری توركیا، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەڵێت، هەڵاوسان گەیشتووەتە 140%، لە هەردوو ژمارەكەدا دەردەكەوێت كە رەوشی توركیا لەڕووی ئابوورییەوە زۆر زۆر خراپە.
ئەردۆغان، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا لە ئەمریكا ئاماژەی دا، لە سەرەتای 2023، هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا كەم دەبێتەوە.
باسی لەوەش كرد، لە توركیا هەر شتێكت بوێت هەیە و دەتوانێت لە ماركێتەكان دەستت بكەوێت، بەڵام لە ئەورووپا هەموو شتێك دەست ناكەوێت، مەبەستیی لە جۆرەكانی خۆراك و گازی سروشتی بوو.
بەگوێرەی شڕۆڤەی ئابووریناسانی توركیا، لیرەی توركی لە 2023 داڕووخانێكی گەورە تۆمار دەكات، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی توركیا دەبێت، كە بڕیارە لە مانگی شەشی 2023 ئەنجام بدرێت.
ئەردۆغان، دەیەوێت بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانی كۆمەڵێك هەنگاوی ئابووری بگرێتە بەر، كە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵك هەیە، بەڵام وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، هەنگاوەكان هەمیشەیی نین و كاتین، چونكە ئابووری توركیا بە جۆرێك داڕووخاوە، ناتوانن هیچ بكەن بۆ باشتركردنی بژێوی هاووڵاتی لە توركیا.
لەباكووری كوردستان، رێژەی بێكاری تا دێت بەرز دەبێتەوە، تەنانەت ئەوانەی كاریشیان هەیە، مووچەكەیان بەشی 10رۆژی ژیان ناكات، بۆیە زۆرترین زیان بەر هاووڵاتی باكووری كوردستان دەكەوێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەكۆمەڵ توركیا جێبهێڵن و بەرەو ئەڵمانیا بڕۆن.
بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، لە 2022 دا، توركیا لە ریزبەندی دووەم وڵات دێت، كە هاووڵاتیانیان داوای مافی پەنابەریان لە ئەڵمانیا كردووە، ئەمەش دەریدەخات كە رەوشی ئابووری لە توركیا لە ئاستێكی مەترسیدایە.
عەلی باباجان، سەرۆكی پارتی دەوا لە توركیا، كە پێشتر لەسەر لیستی ئاكەپە وەزیری دارایی و ئابووری توركیا بووە و شارەزاییەكی زۆر باشی لە ئابووری هەیە، لە یەكێك لە دیمانەكاندا گوتی: ”ئەوەی ئێستا لە توركیا دەگوزەرێت لەڕووی ئابوورییەوە كارەساتە، بەداخەوە دەمەوێت پێتان بڵێم، ئەمە رۆژە خۆشەكانی توركیایە، جارێ ناخۆشەكان نەهاتووە“.
مەبەستی باباجان ئەوە بوو، كە بەم حاڵە خراپەی لەڕووی ئابوورییەوە توركیا تێی كەوتووە، هێشتا رۆژی خراپتریش بەڕێوەیە.