بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، نرخی زێڕ رووی لە دابەزین کرد و، هەر ئۆنسەیەک بە رێژەی %0.2 دابەزی، هاوکات نرخی نەوتیش کەمێک دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 91 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
سەرەڕای دابەزینی ئەمڕۆ کە زیاتر لە سێ دۆلارە بۆ هەر ئۆنسەیەک زێڕ، بەڵام نرخی ئەو کاڵا ستراتیژییە ئێستا لە نزیک بەرزترین ئاستەکانی یەک مانگی رابردوو مامەڵەی پێوەدەکرێت. بەپێی بەشێک لە شرۆڤەکاران، دابەزینی ئەمڕۆی نرخی زێڕ تەنیا گۆڕانکارییەکە بە ئاراستەی خۆڕاستکردنەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 5-10-2022، بەهای دۆلار بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوە، دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە بە رێژەی 1.3٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیبوو. بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا.
مێری دالی، سەرۆکی لقی سان فرانسیسکۆی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، “بانکی ناوەندیی ئەمریکا هەموو ئامرازەکانی کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسانی لەبەردەستدایە و، مەبەستیەتی بە شێوازێکی لەسەرخۆ ئەو ئامرازانە بەکاربهێنێت لە کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان.”
لێدوانەکانی مێری دالی بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان پێیان وابێت کە بانکەکە بە پێچەوانەی مانگەکانی رابردوو لە داهاتوودا بەو رێژانە سوودی بانکی بەرزنەکاتەوە و، ئەوەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی بەگشتی نرخی زێڕ لە هەفتەی رابردوودا بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت.
نرخی نەوت دابەزی
هەرچەندە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بە بەرزبوونەوە کرایەوە، بەڵام دوای چەند کاژێرێک لە مامەڵەکان، نرخی نەوت دابەزی.
– نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 30 سەنت دابەزی و بە 91 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
– نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 35 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 86 دۆلار و 17 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بەڕێوەدەچێت و بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاوبوونەتەوە، بەرهەمهێنەرانی نەوت ئامادەن بۆ کەمکردنەوەی رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل لە بازاڕدا. رۆژی سێشەممە بەو هۆیەوە نرخی نەوت بە رێژەی 3٪ بەرزببووەوە.
ئەگەر ئەمڕۆ بەرهەمهێنەرانی نەوت بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بدەن، ئەوا دەبێتە گەورەترین کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت لەدوای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا لە ساڵی 2022 دا.
بەپێی گوتەی بەشێک لە شرۆڤەکارانی ئابووری، تەنانەت ئەگەر ئۆپێک پڵەس ئەمڕۆ بڕیارێکی وەها بدات، هێشتا کاریگەرییەکەی هێندە گەورە نابێت لەسەر بازاڕی نەوت، لەبەرئەوەی زۆرێک لە وڵاتانی بەرهەمهێنەر لە خوار ئەو ئاستەی کە بۆیان دیاریکراوە ئێستا نەوت بەرهەمدەهێنن.
لە مانگی ئەیلوولدا، ئۆپێک پڵەس بە بڕی سێ ملیۆن و 580 هەزار بەرمیل نەوتی کەمتر لەو ئاستەیان بەرهەمهێناوە کە پێشتر بۆیان دیاریکراوە.
بانکی ئەی ئێن زێدی ئوسترالی – نیوزیلاندی لەو بارەیەوە دەڵێت، کەمکردنەوەی رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل هێمایە بۆ ئەوەی بەرهەمهێنەرانی نەوت بەئاسانی بە دابەزینی نرخەکانی نەوت رازی نابن.
ئەو بانکە رایگەیاندووە، سەرەڕای ئەگەری زۆری کەمکردنەوەی ئاستی خستنەڕووی نەوت بۆ مانگی داهاتوو، بەڵام بازاڕی نەوت هێشتا هەر نیگەرانی بەرزکردنەوەی سوودی بانکییە لە ئەمریکا کە بووەتە هۆکار بۆ سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا و کەمبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت.
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 147 هەزار و 950 دیناری عێراقی
یۆرۆ – دۆلار 0.996 EUR/USD
پاوەند – دۆلار 1.14 GBP/USD
دۆلار – لیرە 18.57 USD/TRY
یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 33 هەزار و 100 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 59.03 روبڵی رووسی