نرخی نەوت دابەزی و زێڕ بەرزبووەوە

لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکاندا، نرخی نەوت بۆ نزیکەی 85 دۆلار دابەزی. هەروەها نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1661 دۆلار بەرزبووەوە.

نرخی نەوت بۆ رۆژی شەممە 1-10-2022 بەمشێوەیەیە: 

– بەرمیلێك نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە 85 دۆلار و 15 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. 

-بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 49 سەنت دابەزی و بە 79 دۆلار و 74 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بەپێی شرۆڤەکاران بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی رێکخراوی ئۆپێک دەگەڕێتەوە کە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای ساڵی 2020 بەدواوە.

جۆن کیلدۆف، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاری (ئێگەین کاپیتال) رایگەیاند، نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواست بۆ نەوتی خاو لە دوای سستبوونەوەی ئابووریی جیهان و هەروەها رەوشی نالەباری دارایی لە بەریتانیا بوونەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخەکانی نەوت.

لەلایەکی دیکەوە ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکارێکی دیکەی نەوتی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئۆواندا رایگەیاند، نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواست بۆ نەوتی خاو بەردەوام دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی نرخەکانی نەوت تا ئەو کاتەی کە رێکخراوی ئۆپێک بڕیار لەبارەی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەدات.

بڕیارە رێکخراوی ئۆپێک پڵەس ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەی مانگانەی خۆی بکات و لەوە بکۆڵێتەوە کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت وەک هەوڵێک بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکان تاوتوێ بکات.

بەپێی چەند سەرچاوەیەک لە رێکخراوی ئۆپێک، بەرهەمهێنەرانی نەوت کار بۆ ئەوە دەکەن بۆ مانگی داهاتوو رۆژانە 500 هەزار بەرمیل لە خستنەڕووی نەوت کەم بکەنەوە.

ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1661 دۆلار بەرزبووەوە 

نرخی زێڕ لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی هەینی بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە رۆژی هەینی بە رێژەی 0.06٪ بەرزبووەوە و بە 1661 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

لەگەڵ ئەوەشدا نرخی زێڕ ئێستا لە کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی رابردوودا مامەڵەی پێوەدەکرێت.

دانیەڵ پاڤیلۆنز، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئاڕ جی ئۆ فیوچەرز) رایگەیاند، هەرچەندە نرخی زێڕ بەرزبووەتەوە، بەڵام هەموو بەرزبوونەوەکان پەیوەستە بەوەی کە تاوەکو چەند بەهای دۆلار بەردەوام دەبێت لە دابەزین.

ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت، ئێستا رێژەی هەڵاوسان زۆر بەرزبووەتەوە و لەبەرئەوەیە کە بانکە ناوەندییەکان ناچارن سوودی بانکی بەرزبکەنەوە و لەبەرئەوەش ژینگەی وەبەرهێنان لە زێڕ سستبووە کە بە گشتی بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی کانزای زەرد.