نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە 

دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بەرزبووەوە. هەروەها نرخی زێڕیش بەهۆی وەستانی ئاڕاستەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، بەرزبووەوە. 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 27-9-2022 ، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 52 سەنت بەرزبووەوە و بە 84 دۆلار و 55 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. 

نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 47 سەنت بەرزبووەوە و بە 77 دۆلار و 18 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

رۆژی دووشەممە بەهۆی نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا نرخی نەوت بە رێژەی 2٪ دابەزی، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە بەهۆی ئەوەی وەبەرهێنەران و بازرگانانی نەوت پێیانوایە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس رێگە بە دابەزینی زیاتری نرخەکان نادات بەرزبووەتەوە.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، ئۆپێک پڵەس چاودێریی بازاڕی نەوت دەکات و دەیەوێت بازاڕ هاوسەنگ بێت. 

ئاماژە بەوەش دەدات، نایانەوێت نرخی نەوت دابەزینی و بەرزبوونەوەی گەورە بەخۆیەوە ببینێت و سەقامگیربوونی بازاڕی نەوتییان دەوێ.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، بە قۆناخێکی پڕ لە ئالینگاریدا تێدەپەڕن کە بەهۆی هەندێ هۆکاری جیهانییەوە نرخەکانی نەوت دابەزیون، هۆکارەکانیش سستبوونەوەی ئابووری و بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسانن.

نرخی زێڕ بەرزبووەوە

نرخی زێڕ بەهۆی وەستانی ئاڕاستەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، بەرزبووەوە، بەڵام هێشتا لە نزیکەی کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 2 ساڵ و نیوی رابردوودا مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 27-9-2022 ، هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە ریژەی 0.3٪ بەرزبووەوە و بە 1631 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئەمە لە کاتێکدایە نرخی ئۆنسەیەک زێر رۆژی رابردوو دابەزیبوو بۆ 1620 دۆلار. 

بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا هەفتەی رابردوو بەهای دۆلاری بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 22 ساڵی رابردوو بەرزکردەوە و ئەوەش بووە هۆکاری دابەزینی بەهای کاڵا و کانزاکان.

ھەواڵی زیاتر