چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە، هەروەها نرخی زێڕیش بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک بە هەزار و 678 دۆلارە.

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت دەگەڕێتەوە، بەوپێیەی ئەوروپییەکان ئامادەکاری بۆ قەدەخەکردنی هاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە دەکەن.

بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە 19-9-2022 ، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1 دۆلار و 15 سەنت بەرزبووە و بە 92 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 1 دۆلار و 5 سەنت بەرزبووەوە و بە 86 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەفتەی رابردوو نرخەکانی نەوت بە رێژەی 1٪ دابەزیبوون، لەبەر نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا کە خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.

بڕیارە لە مانگی 12ی ئەمساڵدا وڵاتە ئەوروپییەکان کۆتایی بە کڕینی نەوتی رووسیا بهێنن و بەوپێیەش خستنەڕووی نەوتی رووسیا لە بازاڕدا کەمدەبێتەوە کە گوشار بۆ نرخەکانی نەوت دروستدەکات.

ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1678 دۆلار بەرزبووەوە 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نرخی زێڕ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە، بەڵام هێشتا لە خوارەوەی 1700 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک مامەڵەی پێوەدەکرێت کە ئاستێکی هەستیارە.

ئەمڕۆ هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە بە 1678 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە 1687 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی زێڕ هەفتەی رابردوو دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان لە مانگی هەشت لە ئەمریکا دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 2 ساڵ و نیوی رابردوودا. هۆکارەکەشی نیگەرانی بازرگانانە لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا بۆ جارێکی دیکە سوودی بانکی بەرزبکاتەوە.

بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی کاڵا و شتومەک.

بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:

100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار دیناری عێراقی

یۆرۆ – دۆلار 0.999 EUR/USD

پاوەند – دۆلار 1.140 GBP/USD

دۆلار – لیرە 18.27 USD/TRY

یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 31 هەزار و 530 تمەن USD/IRR

یەک دۆلاری ئەمریکی: 60.13 روبڵی رووسی