نرخی نەوت و زێڕ لە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15-9-2022 بەردەوامی بە دابەزینەکانی رۆژی رابردووی دا. هەر بەرمیلێک نەوت بە 93 دۆلارە و ئۆنسەیەک زێڕیش لە خوار 1690 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، رۆژی پێنجشەممە نرخی نەوتی برێنت نزیکەی 20 سەنت دابەزی و بە 93 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا بە 88 دۆلار و 44 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوت لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە ئاراستەکەی بەرەو دابەزینە، هەرچەندە دوێنێ چوارشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕ کەمێک بەرزببووەوە، بەڵام دوای چەند کاژێرێک لە دەستپێکردنی مامەڵەکان ئاراستەی نرخی نەوت گۆڕدراو و رووی لە دابەزین کردەوە جارێکی دیکە.
دابەزینی نرخی نەوت دوای بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان لە ئەمریکا دێت کە بووە هۆکار بۆئەوەی وەبەرهێنەران و بازرگانان چاوەڕوانی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بە رێژەیەکی بەرچاو لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بکەن.
بەشێکی دیکەی هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بەهۆی کەمبوونەوەی خواستە لەسەری.
بازرگانان پێیانوایە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆتایی ئەم مانگە رێژەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.75٪ـی دیکە بەرزدەکاتەوە ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا رووبدات و بەوپێەش خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.
بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا لە کاتێكدا بوو کە چاوەڕوان دەکرا بەهۆی دابەزینی نرخی سووتەمەنی، نرخی کاڵاکانی دیکە دابەزێت، بەو پێیەش رێژەی هەڵاوسان لە مانگی رابردوو کەمبێتەوە، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی ماددە خۆراکییەکان و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان رێژەی هەڵاوسانی لە ئەمریکا لە مانگی ئاب بەرزکردەوە.
هەرچەندە نرخی سووتەمەنی بە رێژەی زیاتر لە 10٪ دابەزیوە لە مانگی ئاب، بەڵام نرخی ماددە خۆراکییەکان بە رێژەی 13.5٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و ئەوەش تێکڕای رێژەی هەڵاوسانی لە مانگی ئابدا بەرزکردەوە.
نرخی زێڕ بۆ خوار 1690 دۆلار دابەزی
نرخی زێڕ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەردەوامیدا بە دابەزینەکانی رۆژانی رابردوویدا و، نرخی هەر ئۆنسەیەک بە 1689 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. بەوەش بەراورد بە کاتی داخستنی بازاڕ نزیکەی 10 دۆلار لە نرخەکەی کەمبووەتەوە.
بازرگانانی زێڕ کۆکن لەسەر ئەوەی کە دوای بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا، بانکی ناوەندیی ئەمریکا چارەیەکی دیکەی نییە جگە لە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.75٪ کە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دراوەکانی دیکە و دابەزینی نرخی کاڵا و کانزاکان.
هاوکات بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دراوەکانی دیکە لە بەرزترین ئاستی خۆی لە 27 ساڵی رابردوودا ماوەتەوە.
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 147 هەزار و 900 دیناری عێراقی
یۆرۆ – دۆلار 0.997 EUR/USD
پاوەند – دۆلار 1.152 GBP/USD
دۆلار – لیرە 18.26 USD/TRY
یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 31 هەزار و 520 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 59.95 روبڵی رووسی