نرخی نەوت و زێڕ دابەزی

دوای ئەوەی ئامارەکانی کەرتی خزمەتگوزاریی ئەمریکا بڵاوبوونەوە و تێیدا دەرکەوت کەرتی خزمەتگوزاری، گەورەترین کەرتی ئابووریی ئەمریکایە، بە بەهێزی ماوەتەوە، سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و هەروەها بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بەرزبوونەوە، ئەوەش بووە هۆکار بۆ دابەزینی بەرچاوی بەهای زێڕ. هاوکات نرخی نەوتیش دابەزی.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 7-9-2022 نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.3٪ دابەزی و بە 1696 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

بەهێزبوونی داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەم مانگەدا زیادکردووە و ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار.

لە لایەکی دیکەوە هاوردەکردنی زێڕ لەلایەن هیندستانەوە کە دووەم گەورەترین بەکارهێنەری کانزای زەردە، لە مانگی 8ـی ئەمساڵدا بۆ نیوەی خۆی دابەزیوە، ئەوەش بەهۆی دابەزینی بەهای دراوی رووپیەیە کە کاریگەریی هەبووە لەسەر دابەزینی زیاتری بەهای زێڕ.

بەرمیلێک نەوت بە نزیکەی 92 دۆلارە

دوای بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین و ئەگەری زیاتر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت دابەزی.

نرخی نەوتی برێنت یەک دۆلار و 12 سەنت دابەزی و بە 91 دۆلار و 71 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. ئەوە لەکاتێکدایە نرخی نەوتی برێنت دوێنێ سێشەممە بە رێژەی 3٪ دابەزیبوو.

هاوکات نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش یەک دۆلار و 25 سەنت دابەزی و بە 85 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

دوای ئەوەی بەرهەمهێنەرانی نەوت رۆژی دووشەممە بڕیاریان بە کەمکردنەوەی رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە بازاڕدادا، نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هێندەی نەخایاند لەبەرئەوەی بازرگانان پێیانوایە کەمکردنەوەی ئەو بڕە لە بازاڕدا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ دروستناکات.

بانکی ئەی ئێن زێدی ئۆسترالی-نیوزلاندی سەبارەت بە بازاڕی نەوت رایگەیاند، “بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی نوێی کۆرۆنا لە چین نیگەرانیی دروستکردووە کە ببێتە هۆکار بۆ راگەیاندنی قەدەخەی نوێی هاتووچۆ لە هەندێ شاری گەورەی وڵاتەکە، ئەوەش خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.”

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە کە لە دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی کەرتی خزمەتگوزاریی ئەمریکا روویدا، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی نەوتە لە ئەمڕۆدا. 

بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:

100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 75 دیناری عێراقی

یۆرۆ – دۆلار 0.988 EUR/USD

پاوەند – دۆلار 1.146 GBP/USD

دۆلار – لیرە 18.23 USD/TRY

یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 30 هەزار و 120 تمەن USD/IRR

یەک دۆلاری ئەمریکی: 61.50 روبڵی رووسی

ھەواڵی زیاتر