یەکێتی ئەوروپا 25 ملیۆن یۆرۆ بۆ پاڵپشتیکردنی ئاوارەکان دەبەخشێتە عێراق.
حەسەن نازم گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە، هەموو ئەوانەی چەند رۆژی رابردوو لە ناوچەی سەوز کوژران، بە شەهید هەژمار بکرێن و بریندارانیش قەرەبوو بکرێنەوە.
گوتیشی “حکومەتی عێراق شەش ملیار دۆلار بۆ زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن تەرخاندەکات”.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرای کرد، ئەنجومەنی وەزیران وەزیری پلاندادانی راسپاردووە، بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی جێبەجێکاری لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، کە یەکێتییەکە 25 ملیۆن یۆرۆ دەبەخشێتە عێراق بۆ پاڵپشتیکردنی ئاوارەکان”.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق، باسی لە میکانیزمی ئەو پارەیە نەکردووە ئاخۆ بۆ هاوکاریکردنی کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت یان نا، بە تایبەت کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکارییەکانیان بڕیوە، حکومەتی عێراقیش هیچ پاڵپشتییەکی هەرێمی کوردستانی نەکردووە لە هاوکاریکردنی ئاوارەکان.