حکومەتی بەغدا شەشەم بڕەپارەی گەنمی جوتیارانی پارێزگای دهۆکی بە بڕی 17 ملیار دینار رەوانەی بانکەکانی هەرێمی کوردستان کرد.
نازم کۆچەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵە لە پارێزگای دهۆک، بە کوردستان ٢ی راگەیاند: پارەکە گەیشتووەتە بانکەکانی هەرێمی کوردستان و لە نزیکترین کاتدا بەسەر جوتیاراندا دابەشدەکرێت.
هەروەها راشیگەیاند، لەو 17 ملیار دینارەی کە نێردراوە، ملیارێک و 228 ملیۆن دینار هی جوتیارانی سایلۆی (فەیدیێ)ـیە و لە بانکی گارەی دهۆک دابەشدەکرێت، 10 ملیار و 822 ملیۆن هی سایلۆی شێخانە و لە بانکی شێخان وەردەگیرێت، بو جوتیارانی سایلۆی زاخۆش چوار ملیار و 945 ملیۆن دینار رەوانەی بانکی خابیر کراوە.
نازم کۆچەر راشیگەیاند، هەر جوتیارێکی سایلۆی فەیدیێ کە تاوەکو پێش 25ی مانگی تەمووز و سایلۆکانی شێخان و زاخۆیش تا پێش 24ی مانگی تەمووز گەنمەکانیان رادەست کردبێت، دەتوانن چەکی پارەکانیان وەربگرن.
ئەمساڵ ئەوە شەشەم بڕەپارەی گەنمی جوتیارانە کە دەگات. بڕەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم، هەر جارەو 500 ملیۆن دینار، چوارەم جار شەش ملیار و 600 ملیۆن دینار و بڕی پێنجەمیش 14 ملیار دینار. واتە بە هەر شەش جار تا ئێستا 39 ملیار و 100 ملیۆن دینار رەوانەی پارێزگای دهۆک کراوە.
ئێستاش بڕی 309 ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی کوردستان لە ساڵەکانی 2014، 2015 و 2016 لای حکومەتی بەغدا ماوە و لەو بڕەش 92 ملیار دیناری هی جوتیارانی پارێزگای دهۆکە.