وەیشوومەی شەڕ و هەڵکشانی نرخی خۆراک

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەری ڕووسیا و ئۆکراینەوە نرخی خۆراک بە شێوەیەکی بەرچاو لە سەرجەم بازاڕەکانی جیهاندا بەرز بووەتەوە و لە هەندێک وڵاتیش مەترسیی قاتوقڕیی بەدوای خۆیدا هێناوە و خەڵکی بەشێک لە وڵاتان بە زەحمەت خۆراکی ڕۆژانەیان دەست دەکەوێت.

مانگی شوباتی ئەمساڵ نرخی خۆراک ئاستێکی سەیری لە بازاڕەکانی جیهان، عێراق و هەرێمی کوردستاندا تۆمار کرد و نرخەکەی بە ڕێژەی 20.7 % بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرز بووەوە کە ئەمەش خێراترین ئاستی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکە لە ماوەی دەهەکانی رابردوودا. ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و شەڕی رووسیا و ئۆکراینەوەیە، بەڵام ئەوەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق رووی داوە دوو هێندە و بگرە زیاتری ئەو رێژەیەشە کە لە بازاڕەکانی جیهان بۆ ماددە خۆراکییەکان تۆمار كراوە، هەروەها نرخی خۆراک لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکەی هەرێمی کوردستان جیاوازە.
هۆکاری سەرەکی ئەم گۆرانکاری و بەرزبوونەوە زۆرەی نرخی خۆراک لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بازاڕێکی بەرهەمخۆر و بەکاربەرە و پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت، هەربۆیەش بچووکترین گۆڕانکاری لە ڕووە جیاوازەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەوە کاریگەرییەکی گەورە دەخاتە سەر نرخەکان. هەربۆیەش بەپێی راپۆرتی پرۆگرامی خۆراكی جیهان WFP لەبارەی گۆڕانکارییەکان لە بازاڕی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت کە نرخەکان لە مانگی ئادار، بەراورد بە مانگی شوباتی ئەمساڵ و شەش مانگی ساڵی رابردووش بەرز بووەتەوە.
بۆ نموونە، نرخی ئارد لە مانگی ئادار بەراورد بە ساڵی رابردوو لە دهۆک بە رێژەی 20%، لە سلێمانی بە رێژەی 39% و لە هەولێر بە رێژەی 13% بەرز بووەتەوە. هەروەها، نرخی برنج کە خۆراکێکی سەرەکییە، لە مانگی ئاداری 2022دا بەراورد بە شەش مانگی رابردوو، لە دهۆک بە رێژەی 13%، لە سلێمانی بە رێژەی 35% و لە هەولێریش بە رێژەی 14% بەرز بووەتەوە. نرخی رۆنی شل، لە مانگی ئادار بەراورد بە ساڵی رابردوو لە دهۆک بە رێژەی 58%، لە سلێمانی بە رێژەی 16% و لە هەولێر بە رێژەی 59% بەرزبووەتەوە.
هاوکات گەنم و رۆنی شل دوو پێداویستیی سەرەکیی رۆژانەن کە لە هەرێمی کوردستان نرخیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق زیاتر بەرز بووەتەوە.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی هەولێری یەکیەتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان ڕایگەیاند، “جگە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک [جەنگی رووسیا و ئۆکراین] کە دوو وڵاتی سەرەکیی بەرهەمهێنانی خۆراکن کە 47٪ـی گەنمی جیهان لەو دوو وڵاتە بەرهەم دێن. جگە لەوەی ئۆکراین وڵاتێکی سەرەکییە بۆ بەرهەمهێنانی رۆنی شل.”
شەڕی ئۆکراین، ئەو شەڕەی نرخی خۆراکی لە جیهاندا بە رێژەی 30% بەرز کردووەتەوە. 2100 تۆن گەنم لەنێو کۆگەیەکی بە پیتی شاری ئیزمایل لە باشووری رۆژئاوای ئۆکراین عەمبار کراوە و دەرگەی فرۆشتنی بەسەر داخراوە.
22ملیۆن تۆن گەنم لە بەندەرەکانی ئۆکرایندا گیری خواردووە. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆکراین 10%ـی گەنمی جیهان دابین دەکات، رووسیاش 17%، هەردووکیان 1/3ـی هەناردەی دانەوێڵەی جیهان پێک دەهێنن، 2/3ـی رۆنی گوڵەبەڕۆژەی جیهانیش پێک دەهێنن.

ھەواڵی زیاتر