بازاڕی سەرهێڵ لە هەرێم. ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاووڵاتیان

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

بازاڕی سەرهێڵ (ئۆنلاین)، یاخود بازاڕسازی دیجیتاڵ (Digital Marketing) یان ئەلیکترۆنی؛ بەو پرۆسەیە دەوترێت کە لە ڕێگەی سایتە ئەلیکترۆنییەکانەوە دەکرێت و هاووڵاتی توانستی کڕین و فرۆشی دەبێت لە ڕێی ئەنتەرنێتەوە، هەموو ئەمانە چەند دەستەواژەیەکن ماوەی چەند ساڵێکە بە فراوانی باسی لێوە دەکرێت و هەزاران بزنسی گەورە لە پاڵیدا کارە بازرگانییەکانیان فراوان دەکەن، ملیۆنان کەسیش مامەڵەکانیان لەو ڕێگەیەوە جێبەجێ دەکەن. ئەمڕۆ بە هۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و ئامێرە ئەلکترۆنییەکانەوە ئاسانکارییەکی زۆر لە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکاندا دروست بووە، ئەم پێشکەوتنە چەند کاریگەری هەبووە لە گۆڕینی سیستەمی تاکە کەسیدا؛ سەدان هێندە کاریگەری لە بازرگانی و مامەڵە بازرگانییەکاندا دروست کردووە.

هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شارستانیەتی وڵاتانەوە بازرگانیکردن هەبووە، سەرەتا بە گۆرینەوەی شمەک و کاڵاکان و دواتریش بەوەرگرتنی پارە لە بەرامبەردا. ئەم بازرگانییەش ڕۆژ بەڕۆژ پەرەیسەندووە و لە سەرەتادا تەنها لە ناوخۆی وڵاتەکاندا بووە و دوایی پەلی کێشاوە بۆ دەرەوەی وڵاتەکان و بەگوێرەی پێویستی هەر وڵاتێک کەلوپەل هەناردە و هاوردە کراوە.
دواتر لە سەردەمی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا بەربڵاوی ڕیکلامەکان لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و بە ئامانجی گەیشتن بە زۆرترین كڕیار و فرۆشتنی خێرای كاڵاكانیان، چەندین پێگەی (ئەلیكترۆنی و، پەیج و، ئەكاونت) لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كراونەتەوە و كڕیار لەو رێگەیەوە دەتوانێت كاڵا بكڕێت و فرۆشیاریش دەتوانێ لە بازنەیەكی فراوانتر لە بازاڕ كاڵاكانی بفرۆشێت لەبەر ئەم هۆیانەیە کە ئێستاکە زۆرینەی بازاڕکردنەکان بوونەتە ئەلیکترۆنی.
ئەم دیاردەیە کە بازرگانیکردنی شمەک و خزمەتگوزارییەکانە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، بەزۆری لە نێوان دە ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی فراوان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێت و ئاسان بەکارهێنانی و زۆربوونی بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان و زۆربوونی پێگە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبووەوە. بازرگانی “ئەلیکترۆنی” بووەتە هۆی دروستبوونی سەدان ملیۆن، بگرە ملیۆنان بازاڕی ئەلیکترۆنی لە جیهاندا و لە بەناوبانگترینیشان دوو پێگەن؛ ئەمازۆن (amazon) و ئی‌بای (ebay)، کە بەهای بازاڕگەری گەیشتۆتە نزیکەی ٣٠٠ملیار دۆلاری ئەمریکی، لە ئێستادا کۆمپانیای “ئەمەزۆن” بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانی و خێرایی لە گەیاندندا چەندین کۆگای لە سەرانسەری جیهاندا کردۆتەوە، بە دیاریکراوی لە (١٠٩) وڵاتی جیهاندا کە کاڵای هاوپشکەکانی تیادا دابەش دەکات و زیاتر لە (١٥٠٠٠) رۆبۆتی تیادا جێگیر کردوون کە کاریان ڕێکخستنی ئەو کۆگایانە و خێراکردنی کارەکانی گەیاندنە و پێیان دەوترێت (سوپای ڕۆبۆتەکانی ئەمەزۆن). بە پێی ئەو زانیاریانەی پێگەی ئەلیکترۆنی (ستاتیستا) کە تایبەتمەندە لە بواری زانیاریەکانی بازاڕ کۆی داهاتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەلیکترۆنی، ئەو کۆمپانیایانەی لەو بوارەدا کار دەکەن لە نێوان ساڵانی (٢٠١٢ – ٢٠٢٠) لە جیهاندا زیاتر بووە لە یەک ترلیۆن و نیو دۆلار واتە ١٥٠٠ملیار دۆلار بووە.
بەڵام جێی داخە کە بازرگانیی گواستنەوە و گەیاندن له (ئێراق) بە شێوازێکی زانستی و سەردەمیانە مێژوویەکی دووری نییە، سه‌ره‌ڕای پێشكه‌وتنه‌ به‌رچاوه‌كانی زانستی بازرگانی، هێشتا به‌شێوازی نەریتی ماوه‌ته‌وه ‌و له‌ چوارچێوه‌یه‌كی كۆندا قه‌تیس كراوه‌. ئه‌م دواكه‌وتنه؛‌ كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر كۆی پڕۆسه‌ی بازرگانی له ‌(ئێراق و هه‌رێمی كوردستان) به‌جێ هێشتووه ‌و وای كردووه‌ بازرگانانی ئێراق نه‌توانن وەک بازرگانانی تر لە وڵاتانی پێشکەوتوو، لە تایبه‌تمه‌ندی و ده‌ستكه‌وته‌كانی گەیاندنی بازرگانیی هاوچه‌رخ و سه‌رده‌مییانه‌ سوودمه‌ند بن. لەم ساڵانەی دواییدا؛ ئێراق ئاشنابوو بە بازرگانیی ئەلیکترۆنی و، تا ئێستاش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەم بوارەدا، زۆر بە لاوازی دەبینرێت.
بەڵام خۆشبەختانە هەرێمی کوردستانیش کە ئێستا بە تەواوەتی بە ڕووی دنیادا کراوەتەوە وەک هەر وڵاتێکی تر بێبەش نییە لەم جۆرە بازرگانیکردنە مایەی خۆشحاڵییە ئێستا لە “هەرێمی کوردستاندا” ئەم بازرگانییە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕوو لە کرانەوەیە، چەندین فرۆشگای ئەلیکترۆنی هەن، هەرچەندە بێ پلانییەکی زۆریشی پێوە دیارە، جگە لە فرۆشگا ئەلیكترۆنییەكانی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، چەند ماڵپەڕێكی تایبەتی فرۆشگای ئەلیكترۆنیش لە هەرێمی كوردستان كراونەتەوە.

سوودەکانی بازاڕی سەرهێڵ
لە ڕووی ئابورییەوە؛ بوونی بازاڕی سەرهێڵ بۆ کڕیاران بەسوودتر دەبینرێت وەک فرۆشیاران، بازاڕی سەرهێڵ سوودی بۆ هەردوولایەنی مامەڵەکە هەیە، کڕیار و فرۆشیار، بەڵام زۆرتر یارمەتی کڕیار دەدات و ئاسانکاری زۆری بۆ دەکات، لەو ڕووەی کە کاتی زۆری بۆ دەگەڕێتەوە و پێویست ناکات بڕوات بۆ گەڕان بەدوای شتومەکدا، چونکە تەنها بە یەک کلیک دەتوانێت پێویستییەکانی خۆی ببینێت و دیارییان بکات. لە هەمان کاتدا فرۆشیاریش سوودمەند دەبێت بەهۆی ئەوەی لەڕێگەی کۆمەڵێک تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە پێشانگاکەی پیشاندەدات و دەتوانێت وای لێبکات بچێتە ئاستی جیهانەوە، تەنها بۆ یەک شوێنی دیاریکراو نەبێت، لە وڵاتانی پێشكەوتوو فرۆشگا و بازاڕگە ئەلیكترۆنییەكان بەدیوی دووەمی چالاكی ژیانی ئابووری دادەنرێن و زۆر پێویستن.
بۆیە هەرێمی كوردستانیش پێویستە هەنگاو بۆ بازرگانیی ئەلیكترۆنی بنێ، چونكە سوودەكانی لە گرفتەكانی زیاترە، لێرەدا ئەرکی حکوومەت ئەوەیە سمارت كارتی بانكی بۆ هاووڵاتیان دروست بكەن، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن سوود لە فرۆشگا ئەلیكترۆنییەكان وەربگرن. سوودەکانی بازرگانیی ئەلیکترۆنی زۆرە، هەم بۆ کۆمپانیاکان و هەم بۆ تاکەکانیش کە دامەزراندنی تێچوونێکی کەمی دەوێت، هەموو ئەوەی پێویستە بۆ دامەزراندنی وێبسایتێکی ئەلیکترۆنییە لەگەڵ شوێنێک بۆ کەلوپەلەکانی کە دەیفرۆشیت، پێویستت بە باڵەخانەیەکی گەورە نییە تاوەکو ئەو کەلوپەلانەی دەیفرۆشیت بیخەیتە ڕوو، چونکە کارەکە لە ڕێگای ئەلیکترۆنییەوە، دەکرێت تەنها کۆگایەکی بچووکت بەسە؛ ئەم رێگایە سوودێکی زۆری هەیە بۆ کڕیارانیش، کاتێکی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە و ماندوو نابن لە کڕینی شمەکدا و بێگومان لەبەر ڕکابەرایەتی لە نێوان کۆمپانیاکاندا ڕەنگە شمەکەکانیان بە نرخێکی هەرزانتر دەست بکەوێت.

ھەواڵی زیاتر