گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ: ستراتیژییەتی حکوومەتی هەرێم بە بازاڕکردن و بە پیشەسازیکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەپێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە خاک و ئاو و هەوای هەرێمی کوردستان زۆر گونجاوە بۆ چاندنی پەتاتە، دەكرێت لە هەردوو وەرزی بەھار و پایزدا بچێندرێت، بەڵام جووتیارانی کوردستان زیاتر لە وەرزی بەھاردا پەتاتە دەچێنن. وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەڵێ، ئەمساڵ بەرهەمی پەتاتەی کوردستان بۆ ٤٠٠ هەزار تۆن زیادی کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە ١٠٠ هەزار تۆن پەتاتە هەیە.

پەتاتە بەھۆی بەها خۆراکییەکەی بەیەکێک لە ناسراوترین بەرهەمی کشتوکاڵی دادەنرێت، کە زۆربەی وڵاتان گرنگی بە چاندن و بەرهەمھێنانی دەدەن، بەم ھۆیەوە پەتاتە لە رووی چاندن و بەرهەمەوە، لە دوای گەنم، برنج و گەنمەشامی بە پلەی چوارەم دێت.
نیشتمانی رەسەنی پەتاتە ئەمریکای باشوورە، بەڵام ئێستا بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە، چاندن و بەرهەمهێنانی پەتاتە بەشێوەیەکی فراوان و زانستانە لە هەرێمی کوردستان مێژووییەکی درێژی نییە، بۆ یەکەمجار وەزارەتی کشتوکاڵ لە ساڵی ٢٠٠٨ وەک تاقیکردنەوە، ٥١ تۆن بنەتۆوی پەتاتە لە ھۆڵەندا هاوردەکرد و بەبێ بەرامبەر بەسەر جووتیارانیدا دابەشکرد، لە ساڵی ٢٠٠٩ چاندنی پەتاتە خرایە لیستی بەرهەمە ستراتیژییەکانی پلانە پێنج ساڵییەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و دەستکرا بە هاوردەکردنی بنەتۆوی پەتاتە لە ھۆلەندا و فەڕەنسا.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ١٣ ساڵی رابردوودا بەرهەمی پەتاتە لە ١٢ هەزار تۆنەوە بۆ ٤٠٠ هەزار تۆن زیادی کردووە، واتە بەرهەمی پەتاتە لە ماوەی ١٣ ساڵدا ٤٠ بەرامبەر زیادبووە، وەزارەتی کشتوکاڵ پێویستی ساڵانەی تاکی هەرێمی کوردستان بۆ پەتاتە بە ١٥ کیلۆ دیاریکردووە، ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن کەس بێت، هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا پێویستی بە ١٠٠ هەزار تۆن دەبێت، بەو پێوەرە بێت بەرهەمی پەتاتەی خۆماڵی زیاتر لە سێ ھێندە پێویستی ناوخۆیە.
بۆ پاراستن و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران، ساڵانی رابردوو وەزارەتی کشتوکاڵ لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا تاوەکو ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم بڕی ٢٥٠ تاوەکو ٦٠٠ دینار رەسمی گومرگی دەخستە سەر هەر کیلۆیەک پەتاتەی ھاوردە، ئەمساڵیش جووتیاران داواکارن باج بخرێتەسەر بەرهەمی دەرەوە، بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ بکەوێتە بازاڕەوە.
حوسێن حەمەکەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە هەولێرـی گوت: “ئەمساڵ زیاتر لە ساڵانی رابردوو پەتاتە چێندراوە، لە چەند ساڵی رابردوو بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆ بینیوە. ئەمساڵ ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەھێنرێت، ئەوەی لە پێداویستی خۆمان زیادە دەچێت بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، کە هەر هاووڵاتییەک ساڵانە ١٥ بۆ ٢٠ کیلۆ پەتاتە دەخوات، بۆ ساڵێک هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی ١٠٠ هەزار تۆن پەتاتە هەیە، کەواتە ئێستا بەرهەمی ناوخۆ زیاتر لە سێ ھێندە پێداویستی ناوخۆیە.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەک کارگەی بەرهەمهێنانی چپس دامەزراون. ژمارەیەک لەو کارگانە گرێبەستیان لەگەڵ جووتیاران کردووە بۆ چاندنی پەتاتەی پیشەسازی، بۆیە خەریکە لە هەرێمی کوردستان چاندنی پەتاتەی پیشەسازی پەرەدەسێنێت، ئەمەش سوودێکی گەورە بە ئابوورییهەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، چونکە پارە بۆ کڕینی چپس ناچێتە دەرەوە.
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، جەختی لەوەش کردەوە: “بەرهەمی پەتاتە بە پلانی وەزارەتی کشتوکال ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨ دەستمان پێ کرد، لە کاتێکدا بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان نەدەگەیشتە هەزار تۆن، ئێستا خۆشبەختانە گەیشتووتە ٤٠٠ هەزار تۆن، بۆیە ئەوە یەکێک بووە لە پلانەکانی وەزارەت بەردەوام هەتا ساڵی ٢٠١٤، ٢٠١٥ و ٢٠١٦ پاڵپشتی ئەو بەرهەمەی کردووە بەشێوەیەکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ، پاش ئەوە، ساڵانە بە حوکمی ئەو بارودۆخە، قەیرانی دارایی و کۆڕۆنا پارێزگاریمان کرد لە پاراستنی بەرهەمەکە، لە رێگەی دانانی باج یان قەدەغەکردنی بەرهەمی هاوردە، بۆیە بەرهەمی پەتاتەیەکێکە لەو بەرهەمانەی پارێزگاری لێ دەکەین بە مەبەستی زیاتر برەودان و بەرزبوونەوەی ئاستی داچاندنی بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە بوونی ساردخانە لە هەرێمی کوردستان، ئەو بەرپرسەی کشتوکاڵ، دیارکرد: “بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو هەنگاوی زۆر باش نراوە ئێستا ژمارەیەکی زۆری ساردخانە بەشێوەی پرۆژەی گەورە لە هەرێمی کوردستان بنیات نراون.
لە کۆتاییدا حوسێن حەمەکەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاشکرای کرد:” ستراتیژیەتی وەزارەت و حکوومەتی هەرێم بە بازاڕکردنی بەرهەم و بابەتی بە پیشەسازی کردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ دەستەی وەبەرھێنان لەسەر خەتین.

ھەواڵی زیاتر