تەنها داهاتی دەروازەکانی سلێمانی مانگانە نزیکەی ٣٠ ملیار دینارە و لەمساڵدا هیچی نەچووەتە خەزێنەی حکوومەتەوە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی ساتە قورس و نالەبارە ئابورییەکەی سەردەمی بێ بازاڕی نەوت و دەرهاوێشتەکانی کۆڕۆنای بەسەرکەوتویی ئیدارەدا، بەڵام لە سەروبەندی پێکهێنانی حکوومەت نوێ و دانوستاندنەکان لەوبارەیەوە ڕووبەڕووی فشاری سیاسی بووەتەوە و هاوکات ئەو حزبانەی لە حکوومەتی هەرێمدا خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و پۆستی باڵایان بەرکەوتووە، بێ گوێدانە بەرپرسیارییەت چوونەتە بەرەی هەوڵدان بۆ لاوازکردنی پێگەی حکوومەتی هەرێم، کە بەوەش دەیانەوێت فشار بخەنە سەر پارتی حوکمڕان کە پارتی دیموکراتی کوردستانە و پۆستی سەرۆکایەتیی حکوومەتی لایە.
سەرباری نا شەفاف بوونی داهاتی پارێزگای سلێمانی، بەڵام لە دۆخی هەرە خراپدا و بە ددانپێدانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، مانگانە داهاتی پارێزگاکە ٩٠ ملیار دینارە. ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆخی ئاشکرایکردووە، داهاتەکانی پارێزگای سلێمانی لەم سەرچاوانە کۆ دەکرێنەوە؛ داهاتی دەروازەکا لە نزمترین ئاستتدا دەگاتە ٢٧ ملیار و ٥ سەد ملیۆن دیناری مانگانە، کە ئەمەش ١٦ ملیار دیناری مەرزی باشماخ و ٧ ملیار دیناری مەرزی پەروێزخانە و ٢ ملیار دینار سەیرانبەن و یەک ملیار و نیویش داهاتی فڕۆکەخانەی سلێمانی و زیاتر لە یەک ملیاری دیکەش داهاتی دەروازەکانی دیکەیە.
داهاتی بەڕێوبەرایەتییەکانیش دەگاتە مانگانەی ٢٠ ملیار دینار و ١٢ ملیار دیناریش داهاتی کارەبا و هاتوچۆیە.
٨ ملیار دینار مانگانە داهاتی شارەوانییەکان و شوێنەکانی دیکەیە و ٤٥ ملیار دینار داهاتی مانگانەی نەوتی سپی و گاز و بەنزینە. بە پێی لێدوانی ئەو کەسانە بێت “هەولێر” زانیاری لێوەرگرتوون لە لیژنەی دارایی پەرلەمان و وەزارەتی دارایی و گەنجینەکان، ئەو داهاتانەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت یەکجار ناشەفافن و ئەگەر بە شەفافی کۆبکرێتەوە داهاتی مانگانەی سلێمانی هیچ مانگێک لە ١٢ۆ ملیار دینار کەمتر نابێت، وە ئەگەر ئەو داهاتە مانگانە بۆ خەزێنەی حکوومەت بگەڕێتەوە هەم پارێزگای سلێمانی بەو شێوەیەی ئێستا بێ خزمەتگوزاری و بێ پرۆژە نابێت هەم دەتوانرێت کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بکرێت و حکوومەتی هەرێم لەبەرامبەر بەغدا بەهێزتر دەربکەوێت.
بە پێی بەدواداچوونی ڕۆژنامەی هەولێر، ئەم کێشەیە لە داهاتی پارێزگای سلێمانی تازە نییە و لە ساڵی ٢٠١٦ دا تەنانەت ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش ئاگاداری یەک دیناری داهاتی پارێزگاکە نەبوونە و تا کار بەوە گەیشتووە سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنەکە نووسراوێکی کردووە و ئاماژە بەوە دەکات، وامان زانیووە تا ئێستا داهاتی سلێمانی دەچێتەوە خەزێنەی حکوومەت بۆیە ئێمە ئاگاداری نین، بەڵام دەرکەوتووە داهاتی پارێزگاکە نە بۆ پارێزگاکە و نە بۆ حکوومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە و تەنانەت نازانین لە چیدا و چۆن خەرج دەکرێت.
ئەگەر داهاتی سلێمانی لە مانگی ١ی ئەمساڵەوە بهاتبا بۆ خەزێنەی حکوومەت، ئێستا لانی کەم دەتوانرا خشتەی مووچەی مانگی ٣ ئامادە بێت و مووچەخۆران لە خەمی مووچەکانیان ئەرخەیان بن، بەڵام بۆچوونێک هەیە، ئیدارەی سلێمانیش بە ویستی خۆیان بێت یان ویستی ئیقلیمی و عێراقی بێت، وەک فشار خستنە سەر حکوومەتی هەرێم هەوڵی لاوازکردنی هەڵوێستی هەرێم بدەن لە بەرامبەر بەغدا و سەرهەڵدانەوەی کێشەی مووچەی فەرمانبەران کە حکوومەتی هەرێم بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی نزیک بوو لەوەی بە تەواوی ئەو کێشەیە بە پێی ڕێککەوتنێک چارە بکات. وا دیارە ئێستا جارێکی دیکە حکوومەتی عێراق بە فشاری هەندێک لایەن دیسان پێشێڵی ئەو ڕێککەوتنە وەک کارتی فشار بەکار دێنێت و لە نێوخۆشدا ئیدارەی پارێزگای سلێمانی هەمان کارتی دژی حکوومەتی هەرێم بەکارهێناوە کە دواجار مووچە خۆران و فەرمانبەران دەبنە قوربانی.