نرخی زێڕ ناجێگیرە و بازاڕیش كزە

نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان ناجێگیرە، ئەمەش وای كردووە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زێڕ سست ببێت. زێڕفرۆشێك دەڵێت، لەبەر گرانی و ناجێگری لە نرخدا، بازاڕی زێڕ لاوازە و وەكو جاران نییە.

لە هەفتەی رابردوودا، نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینی، ئەمەش وای كرد جموجۆڵی كڕین و فرۆشتن بوەستێت، یاخود كەم بێت.
سەرتیپ زێڕنگر، پێی وایە ئەم ناجێگیرییەی نرخی زێڕ وای كردووە، بازاڕی فرۆشتن كەم بێت، ئەمەش كاری کردووەتە سەر داهاتی زێڕنگران.
ئەو دەڵێت: “هاووڵاتی دەترسێت زێڕەكەی بفرۆشێت، چونكە وا بیر دەكاتەوە رەنگە دوایی زیاتر بەرز ببێتەوە. هەروەها ئەوانەشی بەنیازن زێڕ بكڕن، بە هەمان شێوە دەڵێن جارێ با نرخەكەی هەرزان بێت ئینجا؛ جا بۆیە كڕین و فرۆشتنی زێڕ سست بووە”.
قسەیەك هەیە لەناو خەڵكیدا ”زێڕ بۆ رۆژی رەش“، بەڵام بەگوێرەی گوتەی سەرتیپ، ئێستا ئەو گوتەیە جێبەجێ ناكرێت، چونكە هەیە پارەشی هەیە، زێڕ ناكڕێت بۆ رۆژی رەش، بەڵكو دەڵێت پارەكە بۆ رۆژی رەش هەڵدەگرم، چونكە رەنگە لە كڕینی زێڕ زیانی بەربكەوێت.
ئافرەتێكی تەمەن پەنجا ساڵان، بە ناوی بەهار رەشید، بڕە پارەیەكی پێیە و دەیەوێت زێڕ بكڕێت، بەڵام دوودڵە و دەڵێت دەترسم نرخەكەی كەم ببێتەوە.
بەهار دەڵێت: ”سێ رۆژە سەردانی بازاڕ دەكەم تا پێنج مسقاڵ ئاڵتوون بكڕم، بەڵام لەبەر دوودڵی لە نرخەكەی نەمكڕیوە. دەترسم بیكڕم و پاشان زەرەری لێ بكەم، چونكە زێر بۆ جوانی ناكڕم، بەڵكو بۆ قازانج دەیكڕم، بۆیە دوودڵم“.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو ناجێگیرییەی زێڕ، هەندێك هەن بەبێ دوودڵی و بێ ترس، پارە بە كڕینی زێڕ دەدەن.
جەمیل خۆشناو، نزیكەی یەك دەفتەر دۆلاری پێیە و دەڵێت زێڕ دەكرم و بۆ رۆژی رەش هەڵیدەگرم.
ئەو پێی وایە، نرخی زێڕ هەرگیز وەكو جارانی لێ ناهێتەوە؛ ئەوپەڕەکەی با دە بیست هەزارێک كەم و زیاد بكات، ئەوەش كار ناکاتە سەرم.
ئەو دەڵێت: ”كڕینی زێڕ هیچ كاتێك بڕیارێكی هەڵە نییە، هەڵە ئەوەیە پارەت هەبێت و زێڕی پێ نەكڕیت“.
لە توركیا كولتوورێك هەیە، ئەویش هەڵگرتنی زێڕە بۆ رۆژی رەش، لەوێ زۆربەی ماڵباتەکان بڕێك ئاڵتوونیان هەیە بۆ رۆژی رەش هەڵگیراوە، بۆیە زۆرجاران لە قەیرانی داراییدا، زێڕەكانیان دەردەكەن و دەیفرۆشنەوە و بەكاری دەهێنن.
بەڵام كولتووری كڕینی زێڕ لە هەرێمی كوردستان وەكو پێویست نییە، بەڵكو خەڵك زیاتر خانوو یان شوقەیەك دەكڕێت و دەڵێت بۆ رۆژی رەشی هەڵدەگرم، ئەمەش بەگوێرەی گوتەی سەرتیپی زێڕنگر.
سالار، تەمەنی ٢٧ ساڵانە و تازە ژنی مارە كردووە، بەڵام بە خەمبارییەوە دەڵێت، ناتوانم دەستگیرانەكەم بگوازمەوە، چونكە بەڵێنم دابوو ٢٠ مسقاڵ ئاڵتوونی بۆ بكەم، بەڵام ئەوەندە گران بووە پێم جێبەجێ ناکرێت.
سالار دەڵێت: “٢٠ مسقاڵ ئاڵتوون ٨هەزار دۆلاری دەوێت، ئەو پارەیەم نییە و شەرمەزاری دەستگیرانەكەم بوومە، بۆیە بیرم لەوە كردووەتەوە، كە لێی جیا ببمەوە، چونكە ئەویش لەو ٢٠ مسقاڵەی خۆی خۆش نابێت”.
نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار ٢١ لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، ٤٠٠هەزار تێپەراندووە، ئەمەش لە كاتێكدایە دوو هەفتە لەمەوبەر ٣٨٠هەزار دینار بوو.

ھەواڵی زیاتر