کارگەکەى پەتاتە لە دهۆک جووتیارانى کوردستان لە خەم دەڕەخسێنێت

چەند ساڵێکى سێکتەرى كشتوكاڵ و پیشەسازى لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان بووەتە جێگەى سەرەنج و بەهاپێدان و ئەم دوو بوارە بووژاندنه‌وه‌ی زۆرى لە‌ ڕێگه‌ی پڕۆژە‌ی جۆراوجۆره‌کانەوە پێ دراوە. کارگەى فینگەر (پەتاتە) لە پارێزگاى دهۆک یەکێکە لەو پڕۆژە گرنگانەى کە جووتیارانى ناوچەکە سوودێکى زۆرى لێ وەردەگرن بۆ ساغکردنەوەى بەرهەمەکەیان.

پەتاتە بەدەر لەوەى کە سوودى بۆ ئێسقانەکان و پاڵەپەستۆى خوێن و کەمکردنەوەى مەترسییەکانى تووشبوون بە شێرپەنجە و باشترکردنى دۆخى دڵ هەیە، لە لایەکى ترەوە بە خواردنى هەژاران و نەهێشتنى قاتوقڕى هەژمار دەکرێت و لەگەڵ گەنم و برنج وەک خۆراکێکی سەرەکی بەرهەم دەهێنرێت و بە بەرهەمێکی گرنگی خۆراکی لە جیهاندا، لە نێو بەرهەمە سەوزەکاندا جێگای دیاری خۆی هەیە، چونکە بە سەرچاوەیەکی هەرزان بۆ وزە دادەنێرێت و ڕێژەیەکی زۆر بەرزی کاربۆهیدراتی تێدایە ئەوە بێجگە لە بوونی بڕێکی گونجاو لە ڤیتامین سی ڤیتامین بی یەک. واتە هەر یەک دانە پەتاتەى ١٥٦ گرەمی، پاش کوڵاندنی سێ‌ یەکی پێداویستی ڕۆژانەی مرۆڤێکی کامڵ دابین دەکات.
پەتاتە، لە زۆر جۆری جیاواز لە خاکدان دەچێنرێت، بەڵام باشترین خاک بۆ بەرهەمهێنانی، خاکێکی تێکەڵەی لماویە کە دەوڵەمەند بێت بە ماددەی ئۆرگانەکان و بە باشی ئاوی خاکەکەی لێ‌ دەر بهاوێژرێت لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە خاکانە بڕێکی باش لە هەوا و ئاوی تێدا دەپارێزرێت و هەڵدەگیرێت، ئەمە دەبێتە هۆی هەواگۆڕکێ و دەرهاویشتنی ئاوی زیادە لە ناوچەی دەوروبەری ڕەگەکاندا.
كوردستانیش زه‌وییه‌كی به‌ پیت و به‌ره‌كه‌تی هه‌یه‌ و كه‌شوهه‌وایه‌كی زۆر له‌باری هه‌یه‌ بۆ كشتوكاڵ، هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ شوێنی كشتوكاڵ بووه‌ و وەک خاوەنى کارگەکەى دهۆک باسى کرد “ئێمه‌ی جووتیار دڵخۆش بووین به‌وه‌ی گرنگیدان به‌ كه‌رتی كشتوكاڵی و پیشه‌سازی و گه‌شتیاری یه‌كێكه‌ له‌ هێڵه‌ گشتییه‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیەم كه‌ ئه‌مه‌ هاندانه‌ بۆ بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵی و باشتر كاركردنی ئێمه‌ش له‌م بواره‌”.
“پڕۆژەی زانستیی تەکنیکیی کارگەى جووتیار”، بۆ بەرهەمهێنانى فینگەر و باشترکردنى بەرهەمى پەتاتە و دانانی ساردکەرەوە، بە هاوبەشی لەنێوان وەبەرهێنەرانی کوردستان و وڵاتی هۆڵەندا و بە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە بڕی نزیکەی ١٠ملیۆن دۆلار و یەکەمجارە لەسەر ئاستی عێراق جێبەجێ دەکرێت.
بەشار موشیر ئاغا خاوەنی پڕۆژەى پەتاتەکە لە دهۆک باسى لەوە کرد کە ئەوان ماوه‌ی دوانزه‌ ساڵه‌ له‌م بواره‌دا به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ جووتیاران و هه‌روه‌ها كۆمپانیا هۆڵه‌ندییه‌كان كار ده‌كه‌ن كه‌ له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ توانیویانه‌ ڕێژە‌ی به‌رهه‌م و چاندن له‌ هه‌رێمی كوردستان زۆر زیاد بكه‌ن، به‌ شێوه‌یه‌ك پێنج هێندەی پێداویستی ناوخۆ به‌رهه‌م بهێنن كه‌ له‌ ئێستا پێویستی ساڵانەی هەرێمی کوردستان بە پەتاتە نزیکەى ١٠٠هەزار تۆنە و‌ ئاستی بەرهەمهێنانیش نزیکەی ٥٠٠هەزار تۆنە، ئه‌م به‌رهه‌مه‌ زیادەیه‌ش‌ وای كرد كه‌ كێشه‌یه‌ك بۆ جووتیاران دروست ببێت ئه‌ویش ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌میان و به‌بازاڕكردنیان بوو.
تا تەواوبوونى ئەم پڕۆژەیە ساڵانه‌ به‌رهه‌مه‌كانی پەتاتەى کوردى بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم واتە ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق ڕەوانە دەکرا، بەڵام ئەم هەناردەکردنە زۆر جاران تووشى کێشە دەهات و بڕیارە سیاسى و کارەساتە سەربازییەکان کاریگەرى لەسەر فرۆشتن و ساغکردنەوەى ئەم بەرهەمە هەبوو لە کوردستان، بۆیە حکوومەت بڕیارى دروستکردنى کارگەى فینگەرى دا بۆ بەرهەمهێنانی فینگەر و چیپس؛ بەمەش بازرگانەکان ترسیان لە ساغکردنەوەى بەرهەمەکانیان نییە.
خاوەنى پڕۆژەکە باسى لەوە کرد کە پڕۆژەکەى‌ لەسەر ڕووبەری چلهەزار مەتر دووجا بە سەرمایەی ١٥ملیۆن دۆلار دروست دەکات و پێشوه‌خته‌ له‌ وه‌رزی چاندن گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ جووتیاران ده‌كه‌ن بۆ كڕینه‌وه‌ی به‌روبوومه‌كانیان و باسى لەوەش کرد کە‌ دروستكردن و به‌كارخستنی ئه‌م كارگه‌یه‌ هه‌لی كار بۆ زیاتر له‌ ٤٥٠ كرێكار دەڕەخسێنێت و به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆش زیاتر له‌ ٢٥هه‌زار كه‌س لێى سوودمه‌ند ده‌بن.
پڕۆژەکە به‌ پشتیوانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حكوومه‌تی هۆڵه‌ندا و به‌ هاوبه‌شیی ڕێكخراوی “گابی” كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ژینگه‌ و كشتوكاڵ، بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ پشتیوانى دەکرێت. تا ئێستا ٤٠%ى قۆناغه‌كانی پڕۆژە‌کە ته‌واو بووه‌ و هه‌موو ئامێره‌كانیش ئاماده‌ن و بۆ ساڵی ئایینده‌ ئه‌م كارگه‌یه‌ به ‌كار ده‌كه‌وێت.
بوونى ئەم کارگەیە هۆکارە بۆ ساغکردنەوەى بەرهەمى نێوخۆیی جواتیارانى کوردستان و ڕەخساندنى هەلى کار و هێشتنەوە و بەگەڕخستنى سەرمایەى نێوخۆیی لە نێو هەرێمى کوردستان.
پێشتر ساڵانه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی ناوخۆى هەرێمى کوردستان ٢٠٠ملیۆن دۆلار بۆ كڕینی په‌تاته‌ پێویست بوو کە ئەم بڕە پارەیە دەنێردرایە ده‌ره‌وه‌، بەڵام بە کارکەوتنى ئه‌م كارگه‌یه، لەگەڵ ئەوەى کە ئه‌و ٢٠٠ملیۆن دۆلار له‌ ناو هه‌رێمی كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌، بەڵکو دەشتوانرێت پارەى دیکە دەست بکەوێت لە هەناردەکردنى پەتاتەى زیاد لە پێویستى هەرێمى کوردستان.
شایانى باسە هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ ٣٥هه‌زار دۆنم زه‌وینی لێ دەکرێ به‌ په‌تاته‌؛ لە پارێزگاى دهۆکیشدا بە هەر سێ قه‌زای ئاكرێ و به‌رده‌ڕە‌ش و شێخان كه‌ ٢٥هه‌زار دۆنم زه‌وی ‌په‌تاته‌ی لێ ده‌چێندرێت، سوودمەندى سەرەکى دەبن لە بەرنامەى پشتیوانیکردن و پەرەپێدانى کەرتى کشتوکاڵى حکومەتى هەرێمى کوردستان، چونکە بە پێى قسەى خاوەنى پڕۆژەکە له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا ئه‌م كارگه‌یه‌ ٤٠هه‌زار تۆن به‌رهه‌می په‌تاته‌ی جووتیاران وه‌رده‌گرێت و له‌ قۆناغی دووهەمیشدا دەکرێ به‌رهه‌می وه‌رگیراو بكرێته‌‌ دوو هێنده‌؛ واتە ٨٠هه‌زار تۆن كه‌ به‌مه‌ش ٨٠%ی به‌روبوومی جووتیاران له‌م ناوچه‌یه‌ وه‌رده‌گیرێت. بۆ دروستكرنی فینگه‌ر ئه‌گه‌ر ٤٠هه‌زار تۆنی په‌تاته‌ وه‌ربگیرێت ئه‌وا ٢٠هه‌زار تۆن فینگه‌ری لێ به‌رهه‌م دێت و ده‌بێته‌ داهاتێكی باش بۆ هه‌رێمی كوردستان.

ھەواڵی زیاتر