توركیا لەڕووی سامانی سروشتییەوە هەژارە، بەڵام یەكێكە لەو وڵاتانەی پێویستییەكی زۆری بە گازی سروشتی هەیە، ئەویش بۆ كارگە گەورەكانی و هەروەها بۆ دابینكردنی كارەبا و خۆگەرمكردنەوەی هاووڵاتیانی لە زستاندا.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی وەزارەتی وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، توركیا ساڵانە پێویستی بە 50ملیار پێ سێجا گازی سروشتی هەیە، كە 60%ی لە رووسیا دەكڕێت و ئەوی تریش لە ئێران و ئازەربێجان.
ساڵانە توركیا بەگوژمەی 12ملیار دۆلار گازی سروشتی دەكڕێت، بەڵام بۆ 2022 ئەو رێژەیە بەرز دەبێتەوە، چونكە نرخی گازی سروشتی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە.
كەواتە توركیا بە هەموو شێوەیەك پێویستیی بەگازی سروشتییە و بۆ ئەمەشیان بەدوای ئەو گازەدا دەگەڕێت كە تێچووی كەم بێت.
چوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، یەكێك لە تەوەرەكان باس كردن بووە لە چۆنییەتی كڕینی گازی سروشتی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەردۆغان دووپاتی كردووەتەوە، ئەگەر پێویست بێت ئەو گازە دەكڕن، بەڵام تاوەكوو ئێستا توركیا كێشەی كڕینی گازی سروشتیی نەبووە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، هەرێمی كوردستان، رۆژانە نزیكەی 250ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش تەنیا بۆ پڕكردنەوەی بەرهەمی ناوەخۆیە، بەڵام دانا گاز رایگەیاندووە، كە لە داهاتوویەكی نزیك ئەو رێژەیە بۆ 500ملیۆن پێ سێجا و پاشان بۆ ١ملیار پێ سێجا بەرز دەكەنەوە، كەواتە دەبێت هەرێمی كوردستان بازاڕێك بۆ فرۆشتنی ئەو گازەی بدۆزێتەوە.
تاكە رێگە كە هەرێمی كوردستان، گازی سروشتی خۆی لێ ساغ بكاتەوە توركیایە، خۆ ئەگەر توركیاش پێویستیی بەو گازەی هەرێمی كوردستان نەبێت، بەڵام دەبێتە هۆكار تا بەخاكی ئەودا تێپەڕ ببێت و بۆ بازاڕەكانی ئەورووپا بچێت.
گوتەیەك هەیە، زۆرجار ئابووریناسان دوپاتی دەكەنەوە “گرنگ نییە نەوت یان گازی سروشتیت هەبێت، ئەوەی گرنگە چۆن بتوانیت بازاڕ بۆ نەوت و گاز بدۆزیتەوە و رێگەیەك بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی رەوانەی بازاڕەكانی جیهانی بكەیت”.
ئەگەر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، توانیبێتی بڕوا بە توركیا بكات، تا گازی سروشتی هەرێمی كوردستان بكڕێت، یاخود لە رێگەی توركیا رەوانەی ئەورووپا بكرێت، ئەمە سەركەوتنێكی گەورەی حكوومەتی هەرێمە و دەبێت چەپڵەی بۆ لێ بدرێت، چونكە رێك گوتەی ئابووریناسەكان جێبەجێ دەكات، بەوەی بازاڕ بۆ گازی سروشتی هەرێم بدۆزێتەوە، یاخود رێگەیەك بدۆزێتەوە بۆ رەوانەكردنی ئەو گازە.
توركیا ساڵانە پێویستی بە 50ملیار پێ سێجا گازی سروشتی هەیە، ئەگەر بەسەر مانگەكاندا دابەشی بكەین، نزیكەی مانگانە پێویستی بە چوار ملیار پێ سێجایە.
ئەگەر دانا گاز بتوانێت، رێژەی بەرهەمهێنان بۆ یەك ملیار پێ سێجا بەرز بكاتەوە، كەواتە گازی سروستی هەرێمی كوردستان، بەشی ئەوە دەكات بۆ پڕكردنەوەی ناوەخۆی هەرێم بەكاربهێنرێت و بە توركیا و ئەورووپاشی بفرۆشێت.
بۆیە سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ هەرێمی كوردستان، كە بتوانێت گازی سروشتی خۆی بگەیەنێتە بازاڕەكانی ئەورووپا و بۆ ئەمەشیان توركیا بەكار بهێنێت.
ئایدن سەلجەن، سەركونسوڵی پێشووی توركیا لە هەولێر، لە كتێبێكدا كە باس لە یادەوەرییەكانی خۆی دەكات لە هەولێر، لە وەسفی “نێچێرڤان بارزانی” سەرۆكی هەرێمی كوردستانـدا دەڵێت : ” نێچیرڤان بارزانی، پیاوی كەس نییە و پیاوی خۆیەتی“. ئەم گوتەیە دەریدەخات، كە هەرێمی كوردستان بەدوای بەرژەوەندی ئابووری خۆیدا دەگەڕێت و بۆ ئەمەشیان لەڕووی دیبلۆماسییەوە زیرەكانە لە توركیا نزیك بووەتەوە.