ئەندامێکی بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی مشتومڕەکانی بەرزکردنەوە یاخود نزمکردنەوەی نرخی دۆلار ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، لەئێستادا هیچ ئەگەرێک بۆ ئەو هەنگاوە نییە و نرخی دۆلار وەک خۆی دەمێنێتەوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندیی عێراق (شەممە 12-2-2022) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “نرخی دۆلار بەرامبەر دینار وەک خۆی دەمێنێتەوە و هەر دەنگۆیەک کە بڵاودەکرێتەوە سەبارەت بەرزکردنەوە یان نزمکردنەوەی دۆلار تەنها پڕوپاگەندەی کەسانێکن و هیچ ڕاستییەکیان تێدا نییە.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “دۆخەکە لەسەر نرخی نەوت ڕێکدەخرێت، بەڵام نامانەوێت پەلە بکەین لەو بابەتەدا و ئێستا هەموو شتێک جێگیرە.”
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندیی عێراق جەختیشیکردووەتەوە، لەم کاتەدا نزیک و دوور هیچ ئەگەرێک بۆ گۆڕانکاریی لە نرخی دۆلاردا نییە.”
پێشتر دەنگۆیەک هەبوو کە بانکی ناوەندی نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 150 هەزار دینار جێگیر دەکات.