شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

نرخی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە 

رۆژی هەینی، 11-2-2022 نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت زیاتر لە سێ دۆلار بەرزبووەوە و بە 94 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساس گەیشتە 93 دۆلار و 55 سەنت. 

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پەیوەندیی بە کێشە جیۆسیاسییەکان و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیاوە هەیە و ترسی روودانی شەڕ هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە. 

ئەگەرچی لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی نەوت بەرەو دابەزین دەڕۆیشت و لە نزیکەی 94 دۆلارەوە گەیشتە 91 دۆلار، بەڵام لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لە سەروو 91 دۆلاردا جێگیرببوو. 

نرخی نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساس بە تۆمارکردنی ئەو نرخە گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ساڵی 2014ـە و لە 30 رۆژی رابردووشدا نزیکەی 10 دۆلار بەرزبووەتەوە. 

بانکی جەی پی مۆرگان، سەرەتای ئەم هەفتەیە ئاماژەی بەوە کرد، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت رەنگە “بەئاسانی” بگاتە 120 دۆلار ئەگەر رووسیا ئۆکراینا داگیربکات و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دیکەی سزا بەسەر کەرتی نەوت و گازی رووسیادا بسەپێنن. 

پێشتر پێشکەوتنی دانووستاندنەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 و ئەگەری گەڕانەوەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەپێی شرۆڤەکاران، هۆکارێکی دابەزینی نرخەکانی نەوت بوو.