بۆ زێڕ گرنگترین ماددەیە؟

زێڕ کانزایەکی هەرە پڕبەهاتر و دەگمەنە؛ لە بواری جوانکاریدا بەکار دەهێنرێت و بە کۆڵەکەی ئابووریی وڵاتان دادەنرێت.

بەپێی داتا جیهانییەکان، ئێستا وڵاتی چین لە لوتکەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری زێڕدایە و بە یەکەم وڵات دادەنرێت لە روی زۆری بەرهەمێنانەوە دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٧دا بۆ یەکەمجار توانیی پێش ئەفریقای باشوور بکەوێت کە ساڵانێکی زۆر لە پلەی یەکەمدا بووە. ئەنجوومەنی جیھانیی زێڕ بڵاوی کردەوە، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا، چین زۆرترین زێڕی بەرھەم ھێناوە، کە ١١%ـی کۆی گشتی بەرھەمھێنانی جیھانە. هەروەها ئاماژەشیان بەوە کرد کە وڵاتی ئەفریقیای باشوور لە ساڵانی ١٩٧٠ و ساڵانی دواتریش لوتکەی بەرهەمهێنانی زێڕ بووە بەڵام دوایی بەجۆرێک بە پاش کەوتووە کەساڵی ڕابردوو تەنانەت لە ڕیزی دە وڵاتە پێشەنگەکەی جیهانیشدا نەبوو.
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە بە جۆرێک کەمترین نرخی زێڕ کە لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا لە هەرێم تۆمارکرابێت بۆ یەک مسقاڵ زێڕی عەیاری ٢١، نزیکەی ١٩٠ هەزار دینار بووە و بەرزترین نرخیش ٤٠٥ هەزار دینار بووە.
شارەزایانی بوارەکە ئاماژە بەوەدەکەن کە بۆرسەی جیهانی نرخی زێڕ دیاری دەکەن بەڵام تا ڕاددەیەکی زۆر بەرزی و نزمی نرخەکان پەیوەندیدارن بە ڕوداوە جیھانییەکانەوە؛ بۆ نمونە لەکاتی ئاشتی و سەقامگیریدا نرخی زێڕ ئاساییە و جێگیرە بەڵام لە کاتی ڕوودانی هەر ڕوداوێکی نەخوازراودا ڕاستەوخۆ نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە بۆ نموونە لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنادانرخی زێڕ راستەوخۆ بەرزبووەوەو تاوکو ئێستاش بە هۆی بەردەوامبوونی پەتایەکە لەسەرتاسەری جیهاندا نرخی زێڕ لەبەرزیدایە.
هەروەها، ھەندێ جار ھەندێ وڵات، ھاوردەکردنی زێڕ قەدەغە دەکا، ئەوەش وا دەکا زێڕ لەو وڵاتە بەرز بێتەوە، جگە لەمانەش، بەزیادبوونی خواست لەسەر زێڕ، نرخەکەی بەرز دەبێتەوە. بەدەر لەو ھۆکارانەش، زۆر جار بەپێچەوانەی بەھای دۆلار، نرخی زێڕ بەرز و نزم دەبێتەوە. بڕیارەکانی بانکی جیھانیش کاریگەرییان لەسەر ھەڵبەزودابەزی نرخی زێڕ دەبێ.
یەکەی پێوانەی زێڕ لە جیھاندا ئۆنسەیە، کە یەک ئۆنسە یەکسانە بە ٣١. ١٠٣٤٧٦٨ گرام، کە ئۆنسە ماددە خاوەکەیە و ھەموو پێوانە و عەیارە جیاوازەکانی زێڕی وەکوو١٨ و ٢١ و ٢٤ لێ دەردەکرێ، بەڵام لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان، پێوانەی زێڕ بە مسقاڵە و ھەر مسقاڵێک ٥ گرام زێڕە، ئەو پێوانەیە بۆ فرۆشتنی زێڕ، تەنیا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق کاری پێ دەکرێ و لە وڵاتانی دەوروبەر ھەر بە گرام دەفرۆشرێ.
یەکەی پێوانەی زێڕ:
١ ئۆنسە ٣١. ١٠٣٤ گرامە
١گرام ٥ حەببەیە
١ حەببە ٢٠٠ سەنتە؛
١٠٠٠ سەنت (١ گرام)
واتە ٥ حەببە ١ گرامە؛
٥ گرام زێڕ ١ مسقاڵە؛
٢٠٠ مسقاڵ ١٠٠٠گرامە واتە (١کیلۆ)
لێرەدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە بۆچی زێڕ لە تەواوی دنیادا لەھەموو کانزایەکی دیکە زیاتر گرنگی پێ دەدرێت ؟!
زێڕ بۆ راگرتنی بڵانسی دراوی هه‌ر وڵاتیك له‌ بانكی نێوده‌وڵه‌تی داده‌نرێت، به‌ڵام گرنگی زێڕ لەوەدایە کە ماده‌یه‌كی زۆر به‌هێزه‌ کە ھیچ شتێک کاری تێناکات و لە ھەموو بارودۆخێکدا وەک و خۆی دەمێنێتەوە چونکە به‌رگه‌ی پلەی گه‌رمی و ساردی زۆر بەرز دەگرێت و تەنانەت بە سوتانیش تێکناچێت، بۆیه‌ له‌ زۆربه‌ی ئامێرەکان به‌شێكیان له‌ زێڕو ئاڵتون دروستدەکرێن وه‌كو مانگی ده‌ستكرد، كۆمپیوته‌ر، كاتژمێره‌ گرانبه‌هاكان، له‌ شوێنی گرنگی ناو كه‌رسته‌ ئه‌لكترۆنییه‌كان، له‌ناو بزوێنه‌ره‌كان و لە رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌كان.

ھەواڵی زیاتر