كارزان گلی – ههولێر
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، باس لە پارەی یەدەگی توركیا دەكات و دەڵێت گەیشتووەتە ئاستێكی زۆر باش و مایەی دڵخۆشییە. بەڵام سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، دەڵێت ئەو پارەیەی ئەردۆغان باسی دەكات، پارەی توركیا نییە.
ئەردۆغان، لە دیمانەیەكدا باس لە گرنگی پارەی یەدەگی توركیا دەكات و دەڵێت گەیشتووەتە ١١٥ملیار دۆلار.
ئەردۆغان دەڵێت: ”كەمترین پارەی یەدەگی توركیا لە ٢٠٢٠ بوو، كە گەیشتبووە ٨١٣ملیار و ٥١٧ملیۆن دۆلاری ئەمریكی. بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە ئاستێكی زۆر باش و بۆ ١١٩ملیار دۆلار بەرز بووەتەوە“.
لە مانگی هەشتی ئەمساڵدا، بانكی مەركەزی توركیا بڵاوی كردەوە، كە پارەی یەدەگی توركیا ١٠٩ملیار دۆلارە. بە گوێرەی گوتەی ئەردۆغان بێت، لە ماوەی سێ مانگدا ئەو رێژەیەیان بۆ ١١٥ملیار دۆلار بەرز كردووەتەوە.
كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، دەڵێت ئەو پارەی ئەردۆغان باسی دەكات، پارەی توركیا نییە.
كلیچدارئۆغڵو، لە وتارێكدا باس لەوە دەكات، كە ئەو ١١٥ملیار دۆلارەی باس دەكرێت وەكوو یەدەگ، پارەی توركیا نییە، بەڵكوو پارەی قەتەڕ و كۆریا و بانكی دراوی نێودەوڵەتییە و توركیا لێیانی قەرز كردووە.
كلیچدارئۆغڵو دەڵێت: ”پارەی یەدەگی توركیا ٥٣ملیار و ٢٠٠ملیۆن دۆلارە و لە خەڵكی دەشارنەوە، دەبێت لەگەڵ خەڵكدا راستگۆ بین و راستیان پێ بڵێین“.
لەلای خۆشییەوە، عەلی باجان، سەرۆكی پارتی دەوا لە توركیا، پێیوایە ئەردۆغان بە نهێنی دەستی بۆ پارەی یەدەگی توركیا بردووە.
باباجان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر دەنووسێت، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠١٩، بە نهێنی پارەی یەدەگی توركیایان فرۆشت و بەكاریان هێنا، لە ئەنجامدا بۆرسەی توركیایان تەقاندەوە و ١٣٠ملیار دۆلاریشیان سوتاند.
باباجان دەنووسێت: ”بە هۆی ئەوەی دەستیان بۆ پارەی یەدەگی وڵات برد، بۆیە لەو هەڵبژاردنەدا شارەوانی شارە گەورە و گرنگەكانی توركیایان لە دەستدا“.
باباجان پێیوایە، بەرزبوونەوەی بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار كاتییە، چونكە بە نهێنی پارەی یەدەگی توركیا بەكاردەهێنن تا بتوانن لە هەڵبژاردندا سەركەوتوو بن.
ئەردۆغان و حكوومەتەكەی، ئامانجیانە بەهای لیرەی توركی زیاتر بەرز بكەنەوە، بە جۆرێك، یەك دۆلار ببێتە ٩ لیرەی توركی، هەروەها نرخی هەموو شتێكیش لە توركیا بهێننە خوارەوە.
چاودێرانی ئابووری توركیا پێیان وایە، پلانە ئابوورییەكەی ئەردۆغان هیچ كاریگەرییەكی درێژخایەنی نابێت، بەڵكوو كاتییە و دووبارە لیرە بەهای خۆی لەدەست دەداتەوە.
لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار، بەهای خۆی بە شێوەیەك لە دەستدا، كە یەك دۆلار گەیستە ١٨ لیرە، بەڵام ئەردۆغان لە كۆبوونەوەیەكی بە پەلەدا، توانیی پلانێكی تازەی ئابووری رابگەیەنێت و بەمەش لیرەی توركی سەدا٥٠ بەهای بەرز بووەوە و یەك دۆلار گەیشتە ١١ لیرە.