هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

دابەزینی بەهای لیرەی توركیا كاری کردووەتە سەر رۆژئاوای كوردستان

دابەزینی بەهای لیرەی توركیا بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكا، تەنیا كاریگەری خراپی لەسەر رەوشی ئابووری هاووڵاتیانی توركیا دروست نەكردووە، بەڵكو ئەو شارە كوردیانەی كە لە رۆژئاوای كوردستان، توركیا داگیری كردوون و لەڕووی ئیدارەوە لەژێر ركێفی توركیان، حاڵیان پەرێشانە و گرانی رووی تێكردوون.

ئەلباب، كە چەند ساڵێك لەمەوبەر توركیا داگیری كرد، لەڕووی ئیداری و سیستەمی مووچەوە لەژێر ركێفی توركیایە. محەمەد ئەلدەبەك، مامۆستا لەو شارە، دەڵێت مووچەكەی بە هۆی دابەزینی بەهای لیرەی توركیاوە، دوو لەسەر سێی بایەخی نەماوە.
محەمەد، لە لێدوانێكیدا بۆ “هەولێر”، باس لە خراپی رەوشی ئابووری خەڵك دەكات، بە هۆی دابەزینی بەهای لیرەی توركی.
ئەو دەڵێت: “لە ساڵی ٢٠١٧، مووچەكەم وەكو مامۆستا، ١٦٠ دۆلاری ئەمریكی بووە، واتە مووچەكەم بە لیرەی توركی بووە، بەڵام بیكەیتە دۆلار ١٦٠ دەكات، بەڵام ئێستا بە هۆی دابەزینی بەهای لیرەی توركی، مووچەكەم بۆ ٥٠ دۆلار دابەزیوە و ناتوانم كرێی خانووەكەشم بدەم“.
جیا لە محەمەد، بەشێكی زۆری مامۆستا و ئەوانەی فەرمانبەرن و مووچە لە حكوومەتی توركیا وەردەگرن، ناچارن لە دوای دەوامی فەرمی حكوومی، بە دوای كاری تردا بگەڕێن، تا بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بكەن.
زۆربەی بەرهەمی عەفرین و ئەلباب و ئەو شوێنانەی لە ژێر ركێفی توركیایە، لە توركیاوە دێت، بۆیە نرخەكەی زۆر گران بووە.
خەڵكی عەفرین و ئەوانەی مووچەكەیان بە لیرەی توركییە، هەمان حاڵی فەرمانبەر و مامۆستای ئەلبابیان هەیە و بارودۆخی ژیان لەوپەڕی خراپیدایە.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاوی كردووە، لە ناوچەكە، كە مەبەستی ئەو بەشەی رۆژئاوای كوردستانە كە توركیا داگیری كردووە و هەروەها چەند شارێكی تری سووریا، ئەگەر ٩٧٪ی خەڵكەكە كاری هەبێت، بەڵام ژیانیان كولەمەرگییە و ناتوانن بەو داهاتەی وەریدەگرن بژین و بەشی ژیانیان ناكات و بە هەژارییەكی سەختدا تێپەڕ دەبن.
یوسف قامیشلی، لە هەولێر دوكانی سەرتاشخانەی هەیە و خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە. ئەو تایبەت بۆ “هەولێر” قسەی كرد و گوتی: “ماڵی مامم لە عەفریندا دەژین، رۆژانە پەیوەندی بەیەكەوە دەكەین و باس لە خراپی رەوشی ئابووری خۆیان دەكەن. لە عەفرین، تەنانەت دەرمان لە دەرمانخانەكاندا زۆر بە زەحمەت دەست دەكەوێت و ئەگەر دەستیشت بكەوێت، دەبێت پارەیەكی یەكجار زۆر بدەیت“.
بەگوێرەی گوتەی یوسف، ئێستا خەڵكی عەفرین لە حاڵێكدان، كە ئەگەر شەوان بچنە ناو جێگە و سكیان برسی نەبێت، ئەو شەوە خۆشترین شەویان دەبێت، چونكە زۆربەی شەوەكان تێر نین و بە جۆرێك پەرێشانن، داهاتی مانگانەیان بەشی تەنیا ١٠ رۆژیان دەكات.
یوسف و چەندین كوردی تری رۆژئاوای كوردستان كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، مانگانە پارە بۆ كەسوكاریان دەنێرنەوە، چونكە ئەگەر پارەیان بۆ نەنێرنەوە، برسییەتی هەراسانیان دەكات و ژیانیان بە تەواوی لێ دەبێت بە كابووس.