نرخی سەموونێک بووەتە چوار لیرە؛ سێ هەندی جاران!

كارزان گلی – هه‌ولێر

دابەزینی بەهای لیرەی توركیا و گرانبوونی نرخی خۆراك بە هەموو جۆرەكانیەوە، هەڕەشەیەكی گەورەیە لەسەر باكووری كوردستان، بەتایبەت ئامەد. نەداری و برسییەتی بە جۆرێك سەری هەڵداوە، هاووڵاتیان موحتاجی نانەوشكەن بۆ ئەوەی منداڵیان بە سكی برسییەوە سەر نەکەنە سەر سەرین.

لە گەڕەكی فورات لە ناوچەی كاییپنار، یوسف ناوێك كە لە سەموونخانەیەك كار دەكات و قسەی بۆ ”هەولێر“ كرد، كە بەناو ئەو خەڵكەدا گەڕاوە و دەردەسەری و نەبوونی خەڵكەكە باس دەكات.
یوسف ئاماژە دەدات، شارەكە گەیشتووەتە حاڵێك، هاووڵاتیان ناتوانن سەموون بۆ ماڵەوەیان بكڕن، بۆیە سەموونخانەكان خێریان نەماوە و هیچ قازانجێك لە كارەكەیاندا ناكەن.
پێشتر یوسف لە دووكانەكەیدا، رۆژانە 450 سەموونی دەفرۆشت، بەڵام ئێستا بۆ 220 سەموون دابەزیوە، چونكە هاووڵاتیان لەبەر گرانی نرخەكەی ناتوانن سەموون بكڕن و نرخی یەك سەموون گەیشتووەتە چوار لیرە، كە پێشتر لیرە و نیوێك بوو.
یەكێك لە ئافرەتاكانی گەڕەكی فورات كە خاوەنی چوار منداڵە دەڵێت: ”ئەگەر رۆژانە سەموون بكڕم، دەبێت 50 لیرە دابنێم، لە كاتێكدا مووچەی مانگانەی پیاوەكەم كە خاوەن پێداویستی تایبەتە و مانگانەكەی ١٢٠٠ لیرەیە“.
ئێستا لە زۆربەی گەڕەكەكانی ئامەد، هاووڵاتیان لەبەر گرانیی نرخی سەموون، ئارد دەكڕن و لە ماڵەوە دەیكەن بە هەویر و دەیبەن بۆ سەموونخانە تا بۆیانی ببرژێنن، بەمەش نرخی سەمونێك لیرە و نیوێك دەكەوێت.
لە گەڕەكی باغجیللەر لە ناوچەی باغلەری سەر بە ئامەد، لە بازاڕی ژنان، ئەو كەسانەی كە لەسەر عارەبانە میوە و سمیت و چەرەز دەفرۆشن، ئێستا بێكارن و ناتوانن ئێواران پارەیەك ببەنەوە ماڵەوە كە بەشی ژیان و ماڵ و منداڵیان بكات.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ”هەولێر“، ئەوانەی دێنە ئەو بازاڕە، تەنیا یەك دوو شت دەكڕن و دەڕۆن، هەندێك جار لەبەر گرانی نرخەكەی ئەویش ناكڕن و بازاڕەكە جێ دەهێڵن.
یەكێك لەو ئافرەتانەی بۆ كڕینی خۆراك هاتووەتە ئەو بازاڕە دەڵێت: ”پێشتر كە دەهاتمە ئەم بازاڕە، بە 100 لیرە ئەو خۆراكانەم دەكڕی كە پێویست بوون و بەبێ كێشە هەفتەیەك پێی دەژیاین، بەڵام ئێستا ئەو شتانەی بە 100 لیرە دەمكڕی بووەتە 300 لیرە و زیاتریش. خۆزگە رۆژێك دەهات و ئەوانەی لەسەر ترۆپكن و چاویان ئێمە نابینێت، دەهاتنە شوێنی ئێمە تا لە ئازارەكانمان تێگەیشتبانە و دەیانزانی لە ژیانێكی چەندە زەحمەتداین“.
گوللەر دووكانی فرۆشتنی پیاز و پەتاتەی هەیە، ئەویش وەكو كڕیارەكان بەگلەییە و دەڵێت مشتەریمان نییە و ژیانمان سەفالەتە.
ئەو دەڵێت: ”نرخی یەك كیلۆ پەتاتە لە یەك لیرەوە بۆ پێنج لیرە بەرز بووەتەوە، پێشتر مشتەرییەكانمان چوار كیلۆیان دەكڕێ و ئێستا بە زۆری تا كیلۆ و نیوێك دەكڕن“.

حەمباڵ هەیە رۆژانە 100 تەن بار هەڵدەگرێت بە 40 لیرە
هەر لە باغلەر، 10 حەمباڵ چاوەڕێی كارن و كەس نییە بانگیان بكات تا بارێك هەڵگرن و نانێك بۆ ماڵەوە ببەنەوە.
حەمباڵ هەیە 15 رۆژە هیچ كارێكی بۆ نەبووە و یەك دیناری نەبردووەتەوە ماڵەوە. لە بەیانیان تا شەشی ئێوارە، بە هاوین و زستان وەستاون بۆ كار، هیچ كاتێك ئەوەندەی ئێستا بێكار نەکەوتوونە.
بە گوێرەی گوتەی حەسەن چیفتچیەر، كە دووکانی بۆریچیاتیی هەیە، حەمباڵ هەیە، رۆژانە 100 تەن بار هەڵدەگرێت بە 40 لیرە، ئەگەر نەبوونی نەبێت و بێكاری نەبێت چۆن بەو شێوەیە خۆی ماندوو دەكات.
رەمەزان، یەكێكە لەو حەمباڵانەی كە 25 ساڵە لەم شوێنە حەمباڵی دەكات و دەڵێت: ”بە جۆرێك هەژار بووین، ئیدی موحتاجی نانەوشكەین“.
رەمەزان باس لەوە دەكات، پێشتر خەڵك دەهات، یەك تەنەكە رۆن و یەك فەردە ئاردی دەكڕی و ئێمەش بۆیمان بار دەكرد، بەڵام ئێستا لەبەر گرانیی ئارد و رۆن كەس نایەت بۆ كڕین و ئێمەش بێكار و برسی ماوینەتەوە.
رەمەزان یەك مانگ دەبێت، بە دەستی بەتاڵ، دەچێتە ماڵەوە.

هاووڵاتیان ئیتر پێڵاویش بۆیاغ ناكەن
حاجی چاپان، لە بەردەم یەكێك لە دووکانەكانی باغلەر پێڵاو بۆیاغ دەكات، بەڵام هاووڵاتیان لەبەر بێپارەیی پێڵاوەكانیان بۆیاغ ناكەن و ئەویش بێكار ماوەتەوە.
چاپان، وەكوو ئەوەی خۆی باسی دەكات، ماوەیەك بەر لە ئێستا نەشتەرگەری بۆ هاوسەرەكەی كردووە و گیانی لەدەستداوە، بەڵام 13هەزار لیرەی نەخۆشخانە قەرزارە و دەبێت بیداتەوە، بۆیە دەڵێت پرسەشم بۆ هاوسەرەكەم دانەنا و هاتم بۆ كاركردن و پێڵاو بۆیاغ بكەم، بەڵام بەداخەوە ئەم قەیرانە ئابوورییە وای لە خەڵك كردووە، پارەی پێڵاوبۆیاغكردنیشیان پێ نییە.

ھەواڵی زیاتر