هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

وەزارەتی دارایی: 200 ملیار دینارەکە گەیشت

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 200 ملیار دینار به‌پێی رێكه‌وتنی هه‌رێم-به‌غدا گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان.

وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: “پاش دواكه‌وتنی بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 2021/12/20، کاتژمێر 12:30 خولەک، بڕی 200 ملیار دینار به‌پێی رێكه‌وتنی هه‌رێم-به‌غدا گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان”.

بەهۆی دواکەوتنی ئەو بڕە پارەیە ئەم مانگە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە سستی دابەشکرا. رۆژی 18/12/2021،  وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: “بەداخەوە وەزارەتی دارایی عێراق (200 ملیار)  دینارەکەی کە وەک سلفە بۆ تەواوکاری دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەکاردەهێنرا، هەرچەنده بەپێی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵی ساڵی (2021) دەبوو لەو بڕە زیاتری  بناردایە، بەڵام بۆ مانگی (2021/11) تا ئەمرۆ (2021/12/18) ئەو بڕەشی نەناردووە، بۆیە دابەشکردنی مووچە تا رادەیەک خاوبووەتەوە”.

وەزارەتی دارایی راشیگەیاندبوو، بۆ ئەوەی زیاتر دابەشکردنی مووچەی هەندێک وەزارەت و دامەزراوە دوانەکەوێت “بڕیارماندا لە داهاتی مانگی (2021/12) خەرج بکرێت”.