ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
كۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسیا پلانیان هەیە ساڵی دابێتەوە بیرێكی تازەی نەوت لە كێڵگەی سەرقەڵای گەرمیان هەڵكۆڵن.
سێرگەی پێترۆف، بەڕێوەبەری كۆمپانیای گازپرۆم نەفت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ ماڵپەری”ئنیرجی ئنتلیجنس ئاماژەی بەوە داوە كە دوای تەواوبوونی بیری چوارەم، بڕیار وایە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢ەوە دەست بكرێت بە هەڵكۆڵینی بیری پێنج لە نەوتەڵانی سەرقەڵا لە هەرێمی كوردستان.
بەڕێوەبەری كۆمپانیای گازپرۆم، ئەوەشی خستە ڕوو: “بە پێی ئەو پلانەی كە دانراوە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ كارەكانی ئەو بیرە تازە بە تەواوەتی كۆتایی دێ.
هەر لە قسەكانی سێرگەی پێترۆف، ئەوەش خراوەتە ڕوو، پێشبینی دەكرێت كە بەرهەمی بیری پێنجەم لە رۆژێكدا حەفت هەشت هەزار بەرمیل نەوت بێت
هەروەها دەشڵێت: “سەبارەت به نەوتی شاكال لە هەرێمی كوردستان، كە كۆمپانیای گازپرۆم كاری لەسەر دەكات، ئەو كۆمپانیایە هەموو توێژینەوه و شیكاریە پێویستەكانی زانیارییە جیۆلۆجی لەبارەی نەوتی ئەو شوێنە تەواو كردووە و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، كە نەوتی ئەو ناوچەیە بڕێكی یەكجار كەمە.
ئەو بڕیارەی گازپرۆمی رووسیا دوای سەردانەكەی میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی كوردستان هاتووە.
شایانی باسە گازپرۆم نەفت لە ساڵی ٢٠١١وە كە دەستیان بە بەرهەمهێنانی نەوت لە سەرقەڵای گەرمیان كردووە تاكو ئێستا بڕی دووملیۆن تۆن نەوتیان بەرهەم هێناوە.