بەنداوى ئیلیسوو کە دەکەوێتە سەر ڕووبارى دیجلە و سنوورى شارى مێردین و شڕناخى باکوورى کوردستان، چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا و بە شێوەیەکى فەرمى لە لایەن سەرکۆمارى تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کرایەوە و بڕیاریشە دواى ئەو بەنداوى جەزیرە هەر لە باکوورى کوردستان دروست بکرێت.
ئەو پڕۆژەیە بە ئامانجى بەرهەمهێنانى وزە و لە چوارچێوەى پڕۆژەى ڕۆژهەڵاتى باشوور (گاپ) ئەنجام دراوە کە بەردى بناغەکەى لە ساڵى ٢٠٠٨ى زایینى و لە لایەن خودى ئەردۆغانەوە دانرا. بەنداوەکە لە ساڵى ٢٠١٩ى زایینى کە ئاوى تێدا کۆکرایەوە و لە ١٩ گوڵانى ساڵى دواترى دەست بە بەرهەمهێنانى کارەباى لێ کرا، لەو کاتەوە تا ئێستا ٧.٣ ملیار کیلۆواتى لێ بەرهەم هێنراوە کە بەهاکەى دەکاتە ٢٦٢ ملیار دۆلار و ئەو وزەیەى کە بڕیارە لێى بەرهەم بهێنرێت دەکاتە ١٠% هەموو وزەى تورکیا و مەبەستى سەرەکى بەنداوەکەش بۆ بەرهەمهێنانى ٤.١٢ ملیار کیلۆوات وزەیە لە ساڵێکدا کە بەمەش ئابوورى تورکیا ٣٠٠ ملیۆن دۆلار قازانجى لێ دەکات.
ئەم بەنداوە لە ڕووى پانتایی و درێژییەوە گەورەترین بەنداوى دونیایە و لە نێو خودى تورکیاش لە دواى بەنداوەکانى ئەتاتورک و کاراکایا و کەبانێ بە مەزنترین و چوارەمین بەنداو هەژمار دەکرێت کە هەر چوار بەنداوەکە دەکەونە نێو باکوورى کوردستانەوە. بەرزییەکەى بەنداوى ئیلیسوو ١٣٥ مەتر و قەبارەکەشى ١٠.٦ ملیار سێجا و پانتاییەکەشى ٣٠٩ کیلۆمەتر دووجایە و بۆ دروستکردنیشى ٢ ملیار دۆلار وەک بودجە خەرج کراوە.
لە نێو بەنداوى ئیلیسووشدا چەندین باژێر و دوورگە و سلۆپى و شوێنى نیشتەجێبوون بە پانتایی ١٢١ هەزار هێکتار زەوی دروست دەکرێت کە شێوەیەکى مۆدێڕنى هەیە بۆ ڕاکێشانى گەشتیار بۆ ئەو ناوچە و وڵاتە و ئاوى بەنداوەکەش بەدەر لە بەرهەمهێنانى وزە دەتوانێت دەشتە کشتوکاڵییەکانى ناوچەکە دێراو بکات.
کاریگەرییە نەرێنییەکانى بەنداوەکە لەسەر باکوورى کوردستان:
بەنداوى ئیلیسوو کاریگەرى نەرێنى لەسەر ١٠٠ هەزار کەس و خەڵکى ناوچەکە دەبێت، چونکە خەڵکى ناوچەکە لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى دەژین و بە بوونى ئەم ئاوەش کارەکانیان لەدەست دەدەن و ناچارن شوێنەکانیان بەجێ بهێڵن و ڕووبکەنە شار و شارۆچکە تورکنشینەکان و بەمەش زمانەکەیان بکەوێتە بەر مەترسى لەبیرکردن و لەبیرچوونەوە.
پڕۆژەکە کاریگەرى لەسەر ١٩٩ گوندى باکوورى کوردستان دەبێت کە لەم ژمارەیە ٨٥ دانەیان بە تەواوى دەکەونە بن ئاو. هەر بە هۆى بەنداوى ئیلیسوو، لە شارى سێرتى باکوورى کوردستان ٢٠ هەزار کەس و لە شارى باتمان ٢٠ هەزار کەس و لە شارى دیاربەکر ١٠ هەزار کەس و لە شارى مێردین ٢٥٠٠ کەس و لە شڕناخ ٢٥٠٠ کەس ماڵ و حاڵ و ئەرز و کارى خۆى لەدەست دەدات کە بە هەموویەوە دەکاتە ٥٥ هەزار هاووڵاتى و شیمانەى ئەوەش کراوە کە ١٥ هەزاریان کۆچ دەکەن و دەربەدەر و قەلەندەر دەبن.
کاریگەرییە نەرێنییەکانى بەنداوەکە لەسەر مێژوو و جوگرافیاى ناوچەکە:
پڕۆژەى دروستکردنى بەنداوى ئیلیسوو هۆکارە بۆ بنئاوکەوتنى مێژوویەکى ١٢ هەزار ساڵە و یەکەمین شوێنى نیشتەجێبوونى مرۆڤ، چونکە بەنداوەکە ٢٨٩ شوێنەوارى مێژوویی کورد دەخاتە بن ئاوەوە کە لەبن پاراستنى یاسایی و بنما پارێزەرییەکانى یونسکۆ بوون.
وەک توێژەرانى مێژوویی و سیاسى دەڵێن، بەمەش بەشێک لە مێژووى کورد لە ناوچەکە دەسڕدرێتەوە و دەخرێتە بن ئاوەوە کە تا ئێستا و بە هەزاران بەدبەختى پارێزرابوو.
پڕۆژەى بەنداوى ئیلیسوو، ٤٠٠ کیلۆمەتر ڕووبار دەگرێتە خۆى کە ١٣٦ کیلۆمەترى ڕووبارى دیجلەیە و بەمەش ڕووبارەکە نامێنێت و دەبێتە گۆلاو.
بە پێى ڕاپۆرتى زانینگەى دیجلە، لە دەوروبەرى حەسەنکێف لە شارى باتمان، ٢٦٦ جۆرە گژوگیا و نەباتى تایبەت و ١٢٣ جۆر باڵندە بە هۆى ئەم بەنداوەوە لەنێو دەچن چونکە ئاوى ناوچەکە ئاوێکى سازگار و بەردەوام جووڵاوە بەڵام ئێستا دەبێتە گۆلاوى وەستاو و بەمەش ئاوهەواى ناوچەکە دەگۆڕێت و کاریگەرى لەسەر ژینگەى ئەو ناوچەیە دەبێت و بەمش نەخۆشیگەلێکى وەک هەپاتیت ئەى، سالمۆنەڵا و پارافۆ و ئامپل دزانتەر بڵاو دەبنەوە.
کاریگەرییە نەرێنییەکانى بەنداوەکە لەسەر عێراق
بە هۆى گەورەیی بەنداوى ئیلیسوو و گرتنەوەى ئاوى دیجلە، عێراق ڕووبەڕووى مەترسییەکى گەورەى کەم ئاوى و بیابانبوون دەبێتەوە و نەک هەر عێراق بگرە ئێران و سوریاش دەکەونە بەر مەترسییەکى گەورەوە.
پڕۆژەى بەنداوى ئیلیسوو لە دوورى ٤٥ کیلۆمەترى سنوورى سوریا و ٦٥ کیلۆمەترى سنوورى عێراق هەڵکەوتووە و بەدەر لەمەش تا ئێستا ٢٢ بەنداو لەسەر ڕووبارى دیجلە دروست کراون. ئەمانە هەمووى کاریگەرى نەرێنییان بووە لەسەر ئاوى عێراق و سوریا و بە درووستکردنى بەنداوى ئیلیسوو کاریگەرییەکە چەندین بەرامبەر دەبێتەوە و بە درووستکردنى بەنداوى جەزیرەش کە بڕیارە بەم زووانە کارى لەسەر بکرێت، ئیتر ئاوى دیجلە زۆر بە کەمى دەگاتە وڵاتانى عێراق و سوریا و توێژەرانى جیۆپۆلەتیک باسیان لەوە کردووە کە پاش ٢٠ ساڵى دیکە کێشەى گەورە بۆ خەڵکى سوریا و عێراق و تەنانەت ئێرانیش دروست دەبێت، چونکە سوریا و عێراق لەسەر هەردوو ڕووبارى دیجلە و فورات دەژین و کشتوکاڵ دەکەن و بە نەبوون و کەمبوونەوەى ئاوى ئەم دوو ڕووبارە ئەم وڵاتانە تووشى کێشەى بنەڕەتى دەبنەوە.
٩٨%ى ڕووبارى دیجلە و فورات لە نێو سنووری تورکیان و بە تەواوبوونى ئەو پڕۆژانەى وڵاتى تورکیا، ٤٣% کەم دەبن و ئاوەکەیان لە نێو تورکیە گل دەدرێتەوە، واتە ئەودەم کۆنتڕۆڵکردنى ئاوى ئەو دوو ڕووبارە لە لایەن تورکیاوە زۆر ئاسان دەبێت. قەبارەى بەنداوى ئیلیسوو ٦.١٠ ملیار مەترى سێجایە و ئاوى ڕووبارى دیجلە لە نو سنوورى تورکیا و عێراق ساڵانە ٢١ ملیار مەتر سێجایە. بەى پێى لێکدانەوە و قسەى سیاسییەکان، ئەنکەرە هەردوو ڕووبارى دیجلە و فورات وەک چەک دژى وڵاتان بەکار دەهێنێت. چونکە بە کەمکردنەوەى ئاوى فورات بەسەر ڕۆژئاواى کوردستان، کێشەیەکى ئینسانى گەورە دەخوڵقێت. ئاوى فورات بۆ یەکەم جار لە ساڵى ١٩٩٨ى زایینى دژ بە سوریە و بە تۆمەتى هاوکاریکردنى پەکەکە کەم کرایەوە. لە ساڵى ٢٠١٦ى زایینیش دژى ڕێڤەبەرى خۆسەر لە ڕۆژئاوا دووبارە کەم کرایەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێى پەیمانى سالى ١٩٨٧ى زایینى، دەبێت ئاوى فورات لە یەک چرکەدا ٥٠٠ مەترى سێجا لە تورکیا دەرباز ببێت کەچى تورکیا کەمى کردووەتەوە بۆ ٣٠٠ مەترى سێجا.
فاتیە یەڵدز باڵیۆزى تورکیا لە بەغدا، ساڵى ٢٠١٨ى زایینى ڕایگەیاند کە ئەو ئاوەى لە چرکەیەدا ٦٠ مەترى سێجا دەبێت بێتە عێراقەوە، زیادیان کردووە بۆ ٩٠ مەترسى سێجا و بەمەش ویستراوە بەغدا بەرامبەر بە دروستکردنى بەنداوى ئیلیسوو نەرم و هێور بکاتەوە.
ناڕازیبوونى ئیران بەرامبەر بە بەنداوى ئیلیسوو:
ئێرانیش هەروەک سوریا و عێراق زەرەرمەند دەبێت لە دروستکردنى بەنداوى ئیلیسوو و بەنداوەکانى دیکە. حەسەن ڕۆحانى سەرکۆمارەکەى پێشووى کۆمارى ئیسلامى، ئەو پڕۆژانەى تورکیاى بە هەنگاوێکى مەترسیدار زانى و ڕەخنەى لە تورکیە گرت.
ڕوحانى، گوتى وڵاتانى دراوسێ بە دروستکردنى ٢٢ بەنداو خەریکن ئاراستە و ئاوى ڕووبارى دیجلە دەگرنەوە و ئەمەش کاریگەرى نەک لەسەر عێراق بەڵکو لەسەر ئێرانیش دەبێت و ئێمە بێدەنگ نابین.
لە ساڵى ٢٠١٧ى زایینیش هاووڵاتییەکى زۆر نامەیەکیان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نارد بەرامبەر بە دروستکردنى بەنداوى ئیلیسوو و داوایان کرد کە پڕۆژەکە بوەستێنرێت. بەڵام بەرامبەر ئەم ناڕازیبوونةيان سولەیمان دەمرەلى، سەرکۆمارى پێشووى تورکیا لە ساڵى ١٩٩٢ى زایینى گوتى: “ئێمە مافى خۆمان لەسەر کانییەکانى خۆمان چیمان حەز لێ بێت بیکەین. ئاو ئاوى ئێمەیە، بیرە نەوتەکانیش هى ئەوانە. چۆن ئێمە ناتوانین بڵەین کە پەتڕۆڵەکەتان لەگەڵ ئێمە دابەش بکەن، بەو شێویە ئەوانیش ناتوانن قسە لەسەر ئاوى ئێمە بکەن.