ئارام كۆشكی – سلێمانی
پرسیار لەبارەی چییەتی نووسینەوە گەلێک پڕ کێشە و ئاڵۆزە. ئەوەی دەمانەوێت بنووسین کردەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو کردەیەکە دەمانەوێت زیادەیەک پێشکەش بکەین، کە ئەوانی تر ناتوانن ئەوە بکەن، بۆیە نووسین دەبێتە کردەیەکی داهێنەرانە. خۆ ئەگەر نووسینێک داهێنەرانە نەبێت و ئەو زیادەیە پێشکەشی کۆمەڵگە نەکات کەواتە کێشەیەک لە شوێنێکدا هەیە.
نزار قەببانی شاعیری سووری ئەوە دەخاتەڕوو کە “دەنووسم تا ئەو ژنە ڕزگار بکەم کە خۆشم دەوێت.” لای نزار نووسین دەبێتە دەرچەیەک بۆ ڕزگاربوون، بەڵام ڕزگاربوونێک لە کۆت و زنجیرەکانی کۆمەڵگە، کە ژن دەچەوسێننەوە و لێرەدا شاعیر دەبێتە ڕزگاری ڕەگەزەکەی تر، کە هەموان دەیچەوسێننەوە. نزاریش دەیەوێت زیادەیەک پێشکەشی کۆمەڵگە بکات و نووسین لای ئەو لەو ئەوپەڕی ڕۆمانسیەت و سۆزگەرایشدا دەبێتە دەرچەیەک بۆ ڕزگاریی مێینە. بێگومان هەندێکجار ڕەخنەی بەشێک لە بۆچوونەکانی ئەم شاعیرە گیراوە کە هەمان گوتاری باوی کۆمەڵگەی بەرهەم هێناوەتەوە، بەڵام قسەی ئێمە لەسەر ئەم ڕستەیەی سەرەوەیە و هەموو شیعرەکانیمان وەکو نموونە وەرنەگرتووە.
نووسین هونەری سەرگەرمی و سوودمەندبوونی ماددی نییە، بەڵکو دەشێ نووسین شەڕی مرۆڤ بێت سەلماندنی بوونی خۆی، یان هەوڵێک بێت بۆ دەربڕینی ئەو نەوتراوانەی بە قسە ناوترێن. نووسین لێرەدا جیاوازە لە “قسە”، بەڵکو هەمیشە زیادەیەکی هەیە، کە لە قسەی ئاساییدا ناوترێت. نووسین ئەگەر بەدیوێکدا هونەری خودنووسینەوە بێت، ئەوا بەدیوێکی دیکەدا هونەری ئەویترنووسینەوەیشە.
ئورهان پاموک لە وتارێکدا لە کتێبی “ڕەنگەکانی تر”دا ڕستەیەکی سەرنجڕاکێش دەنووسێت و کە لای من یەکێکە لە جوانترین ئەو ڕستانەی لەو کتێبەدایە لەوێدا دەنووسێت “نووسین؛ شێوازێکی تۆڵەسەندنە لەو ژیانەی نەژیاوین.” لە دواتردا زیاتر ئەمە ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت “تۆڵەیەک لەبارەی ئەو ویستانەی نەمتوانیوە لە ژیاندا بەدەستیان بهێنم، لە بەدەستهێنانیان ترساوم، بە ئاشکرا نەمتوانیوە داوایان بکەم، دواتر بەنووسین توانیومە بەدەستیان بهێنم.”
ئێمە دەنووسین و ئەمەش لەپێناو نووسەربووندا نییە، بەڵکو لەپێناو خودی (ژیان/نووسین) دایە. ئەوەی تەنها لەپێناو نووسەربووندا بنووسێت وەکو نیکۆس کازانتزاکیس ناویان دەنێت تەنها پێنووسبەدەستە و هیچی دیکە. کازانتزاکیس ڕەخنە لەو نووسەرانە دەگرێت، کە تەنها لەپێناو نووسیندا دەنووسن و ئەو بە پێنووسبەدەست ناویان دەبات، ئەمەش بۆ ئەوە دەکات تا لە نووسەر جیایان بکاتەوە. هەمان نووسەر لە جێگەیەکی دیکەدا بە “گەنەنووسەر” ناویان دەبا و پێیوایە دەبێت دۆزەخ بۆ هەندێک لەم پێنووسبەدەستانە هەبێت.
نووسین کردەیەکی داهێنەرانی ئارەزوومەندانەیە لەپێناو پێشکەشکردنی زیادەیەک/داهێنانێک بە کۆمەڵگەدا. لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕێگە تاریکەکانە و لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا بۆ نووسینەوەی ئەو پەراوێزانەیە کە چاوەکان لێی بێئاگان و کە دڵەکان هەستیان پێ ناکەن. ئەوەی لەنێو دونیای ڕۆشنبیریی کوردیدا جێگەی سەرنجە بەشی هەرە زۆری نووسەرانی کورد هێ؛دەی خەمی نووسەربوونیانە هێندە خەمی نووسین/داهێنان-یان نییە، بەشێک لە نووسەران/شاعیران هیچ ئاشناییەکی سەرەتایشان بە داهێنان و ئەو جیهانە نییە کە تێیدا دەنووسن. هونەری نووسین بەتەنها بە بوونی خەمێکی گشتی بەرهەم نایەت، بەڵکو پێویستی بە خەمی مەعریفی و کەڵکەڵەی بوونگەریانە هەیە. تا مرۆڤ بەدوای پرسیارە گەورەکانی ژیانەوە نەبێت ناتوانێت داهێنەرانە نووسین بەرهەم بهێنێت. کێشەی بەشی زۆری نووسەر و ڕۆشنبیی کورد ئەوەیە هیچ پرسیارێکی لە دونیا نییە، تەنها نووسین وەکو وەسیلەیەکی سەرگەرمی بەکاردەهێنێت نەک وەکو کردەیەکی داهێنەرانە. لەکاتێکدا نووسەری ڕاستەقینە نووسین لای خەم و کردەیەکی داهێنەرانەیە و نووسەربوون ئامانج نییە، نووسین/داهێنان ئامانجەکەیە.

