رۆژنامەی ھەولێر

یۆرگن هابەرماس فەیلەسووف و کۆمەڵناسی ئەڵمانی ڕووی کردە شاری خامۆشان

رزگار ئازەوانی

 

یۆرگن هابەرماس (بە ئاڵمانی: Jürgen Habermas)، فەیلەسووف و کۆمەڵناسی ئەڵمانی، ڕێکەوتی ١٤ـی ئادار (٢٣ـی ڕەشەمە) دوای ٩٦ ساڵ ژیان، لە شاری ستارنبێرگ لە باڤاریا کۆچی دوایینی کرد؛ هابەرماس یەکێکە لە بیرمەندە گرنگەکانی سەردەمی هاوچەرخ؛ کۆمەڵناس و فەیلەسووف و بیرفۆزداڕێژی کۆمەڵایەتی و میراتگری قوتابخانەی فرانکفۆرت بوو.

هابەرماس، ١٨ـی حوزەیرانی ١٩٢٩ لە شاری دوسلدۆرفدا لەدایک بووە. باوکی کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ژووری بازرگانی و پیشەسازی کۆڵن بووە، لە سەردەمی ڕژێمی نازی لە ئەڵمانیا ئەندامی پارتی سۆسیالیستی نیشتمانی بووە.
هابەرماس خۆی بۆ ماوەیەکی کورت لە تەمەنی هەرزەکاریدا پەیوەندیی بە ڕێکخراوی لاوانی پارتی نازییەوە کرد. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن گۆڤارێکی ئەڵمانیەوە ڕەخنەی لێ بگیرێت و، ببێت بە هەرا؛ دوایی هەرایەکە نیشتەوە. هابەرماس دەڵێت ژینگەی خێزانەکەیان، ڕەخنەی هەڵنەگرتووە.

بیرمەند و میراتگری قوتابخانەی فرانکفۆرت
یۆرگن هابەرماس لە زانکۆکانی گۆتینگن و زیوریخ و بۆندا، فەلسەفە و دەروونناسی و ئەدەبیاتی ئەڵمانیی خوێندووە.
گرنگترین بەرهەمەکانی لە شاری فرانکفۆرتدا بەرهەم هێەا؛ کارە ئەکادیمییەکانی لە ساڵانی ١٩٥٠ لە پەیمانگای تیۆدۆر ئادۆرنۆ بۆ توێژینەوەی کۆمەڵایەتی دەستیپێکردووە. ساڵی ١٩٦١ بووە پڕۆفیسۆر لە زانکۆی ماربورگ، لەوێ بەرهەمە بەناوبانگەکەی واتە “گۆڕانکاری پێکهاتەیی کایەی گشتی”ـی نووسیوە.
ساڵی ١٩٥٣ وتارێکی هابەرماس لە ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی ئەڵمانیدا بڵاو کرایەوە کە مشتومڕی نایەوە و ناوی هابەرماسی هێنایە ناو ڕیزەکانی خەڵکەوە. لەم بابەتەدا هابەرماس ڕەخنەی لە کتێبی پێشەکی میتافیزیکی مارتن هایدگەر گرتووە و بەشێکی لێ بە توندی ئیدانە کردووە و بە “نۆژەنکردنەوەی سۆسیالیزمی ناسیۆنالیزم” ناوی بردووە.
هەروابێتەوە هابەرماس لە ساڵی ١٩٥٤دا نامیلکەیەکی بە ناوی “دیالێکتیکی ئەقڵانیزم” بڵاو کردەوە، کە زۆرێک لە بیرۆکە ناوەندییەکانی تیۆری دواتری “کردەوەی پەیوەندیدار”ی لەخۆ گرتبوو. لەو نامیلکەیەدا جیاوازیی لە نێوان ئەقڵانیزمی تەکنۆئابووری و ئەقڵانیزمی کۆمەڵایەتیدا کردووە.
ساڵی ١٩٦٤ هابەرماس کورسی ماکس هۆرکهایمەری فەلسەفە و کۆمەڵناسی لە زانکۆی گۆتێ لە فرانکفۆرت وەرگرت. دواتر وتارەکەی دەستبەکاربوونی بووە کتێبی “زانین و بەرژەوەندی” لە ساڵی ١٩٦٨. لە سەردەمی بزووتنەوەی خوێندکاریی ئەو سەردەمەدا، هابەرماس سەرەتا وەک لایەنگری بزووتنەوەکە سەیر دەکرا، بەڵام دژی ڕادیکاڵکردنی ئەو بزووتنەوەیە بوو.
ساڵی ١٩٧١ ڕووی کردە ستارنبێرگ لە نزیک میونشن؛ لەوێ تا ساڵی ١٩٨١ بەڕێوەبەری پەیمانگای ماکس پلانک بوو بۆ توێژینەوە؛ ساڵی ١٩٨١ هابەرماس بەرهەمە سەرەکییەکەی بە ناوی تیۆری کردەی پەیوەندیکردن بڵاو کردەوە.
ساڵی ١٩٨٣ گەڕایەوە فرانکفۆرت و دیسانەوە بوو بە مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی فرانکفۆرت؛ ساڵی ١٩٩٤ خۆی خانەنشین کرد.
چەندین ساڵ مامۆستای پێنازان (فەخری) بوو لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئەمریکا، لەوانە لە زانکۆی هارڤاردیشدا وانەی دەگوتەوە.
لە دوایین ساڵەکانی ژیانیدا، سەرنجی خستە سەر پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان؛ لەوانە: جەنگی کۆسۆڤۆ، توێژینەوە لەسەر زانستی دەمار و گرژی و ململانێی ئایینی.