عەبدولڕەحمان فەرهادی
منداڵیم پەپوولەیەکی
پیرەبەهارێکی ساڵ بوو،
سەمەندەرێ هەڵنیشتەوە
باڵەکانی هەڵکڕووزاند،
ڕۆژگار.. سەما و لەنجەولاری
لێ سەندەوە،
لەو ڕۆژەوە، شەوگار بەرەو تەمی تاری
ئەنگوستەچاوی خۆی دەمبا
هەر لەوێوە، ئیتر زانیم
ساڵانێکە تەمەن بۆتە
وردە پووشی وێڵی دەم با..
منداڵیم، سەردەمانێ بوو
ڕۆژانە ئاسمانم لەنێو جامە ئاوێ
پڕ لە لەرزەوە دەبینی
لەگەڵ ئەلەند تا زەردەپەڕ
بە شوێن ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینەوە
کووچە نەدەما تەی بکەم
گۆزە بچووکەکەی دڵم
هێشتا شکانی نەبینیبوو
درز و سیسبوون جارێ پەیان پێ نەبردبوو.
منداڵیی من،
بریتی بوو لە کولێرە گەرمەکەی بەیانییان
کە بۆنی دەسرۆکەکەی دایکمی دەدا.
ڕۆژانێ بوو، لە لاکۆڵانەکانی شار
هەڵمی خۆڵەپۆک و تەمی گیای بۆ دێنام.
هەموو ڕۆژێ بە شیشۆقێ
ڕەنگەکانی تیشکی خۆرمان دەدزی و
دەمانهێنانە گلێنەکانمان.
منداڵیم، نامیلکەیەک بوو
پڕ پڕ بوو لە دیمەنی ورشەداری با
ڕۆژگار دڕاندی و زوو لێم ون بوو.

