رۆژنامەی ھەولێر

غەریبەیەک لەو دیو زمانەوە

یەڵدا هەرکی

لەسەر پەراوێزی ئەم هەبوونە چڵکنەدا،
پرسیارێک وەک شنەبایەکی سارد،
پشتی ملم دەخزێنێت:
ئەم مەیلە غەریبەی من بۆ نەبوون،
ئەم تینوێتییە چڕەم بۆ کۆچ،
مژدەی ڕۆحێکی بڵندە بۆ هاواری هەڵۆیەکی پیر؟
کە لەسەر چڵی هیچ کام لەم دارە بێبەرانە ناگیرسێتەوە،
یان.. زامی جەستەیەکی شەکەتە
کە ئیتر لە ئەژنۆکانیدا، هێزی ڕاوەستان نەمایە؟

ئەی من کێم لێرە؟
سێبەرێکی وێڵ لە جەنجاڵیی جەستەکاندا،
کە تەنانەت لە دوای خۆم نەکەوتووم!
یان ڕێبوارێکی تینوو،
لە بازاڕی چڵکنی بوونەوەرانێکدا
کە ڕێزیان وەک کراسێکی کۆن، لەبەر داماڵیوە؟

من، لێرە نیم…
تەنها جێپەنجەی تەمێکم بەسەر شووشەی جیهانەوە؛
نیشتەجێی ناو کاتێکی کەمئەندامم
کە چرکەکانی، وەک هەنگاوی زیندانییەک
لە بازنەیەکی داخراودا، تەنها دووبارەبوونەوە دەچێنن.
ڕۆحم، ماسییەکی یاخییە لەناو گۆمێکی مەینەتدا،
تینووی قووڵایی نەبوونێکی شین؛
لەوێی کە مانا، پێویستی بە وشە نییە.

من، ئەو غەریبە ماندووەم کە لێرە،
پیر نەبوومە.. بەڵام زۆر ژیاوم!
هەر نیگایەک، بزمارێک بوو لە جەستەی تەنیاییم و،
هیچ کاڵایەکم نییە بۆ کڕینی دڵخۆشییەکی درۆیینە.
بینینەکانم، بوون بە خاچ و
هەموو ڕۆژێک لەسەر تەختەی تێنەگەیشتن دەمکوژن.
من نە پاڵەوانی تەسلیمبوونم، نە شەهیدی مەزڵوومیەت!
من تەنها ئەو کۆڵبەرە ماندووەی زامەکانم،
کە دەمەوێت لەم بازاڕە پیسەدا،
تەرمی خۆم بە کۆڵەوە بگرم و ڕاکەم بۆ ناو بێدەنگی.

من هی ئەم جیهانە نیم،
من لەوێم…
لەو شوێنەی، نە ڕەنگ هەیە بۆ پۆز،
نە نان هەیە بۆ جەنگ.
نازانم…
پەیامبەرێکم مژدەی گەڕانەوەم پێیە،
یان ئەسیرێکم تەنها خەون بە شکانی دیوارەوە دەبینێت؟
ئەمە سەرەتایەکی نوێیە لەو دیو زمانەوە،
یان کۆتایییەکی تاڵ لەم دیو ژیانەوە؟
هێندە دەزانم…
لێرە، ئاسمان بۆ باڵەکانم زۆر نزمە،
خاک بۆ ڕەگی میهرەبانییەکانم، زۆر تەنگە.
من چاوەڕێی ئەو ئارامییە سپییەم
کە تێیدا نە من دەمێنێ و نە ئەو،
تەنها بوون دەبێت بە یەک پارچە ڕووناکی
و لە ئاوێنەی ئەبەدییەتدا، بۆ هەمیشە دەحەوێمەوە…