رۆژنامەی ھەولێر

ڕانانێکی کورت بەبۆنەی چاپی نوێی ڕۆمانی “پیاوێکـــی تێکشــــکاو”

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

پەتای گەندەڵی لە هەر شوێنێکی دونیا بێت، هەوڵی تێوەگلانی زۆرینە دەدات، ئەمەش پێناو ئەوەی پەتاکە بگشتێنێت تا گەندەڵی ببێتە شتێکی ئاسایی و وەکو بەشێک لە ژیان و ئەو سیستمە بێتە بەرچاو، کە بەرهەمهێنەرییەتی. وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرینەیان لە پەتای گەندەڵییەوە گلاون، بۆیە خاڵی هاوبەشیان هەیە و ئەگەر چیرۆکی یەکێک لەو سیستمانە بخوێنینەوە، دەشێ بۆ یەکێکی دیکەشیان بگونجێت، چونکە گەندەڵی یەک ئامانجی سەرەکی هەیە لە دۆخێکی ناباوەوە ببێتە بارێکی ئاسایی. وەکو ئەوەی لە ڕۆمانی “پیاوێکی تێکشکاو”دا دەیبینین.

کاتێک بۆ یەکەمجار ڕۆمانی “پیاوێکی تێکشکاو”ی تاهیر بن جەلوونم خوێندەوە، کە ئازاد بەرزنجی کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بەچاپی گەیاندووە. هەستم بەوە کرد ئەم ڕۆمانە زۆر لە کێشە و فەزای کۆمەڵگەی ئێمەوە نزیکە و سەرسامبووم بەو هەموو نزیکییەی کاراکتەرێکی وەکو “موراد”، کە دەشێ ئاوێنەنمای دەیان فەرمانبەری مەردی نێو کۆمەڵگەی کوردی بن. کۆمەڵگەی ئێمە لەگەڵ هەموو گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتدا لە زۆرێک لە ئاستەکاندا، بەڵام تا هەنووکەش تژییە لە “موراد”ە مەردەکان و هەر ئەوانیشن، هەرێمەکەمانیان بەپێوە هێشتووەتەوە. ماوەیەک لەمەوبەر چاپێکی نوێی ئەم ڕۆمانەی دەرچوو، جوانی ڕۆمانەکە ناچاری کردم جارێکی دیکە بیخوێنمەوە. ئەم ڕۆمانە لەو تێکستانەیە، کە پێویستە هەموو خوێنەرێک بیخوێنێتەوە هەم بۆ ئەوەی خۆی بناسێت و بزانێت بەرگەی دۆخگەلی چەشنی دۆخی موراد دەگرێت یان نا؟ هەم بۆ ئەوەی سیستمە گەندەڵەکان بناسێت، کە بزانێت چۆن دەیەوێت هەموان هەڵلوشێت.
خاڵێکی گرنگ و ناوازەی ئەم ڕۆمانە “وردە بەرگییەکان”ـی مورادە دژ بە سیستمی گەندەڵخوازان. ئەو تا دوائاستی بەرگریی هەوڵی ئەوە دەدات لەو پەتایەوە نەگلێت، کە بە هەموو کۆمەڵگەدا بڵاوبووەتەوە. پەتایەک کە هەموان بۆ نێو خۆی لووش دەدات و دەیانکاتە بوونەوەریی گوێڕایەڵ و مشەخۆری سیستمێک، کە گەندەڵی بەڕێوەی دەبات و لەهەناوییەوە گەندەڵی پەروەردە دەکات. بەرگریی موردا بەردەوام دەبێت و قوربانی بە ژیان و کەرامەتی دەدات، بەڵام ئیتر توانای مرۆڤیش سنووردارە و تا جێگەیەک دەتوانێت لە قوربانیدان و بەرگریی بەردەوام بێت، بۆیە موردا ناچارانە ئاڵای سپی هەڵدەکات.
جگە لە “وردەبەرگری”یەکانی موراد، خاڵێک کە ڕۆمانەکە ورد ئیشی لەسەر کردووە
تەسلیمبوونی مورادە بەو واقیعە گەندەڵەی

هەموانی ناچارکردووە ببنە بەشێک لێی. کاتێک موراد “ناچارانە” دەبێتە بەشێک لەو سیستمە، ئیدی هەموان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێی دەڵێن “بەخێر بێیت بۆ جیهانەکەی ئێمە.” جیهانەکەی ئەوانیش تێوەگلانە لە گەندەڵی و مشەخۆریی بەسەر کۆمەڵگەوە.
ئەگەرچی موراد تێکدەشکێت، بەڵام من هەمیشە بیرم لای ئەو بەرگرییانەیەتی کە دژ بە گەندەڵکاران لەم ڕۆمانەدا سەرڕێی خستووە. ئەو پیاوێکی تێکشاوە و ئەمە ئەو جیهانە نییە کە ئەو دەیویست تێیدا خزمەت بە کۆمەڵگەکەی بکات، بەڵام ئەمە نیگای گەندەڵکارانە بۆ موراد، دەنا موراد پیاوێکی ناچارکراوە بە دۆخێک کە خۆی نایخوازێت و بەسەریدا سەپێنراوە. ئەو شەڕی مانەوەی دەکات، دەنا ڕۆحێکی بریندار و کوژراوی هەیە، یان ڕەنگە دروستترە بڵێین ئەو “پیاوێکی ڕۆحکوژراوە”، نەک تێکشکاو.
لە ڕۆمانەکەدا “بەخێربێن بۆ جیهانەکەی ئێمە!” وەکو دروشمی گەندەڵکاران دەردەکەوێت. ئەوان دەیانەوێت داو بۆ هەموان دابنێت تا هەموو ئەوانەی لە جیهانەکەی ئەواندا نین، کە “جیهانی گەندەڵکارانە” بەرەو خۆیان ڕابکێشن.
دەستخۆشی بۆ “ئازاد بەرزنجی” وەرگێڕ و ئەم هەڵبژاردنە ناوازەیە و وەرگێڕانە جوانەکەی.