ئارام كۆشكی – سلێمانی
دیاردەکانی نێو دونیای ڕۆشنبیریی کوردی گەلێک زۆرن، کە لە زنجیرە وتارێکدا هەوڵ دەدەم هەر هەفتەیەک یەکێک لەو دیاردانە بەسەر بکەمەوە، چونکە دەشێ هەر قسەلەسەرکردنێک ببێتە هۆی دیاریکردنی کێشەکە و لەوێشەوە بەرەو پێداچوونەوەی چارەسەر بڕوات، بەڵام بەبێ قسەلەسەرکردن هیچ ڕێگاچارەیەک لەئارادا نییە. یەکێک لە نوێترین ئەو دیاردە نوێیانەی کایەی ڕۆشنبیریی کوردی “هونەری زۆرنووسین و هیچنەگوتن”، کە دەتوانم بڵێم نوێترین نەخۆشی و بەربڵاوترین نەخۆشی نێو ئەم کایەیە.
کاتێک فەیلەسوفی هاوچەرخ ئالان دۆنۆ، ئەم سەردەمە بە “سەردەمی پڕوپووچی” ناودەنێت و بیونگ چول هان بە “سەردەمی نمایش” ناوی دەبات زیادەڕۆییان نەکردووە، بەڵکو ئەم سەردەمە بەدەر لە سەردەمی پڕوپووچی و نمایش، دەشێ سەردەمی زۆربڵێی و زۆرنووسین و هیچنەگوتنیش بێت. سەردەمێک هەموان قسە دەکەن و دەنووسن بەبێ ئەوەی زۆرینەی ئەوانەی “زۆربڵێی” دەکەن بخوێنێتەوە و گوێگربێت. لەم سەردەمەدا کە گوتەی بەرهەمدار بەردەوام لە کەمبوونەوەدایە، وەلێ هیچنەگوتن دەبێتە شاگوتار و زۆرنووسین دەبێتە دەستکەوت. بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستی سەرەکی ئەم وتارە نموونەیەک دەهێنمەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گوتارێکم سەبارەت بە کۆمەڵەچیرۆکێک خوێندەوە، کە هەوڵی ڕاڤەکردن و شیکردنەوەی هەندێک کۆدەکانی چیرۆکەکانی دەدا، بەڵام نە ئەو چیرۆکانە خاوەنی کۆدگەلی لەو شێوەیە بوون و نە ئەو بابەتانەشی وروژاندبوو، کە نووسەرەکە لە گوتارەکەیدا باسی کردبوو. کاتێک زیاتر لە وتارەکە وردبوومەوە ئەوەم بۆ ڕوونبوویەوە ئەم نووسەرە باڵادەستە لە هونەری زۆرنووسین و بارکردنی تێکست بە قسەی بێقووڵایی و تەواوی وتارەکەی بە هونەرکارییەکی زۆرەوە داڕشتبوو، بەڵام هاوکات لێزان لە هیچنەگوتندا.
هونەری نووسین، هەوڵێکە بۆ ڕوونکردنەوەی دۆخێک، یان تیشک خستنەسەر پرسێک، یان دەربڕینی کۆمەڵێک سەرنج سەبارەت بە دیاردە و چەمکێک. هونەری نووسین، ڕێگەیەک نییە بۆ بەلاڕێدابردنی خوێنەر و بارکردنی تێکست بە ئایدیاگەلێک، کە هەڵگری نەبێت. هەرکات هونەری نووسین بووە هونەری بەلاڕێدابردنی خوێنەر لەوە دەکەوێت نووسینێکی داهێنەرانە بێت، بەڵکو دەبێتە جۆرێک لە نووسین کە باڵادەستە لە هیچ نەگوتندا، یان هەوڵدانە بۆ بەلاڕێدابردنی خوێنەر.
یاسایەکی بچووک لەنێو دونیای نووسیندا کاردەکات ئەویش ئەوەیە هەر نووسەرێک پەیوەندی پتەوی بە مەعریفەوە نەبێت، یان هەوڵی خۆدووبارەکردنەوە دەدات، یان دەبێتە بەرهەمهێنەری “هیچ نەگوتن”. هەموو ئەوانەی کە جگە لە هیچ نەگوتن، یان هەڵڕشتنی چەمک، یان گوتارسازی هیچی نوێ بەرهەم ناهێنن. گوتارسازی؛ هونەرێکی نوێی بەشێک لە ڕۆشنبیریی کوردییە، کە یەک گوتار و یەک ئایدیا لە هەموو گوتارەکانیدا بە هەمان سیستمی چەمکسازی بەکاردەهێنێتەوە و گوتاری سەرەتای دەبێتە شاسەرچاوەی هەموو گوتارەکانی دیکە. بێگومان ئەمە لەپێناو دۆزینەوەی ڕووبەری نوێ نییە لەو بوارەی سەرەتا لەو گوتارەدا لێی دواوە، بەڵکو لەپێناو خۆجوینەوەی بەردەوام و بەهەمان سیستمی چەمکساز و موفەرەدەسازییەوە. ئەمە نەخۆشییەکی بەربڵاوی بەشێکی ڕۆشنبیریی کوردییە، کە بەناوی نوخبەگەراییەوە زیاتر لە هەوڵی ڕیزکردنی چەمک و ئاڵۆزکاندنی مانا و بەرهەم دایە.
هەڵبەت لە وتارەکانی پێشووتردا باس لە جیاوازی نێوان “ئاڵۆزیی” و “ئاڵۆزکاندن” کردووە. لێرەدا یەک تیشکی خێرای دەخەمەسەر، ئەویش ئەوەیە، کە دەشێ هەندێک بابەت ئاڵۆز بن و پێویست بە سادەکردنەوە نەکەن، بەڵام کێشەی بەشێک لە نووسەری کورد ئاڵۆزکاندنە. ئاڵۆزکاندن؛ دۆخێکە ڕۆشنبیریی کورد لەپێناو خۆدزینەوە لە بەرهەمهێنانی گوتاری ماناداردا خۆی لەنێو تەمومژدا ون دەکات. چەشنی ئەو شۆفێرەی بە ڕێگایەکدا گوزەر دەکات و بۆ ئەوەی شێوازی شۆفێرییەکەی نەبینرێت دەچێتە سەرڕێگایەکی خۆڵ لەپێناو ئەوەی لەدوای خۆیەوە تەنها تەپوتۆز ببینرێت، نەک شێوازی شۆفێریکردنەکەی. نووسەری بەرهەمهێنەری دەقی ئاڵۆزکاویش چەشنی ئەو شۆفێرەیە کە جگە لە تەپوتۆز هیچی دیکە بەرهەم ناهێنێت، کەواتە ئەمیش لە نێو بازنەی هیچنەگوتندا نوقوم بووە و توانای خۆدەربازکردنی نییە.
دواجار ڕێسایەکی سادە بەبیر دەهێنینەوە ئەویش ئەوەیە مەرج نییە هەموو ئەوانەی زۆر دەنووسن بەرهەمهێنەری مەعریفە بن، زۆرجار زۆرنووسین “زۆربڵێی”ی لەپێناو ئەوەدایە هەقیقەت ون بکرێت و هیچ دەرنەبڕدرێت، یان ئامانجەکە لەپێناو ئەوەدایە ڕاستییەک بشاردرێتەوە، یان بەلاڕێدا ببرێت. وەکو چۆن بەشێک لە نووسەران ئەرکییان بووە بە بەلاڕێدابردنی خوێنەر و بڵاوکردنەوەی چەواشەکاریی سەبارەت بە تێکست و دەقە ئەدەبییە گرنگ و ناوازەکان، چونکە هەر لە بنەڕەتەوە ئەوانە توانای درککردنی جوانی و داهێنانیان نییە، بۆیە کاتێک تێی ناگەن دەکەونە تانەدان و بەلاڕێدابردنی خوێنەر، یان هونەری هیچ نەگوەتن سەرڕێ دەخەن، بۆ ئەوەی جوانییەکان بشارنەوە.

