ئارام كۆشكی – سلێمانی
پرسی ڕەخنە پرسێکی گرنگە، چونکە ڕەخنە هونەرێکە بەرلەوەی پێویستی بە شارەزایی لە میتۆد و مەعریفەی ڕەخنەیی هەبێت پێویستی بە ئامانجێک هەیە، ئایا ئەو ڕەخنەیە لە پێناوی چ ئامانجێکدایە؟ ئایا ئامانجەکەی پشکنینی تێکستە لەڕووی ناوەرۆک و دیاریکردنی پێگەکەیەتی، یان دەیەوێت لایەنە تەکنیکی و شێوازگەرییەکەی تێکست بخاتە بەرباس، کە کارکردن لە هەردوو لایەنەکەوە گەلێک گرنگ و بایەخدارە.
لە چەند وتارێکی تردا بە پێداگرییەوە ئەوەم خستووەتەڕوو، کە ڕەخنە هونەری کەشفکردن و شرۆڤەکردن و دیاریکردنی پێگەی تێکستە. هونەری حوکمدانی بێ بنەما و سەپاندنی بۆچوون و چێژ نییە. ڕەخنە هونەرێکە لە دەرەوەی چێژ و بۆچوونی تایبەتی مامەڵە دەکات، چونکە مامەڵەیەکی میتۆدیانە و مەعریفیانە و فیکرییانە لەگەڵ دەقدا دەکات، بەبێ ئەوە ڕەخنەیەک لەئارادا نییە. واتە هیچ تێکستێک نییە بەبێ ئەو مامەڵە فیکریی و مەعریفی و میتۆدیانە بچێتە چوارچێوەی ڕەخنەوە و هەڵگری گوتاریی ڕەخنەیی بێت.
ئەم دوو هەفتەیەی ڕابردوو کۆمەڵێک وتاری ڕەخنەیی و پۆستی ڕەخنەییم بینی، یان دروستتر بڵێم بەناو ڕەخنەییم بینی، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو مەرجە سەرەتاییانەیان تێدا نەبوو، کە لەسەرەوە خستمەڕوو، نە پشتبەستوو بوو بە مەعریفە و مێتۆد و نە فیکرێک لەپشت ڕستەکانەوە بوو تا بزانین ڕەخنەنووسەکەی چی دەڵێت، بەڵکو بنەمای سەرەکی هەموو ڕەخنەکان چێژ و بۆچوون بوون. من ناڵێم بۆچوون گرنگ نییە، بەڵام بۆچوون پێویستی بە سەلماندن هەیە ئەویش لەبەر ڕۆشنایی نموونە و تێزی ڕەخنەییدا، ئەمە بێجگە لەوەی کە ڕەخنە هونەرێک نییە بە چێژ پێوانە بکرێت، چونکە هەر خوێنەرە و ڕادەی چێژکردنی بۆ هەر تێکستێک جیاوازە و چێژی هەموان بەرامبەر تێکستەکان وەکو یەک نییە.
خاڵێکی نەرێنی تەواوی ئەو ڕەخنانەی لەم دوو هەفتەیەدا سەبارەت بە چەند دەقێک خرایە ڕوو ئەوە بوو نووسەری ئەو (دەقە ڕەخنەییانە) دەیانەوێت بوونی خۆیان لەڕێی ئەو دەقانەوە بەدەر بخەن و لەپاڵ ئەو نووسەرەدا، کە ساڵانێکی زۆرە ئەزموونی نووسین دەکەن (لەبەرئەوەی ناوبانگی گەلێک زیاترە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە) ئەوانیش دەیانەوێت لەڕێی ئەو نووسینانەوە دەربکەون و خۆیان بسەلمێنن. لێرەدا دەشێ ئیستێک بکەین و بۆ پێناسەی نووسەربوون بگەڕێینەوە، چونکە نووسەربوون هونەری خۆسەلماندنە بە بەرهەم، نەک خۆهەڵواسین بە ناوبانگ و بەرهەمی ئەوانی تردا. ئیدی بە شکاندن بێت، یان پێداهەڵگوتن. بێگومان ئێستا سەردەمی پێداهەڵگوتن بەسەرچووە و زیاتر ئەوەی ڕەواجی هەیە و دەبێتە هۆی دەرکەوتنی “کۆلکەنووسەر”، یان “دەقنووسی کۆڵەوار” ڕەخنەگرتنە بەپێی مەزاج و چێژی تایبەتی، نەک بەپێی میتۆد و قوتابخانە ڕەخنەییەکان.
دەشێ پێداگرانە بڵێین: ڕەخنە هونەرێک نییە بۆ پەلاماردانی تێکست و نووسەر و شکاندنیان، تا لەسەر حسابی نووسەری ڕەخنەلێگراو و ڕەخنەگر بچێتە پێشەوە و بیەوێت بوونی خۆی لەڕێی ئەوەوە بسەلمێنێت. سەلماندنی بوونی ڕەخنەگر بە تێکستی ڕەخنەیی و کاری ڕەخنەیی جیدی و میتۆناسی و بەکاربردنیەتی لەنێو کایە مەعریفییەکاندا، نەک هەوڵدان بۆ دەرکەوتنی (ناوی خۆی) لەپاڵ ناوی نووسەری ڕەخنەلێگیراودا.
یەکێک لە کێشەکانی پێشنەکەوتنی ڕەخنەی ئەدەبی لەنێو کایەی ڕۆشنبیریی کوردییدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بەشێکی زۆری ئەوانەی لەو کایەیەدا کاردەکەن تەنها خاوەنی زانیارییەکی سەرەتایی ڕەخنەیین، کە ئەویش دەمێک ساڵە بەسەرچووە و ئێستا کاری پێ ناکرێت، کە ڕەخنەی بۆچوونگەراییە، کە لەو ڕەخنەیەشدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە کێ گوتار دەنووسێت؟ گوتاری هەموان وەرناگرێت تەنها گوتاری ئەوانە بەهەند وەردەگیرێت، کە ئەزموونێکی درێژی مەعریفییان هەیە، نەک چەند مانگ جارێک نووزەیەکی مەعریفیان هەبێت و تەنها بیانەوێت فیزایی نووسەربوونیان نوێ بکەنەوە و خۆیان وەکو نووسەر و ڕەخنەگر، لەپاڵ ناوی لەخۆیان گەورەتردا ببیننەوە، نەک خەمی مەعریفی و ڕەخنەییان هەبێت.

