رۆژنامەی ھەولێر

بڕوانامەی زانکۆ یان “ئیشزانین”؛ بۆچی دەرچووانی ئێمە لە بازاڕدا “غەریبن”؟

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

هەموو ساڵێک لە وەرزی هاویندا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ دەبن لە وێنەی کڵاوی دەرچوون، گوڵ و شیرینی و ئاهەنگی گەورە. هەزاران گەنج بە دڵێکی خۆشەوە بڕوانامەکانیان وەردەگرن و وا دەزانن دنیا چاوەڕێیانە. بەڵام کاتێک ئاهەنگەکە تەواو دەبێت و گوڵ دەپژێن، ڕاستییەکی تاڵ ڕووبەڕووی ئەو گەنجانە دەبێتەوە؛ “بازاڕی کار بە زمانی زانکۆ قسە ناکات.”

ئەمڕۆ لە کوردستان، درزێکی گەورە لە نێوان ئەوەی لە زانکۆ دەخوێنرێت و ئەوەی لە بازاڕی ئازاددا داوا دەکرێت، دروست بووە. پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا بڕوانامە هێشتا کلیلی نان پەیداکردنە، یان کارامەیی و “ئیشزانین” جێگەی هەموو شتێکی گرتووەتەوە؟

زانکۆ
ئەگەر پیاسەیەک بە ناو بازاڕی هەولێر، سلێمانی یان دهۆکدا بکەیت و لە خاوەن کۆمپانیاکان بپرسیت “بۆچی گەنجی خۆمان دانامەزرێنن؟”، زۆربەیان یەک وەڵامیان هەیە: “دەرچووی زانکۆ دێتە لامان، بڕوانامەکەی زۆر بەرزە، بەڵام ئەلفوبێی ئیشەکە نازانێت.”
ئەمە ئەو شوێنەیە کە کێشەکە دەست پێ دەکات. زۆربەی زانکۆکانی ئێمە هێشتا بە پڕۆگرامی دە ساڵ و بیست ساڵ پێش ئێستا دەخوێنن. مامۆستا هەیە هێشتا باس لە تیۆرە کۆنەکان دەکات، لە کاتێکدا دونیا گەیشتووەتە سەردەمی زیرەکیی دەستکرد و تەکنەلۆژیای وا کە هەموو خولەکێک دەگۆڕێت. گەنجی ئێمە چوار ساڵ تەمەنی خۆی لە قەیرەی ناو هۆڵەکان بەسەر دەبات بۆ لەبەرکردنی چەند لاپەڕەیەک کە تەنها بۆ کاتی تاقیکردنەوە بەکاردێن، نەک بۆ ناو بازاڕ.

کاتێک “ئەزموون” دەبێتە مەرج
ئەحمەد، گەنجێکی دەرچووی بەشی ئایتییە، دەڵێت: “کاتێک چووم بۆ چاوپێکەوتنی کار لە کۆمپانیایەک، یەکەم پرسیار لێیان نەکردم چەندت هێناوە لە زانکۆ، تەنها وتیان: چیت پێ دەکرێت؟ چەند پڕۆژەت ئەنجام داوە؟ کاتێک بینیم ئەوەی من لە زانکۆ خوێندوومە تەنها وێنەیەکی گشتی بووە و هیچ کارامەییەکی ‘پراکتیکی’ فێر نەبووم، تێگەیشتم کە چوار ساڵ تەنها کاتم کوشتووە.”
ئەمە دەردی زۆربەی دەرچووانە. کۆمپانیاکان بەدوای کەسێکدا دەگەرێن کە “ئیش لێ بزانێت”. بۆ نموونە، لە بەشی کارگێڕی، کۆمپانیاکە کەسێکی دەوێت زمانێکی بیانی بزانێت، کاری ئەکسێڵ (Excel) بە باشی بزانێت و شارەزای مامەڵەکردن بێت لەگەڵ کڕیار. بەڵام زانکۆ تەنها پێناسەی “بەڕێوەبردن”ی فێر کردووە.
پرسیارمان لە هەریەکە لە ئەندازیاران (ڕابەر مەجید) و (عوسمان ئەیوب) کە خاوەن و بەڕێوەبەرن لە دوو کۆمپانیای جیای بواری فڕۆشتنن بە ڕێگەی ئۆنلاین کرد: ئایا تۆ وەکو خاوەنکار بە چ پێوەرێک کارمەند وەردەگریت؟ بڕوانامە یان کارامەیی؟
ئەڵبەت هەردووکیان گرنگی زۆریان بە هەبوونی بڕوانامە دا ، بەڵام سەرنجیان زیاتر لەسەر ئیشزانین بوو. ئەندازیار ڕابەر ووتی: “بە هیچ جۆرێک ناتانم کەسەک دابمەزرێنم فێری ئەساسیاتی کۆمپیتەری بکەم، چونکە ئەو کاتەم نیە، من کەسەکم دەوێت لایەنی کەم لە ئەکسل و کۆمپیوتەر بزانێت، ئەمن کەسەکم دەوێت بسنزەکەم بەرەو پێش ببات، لۆیە هەر کەسەک کە کولیەی تەواو دەکا با خۆی فێرە ئیش کات، بە بچتە دەورەی، با بەلاش ئیش بکا، مهیم چاوی بکرێتەوە و بزانی ئیشکردن چییە!”

“یوتیوب” بووەتە زانکۆی ڕاستەقینە
لەبەر ئەم درزە گەورەیە، نەوەیەکی نوێ لە کوردستان سەرهەڵداوە کە پێیان دەوترێت “خۆفێرکەرەکان”. ئەمانە ئەو گەنجانەن کە بێئومێد بوون لە زانکۆ و پەنایان بردووەتە بەر یوتیوب، خولە ئۆنلاینەکان، و فێربوونی پیشە دەستییەکان.
ئێستا دەبینین گەنجێک هەیە بڕوانامەی نییە، بەڵام لە مۆنتاژ، دیزاین، یان چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی مۆدێرن، دوو هێندەی دەرچوویەکی زانکۆ پارە پەیدا دەکات. ئەمە وای کردووە “بەهای بڕوانامە” لە ناو کۆمەڵگەدا دابەزێت. خەڵک ئێستا دەڵێن: “بچۆ فێری پیشەیەک ببە، باشترە لەوەی ٤ ساڵ خۆت ماندوو بکەیت و دواتر لە ماڵەوە دابنیشیت.”

کێ بەرپرسە؟
ئایا تاوانەکە لە ئەستۆی زانکۆکانە کە پڕۆگرامەکانیان نوێ ناکەنەوە؟ یان خودی گەنجەکە کە تەنها چاوەڕێی بڕوانامەکەیە نانی بۆ پەیدا بکات؟
ڕاستییەکە ئەوەیە هەمووان پشکیان تێدایە. زانکۆ دەبێت ببێتە پردێک بۆ بازاڕ، نەک تەنها کارگەی دروستکردنی پارچە کاغەز. دەبێت پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەبێت لە نێوان زانکۆ و کۆمپانیاکان. لە هەمان کاتدا، دەبێت گەنجانیش تێبگەن کە بڕوانامە تەنها سەرەتایە، نەک کۆتایی. ئەوەی تۆ دەگەیەنێتە مووچەیەکی باش، ئەو کارامەیی و لێهاتووییەیە کە بە دەستەکانت و مێشکت ئەنجامی دەدەیت.

کۆتایی: بڕوانامە یان کارامەیی؟
وەک دەرەنجام، ناونیشانی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامەکەی لای بازاڕە. بڕوانامە گرنگە وەک پێناسەیەک، بەڵام لە “شەڕی بازاڕدا”، تەنها ئەو کەسە دەمێنێتەوە کە دەزانێت چۆن ئیش بکات. گەنجی زیرەک ئەو کەسەیە کە لە تەنیشت بڕوانامەکەی، کارامەییەک (Skill) فێر دەبێت.
چیتر “من دەرچووی زانکۆم” بە تەنها نانت بۆ پەیدا ناکات، بەڵکو دەبێت بڵێیت: “من دەرچووی زانکۆم و ئەم ئیشانەش دەزانم.” تا ئەو کاتەی زانکۆکانیشمان خۆیان لەگەڵ بازاڕدا نەگونجێنن، هێشتا وێنەی ڕۆژی دەرچوون تەنها یادگارییەکی جوان دەبێت و هیچی تر.