رۆژنامەی ھەولێر

ڕانانێکی کورت بۆ ڕۆمانی “ئــــــــــــــــــــــــــــەو پیاوەی سێبەری خۆی فرۆشت”

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

(پێشکەشە بەو مرۆڤەی دەستبەرداری سێبەرەکەی نابێت و بوونێکی ڕەسەنانە دەژی)

ڕۆمانەکان تەنها حیکایەتی ئاسایی نین، بەڵکو دەشێ لەپشت چیرۆک و حیکایەتەکانیانەوە ئایدیای فەلسەفی خۆیان حەشاردابێت، بەڵام ئەوەی ئەو ئایدیایانە دەدۆزێتەوە ئەو خوێنەرانەن، کە قووڵ بەنێو تێکستەکاندا ڕۆدەچن و هەموان بەر ئەو قووڵاییە ناکەون. ئەمەش ئاساییە، چونکە هەموان بەو شێوەیە لە تێکست تێدەگەن، یان درکی دەکەن وشیارییان بەسەریدا زاڵ دەبێت. زۆرجار کاتێک ڕۆمانێک دەخوێنمەوە ئەوەندەی سەرنجم لای حیکایەتەکەیە، هێندەش سەرنجم لای ڕیشەی فیکریی و فەلسەفی ئەو حیکایەتەکەیە، چونکە ئەویش بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاوە لە کۆی تێکستەکە و گەشتی فیکریی خۆم لەوێوە دەست پێ دەکەم.

ڕۆمانی “ئەو پیاوەی سێبەری خۆی فرۆشت”، یەکێکە لەو ڕۆمانە گرنگ و فیکرییانەی نزیکەی 15 ساڵ لەمەوبەر یەکەمجار خوێندمەوە و لەم دواییانەدا بەبۆنەی دووبارە چاپبوونەوەیەوە جارێکی تر بە تامەزرۆییەوە دەستم بە خوێندنەوەی کرد، چونکە تێکستێکە شایانی چەندجار خوێندنەوەیە. رۆمانەکە گەلێک سەرنجڕاکێش و ناوازەیە و لە نووسینی “ئادلبێرت ڤون شامیسۆ” و وەرگێڕانی مامۆستا حەمەکەریم عارف و چاپکراوی ناوەندی ڕەهەندە. ڕۆمانێک تەنها دیوێکی حیکایەتخوانی نییە، بەڵکو هەوڵێکی گەنگەشەی ململانێی فیکریی هێزی وجوود و هێزی ماددەیە.
دەشێ گریمانەی ئەوە بکەین ئەگەر ڕۆژێک لەپێناوی پارەیەکی زۆردا پێشنیاری فرۆشتنی سێبەرەکەمان پێ بدرێت چ هەڵوێستێکمان دەبێت؟ ئایا پارە ئەوە دەهێنێت مرۆڤ بێ سێبەر بیت؟
ئەم ڕۆمانە لە ڕێی کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەوە (شلمیل)، کە سێبەرەکەی خۆی دەفرۆشێت دەیەوێت ململانێی هێزی پارە و هێزی مرۆڤبوون و جەوهەرەکەی دەربخات. ڕۆمانەکە تەنها حیکایەتێکی ئاسایی نییە، بەڵکو تێڕامانێکی فەلسەفییە بە بوونی مرۆڤدا و خوێنەر لەبەردەم کۆمەڵێک پرسی گرنگدا ڕووبەڕوو دەکاتەوە.
کاتێک پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە سێبەرەکەی دەفرۆشێت دەبێتە خاوەنی سەرمایەیەکی زۆر، بەڵام سەرمایە ئەو هێزەی نییە، کە کەموکوڕییەکانی وجودی ئەم پاڵەوانە پڕ بکاتەوە، بۆیە وەکو کەسێکی نامۆ و ناکامڵ لەلایەن ئەوانی ترەوە سەیر دەکرێت.
نووسەری ئەم بەرهەمە “ئادلبێرت ڤۆن شامیسۆ”، ناوی خوازراوی شاعیری بە ناوبانگ لویس شارل ئیدیلایید دی شامیسۆیە. بەڕەگەز ئەڵمانییە، لە دایکبووی فەڕەنسایە.باوکی ئەفسەر بوو، لە بنەماڵە و ماڵباتێکی خانەدانی ناوچەی لۆرین بوو. لە ساڵی ١٨٠٤ــــــــــەوە ناوی (ئادلبێرت)ی بۆ خۆی ھەڵبژارد. لە فەڕەنسادا بە ئەڵمانیان دەزانی و لە ئەڵمانیادا بە فەڕەنسی، لە نێو پرۆستانەکاندا بە کاتۆلیکیان دەزانی و لە نێو کاتۆلیکەکاندا بە پرۆستانت. لە ناو ئەرستۆکراتەکاندا بە دیموکرات و یاخی و لە ناو دیموکراتەکاندا بە ئەرستۆکرات دەزانرا. لە ھیچ شوێنێکدا جێگای نەبوو، لە گشت جێگەیەکیشدا نامۆ و بێگانە بوو. خۆی گوتەنی جێپێی ئەو وەکو ئەو جێپێیەی ناو بەفرە، کە شەوێ بەفری تازەی بەسەردا باری بێت. واتا پڕبووبێتەوە و دیار نەمابێت. واتە خەڵکی مەملەکەتی غوربەت بوو، خۆی گوتەنی: “لەوێندەر خاک لێم نەبان و نامۆیە. لێرە خەڵک و خوا لێم نەبان و نامۆن، بۆیە غەمی غوربەتی من دەرمانی نییە.”
پەیوەندی شامیسۆ لەگەڵ ئەدیبانی سەردەمی خۆیدا پتەوبوو، ھاتوچۆی ئەنجوومەنە ئەدەبیەکانی دەکردن، ھاوکاری لەگەڵ دەکردن..پاشان بە تەواوەتی ڕووی کردە لێکۆڵینەوە، لە بەرلیندا کەوتە خوێندنی دکتۆری و پاشان ڕووەکناسی. لە ساڵانی(١٨١٥-١٨١٨)دا بەشداری لە گەشتێکی دەریاوانی بە دەوری دنیادا، کرد و کتێبێکی لە ژێر ناونیشانی (گەشتێک بە دەوری دنیادا لە نێوان ساڵانی ١٨١٥- ١٨١٨) نووسی و بە چاپی گەیاند. پاشان دکتۆرانامەی فەخری وەرگرت، ئەوجا بە ئەمینداری باخچەی ڕووەکانی بەرلین دامەزرا، پاشتر بوو بە ئەندامی کۆڕی زانیاری.
ئەم نووسەرە خاوەنی بەرهەمگەلێکی زۆر گرنگ و ناوازەیە و ئەم رۆمانە یەکەم کارییەتی بە زمانی کوردی و بەناوبانگترین بەرهەمیشیەتی کە بۆ چەندین زمانی دیکە وەرگێڕدراوە. وەرگێڕ لە پێشەکی ئەم کتێبەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە “شامیسۆ لە ٢١/٨/١٨٣٨دا لە بەرلین کۆچی دوایی کرد و ئەستێرەی ژیانی ئاوابوو، بەڵام تا ئێستاش ئەستێرەیەکی درەوشاوەیە لە ئاسمانی ئەدەبیاتی جیھاندا. لە ئەڵمانیادا خەڵاتێکی ئەدەبی بە ناوبانگ بە ناوی ئەوەوە ھەیە، کە دەدرێت بەو نووسەرە بیانیانەی کە بەرھەمەکانیان بە زمانی ئەڵمانی دەنووسن.”
پرسیارێکی گرنگ کە ئەم ڕۆمانە دەیوروژێنێت ئەوەیە “ئایا مرۆڤ بێ سێبەر دەژی؟” دەکرێت لێرەدا سێبەر هێما بێت بۆ (جەوهەر)ێکی داگیر نەکراو، واتە ئایا مرۆڤ دەتوانێت بەبێ جەوهەرێکی دیاریکراو کە خۆی خاوەنی بێت بژی؟ بێگومان بە گەڕانەوە بۆ فەلسەفەی بوونگەرایی دەتوانین بە وەڵامی ئەم پرسیارە بگەین. مرۆڤە ڕەسەنەکان ئەو کەسانەن کە خاوەنی جەوهەری خۆیانن و بوونیان داگیر نەکراوە و “سێبەر”یان هەیە، بەڵام مرۆڤی ناڕەسەن ئەوانەن کە “سێبەر”ی خۆیان فرۆشتووە و بوونیان داگیر کراوە. بیگومان ئەم پرسە گەلێک قووڵ و گرنگە و لێرەدا دەرفەتی قووڵبوونەوەی زیاترمان نییە لەبارەیەوە، بەڵام ئەم ئاماژەیەم بۆ گرنگ بوو کە ڕیشەی ئەم تێکستە دەگەڕێنێتەوە بۆ فەلسەفەی بوونگەرایی.
خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە گەشێکی فیکریی و حیکایەتخوانییە بەنێو کۆمەڵێک پرسیاردا کە پێویستە هەموو مرۆڤێک لە خۆی بکات. پرسیارگەلێک کە مرۆڤ لەنێوان هێزی پارە و هێزی وجووددا ڕادەگرێت.