(ڕیچارد داوكینز ـ Richard Dawkins)، زانای بایۆلۆژیای پەرەسەندن، كە نێوبانگێكی گەورەی جیهانی هەیە و بەرگریکاری بەهێزی ئاتیزمە، لەم گفتوگۆ سادەیەدا باسی چۆنیەتی دونیای نووسینی خۆی دەكات و دەڵێت ئەگەر لە ڕۆژێكدا سێ هەزار وشە بنووسم، ئەوا ئەو ڕۆژەم پڕبەرهەمە.
ـ یادەوەرییەکانت هێشتا بیر ماوە لە ڕاكردن و گەورەبوون لە کینیا؟
ڕیچارد داوكینز: كە دوو ساڵان بووم کینیام جێهێشت، بۆیە یادەوەرییەکی زۆرم لێی نییە. وێنایەکم لە مێشکمدایە کە باوکم لە سوپاوە بە مۆڵەت گەڕابووەوە و من بە پێڵاوە قاوەییەکانییەوە ناسیمەوە. دواتر بنەماڵەكەمان گوازرایەوە بۆ (نیاسالاند ـ Nyasaland) کە ئێستا (مالاوی ـ Malawi)ـیە و تا حەوت ساڵیم لەوێ ژیاین. یادەوەرییەکی زۆرم لەو سەردەمەوە هەیە، بە تایبەتی پەپوولە زەرد و ڕەشەکانی و تامی گەڵای (ناستورتوم ـ nasturtium).
ـ چیرۆکێکی خۆشت هەیە لە ئەزموونی كاركردنت لە ئۆکسفۆرد؟
ڕیچارد داوكینز: کاتێک چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەوانە دەكرد داوای وەرگرتنیان دەكرد، خوویێکی تایبەتیم هەبوو كە بەكارم دەهێنا. داوام لێدەكردن نیشانم بدەن چۆن دەتوانن بیر بکەنەوە، نەک تاقیکردنەوەی زانیارییەکانیان. بۆ ئەمەش هەندێک جار داوام لێیان دەکرد بۆم بخەمڵێنن کە چەندە دەبێت بگەڕێینەوە دواوە لە کاتدا تا هاوبەشی لە نێوان فێرخوازەكە و من دروست بێت. كە ئەو پرسیارەم لە کچێکی گەنج كرد، لە سەرەوە بۆ خوارەوە سەیری کردم و هێواش و بە شێوەزاری لادێیانەی وێلزی گوتی “گەڕانەوە بۆ مەیموونەکان.”
ـ کاتێک (كڕۆمۆسۆمی خۆپەرستانە ـ The Selfish Gene)ت لە ساڵی ١٩٧٦ نووسی، بیرکردنەوەی خەڵکی دەربارەی پەرەسەندن گۆڕی و بووە هۆی دروستبوونی گفتوگۆ دەربارەی كڕۆمۆسۆمەكان لە نێو خەڵکی ئاسایی. کارە ئەکادیمییەکەت چۆن بەو کتێبە گۆڕانی بەسەردا هات؟ هەندێک جار ئەکادیمیا خۆپارێزەرانە دەچێتە پێشەوە؟
ڕیچارد داوكینز: ژیانی منی گۆڕی بەوەی کە بوومە کەسایەتییەکی گشتی. پێویستم بە ڕاهێنانی قسەکردن هەبوو لە ڕادیۆ، یان نووسینی وتار لە ڕۆژنامە. بانگهێشت کرام بۆ پێشکەشکردنی بەرنامەیەک لە تەلەڤزیۆنی (بی.بی.سی هۆڕایزن ـ BBC Horizon) دەربارەی كڕۆمۆسۆمی خۆپەرستانە، بەڵام زۆر شەرمەزار بووم بە ئەنجامدانی. دواتر (جۆن میناڕد سمیس ـ John Maynard Smith) پێشنیار کرا بۆ جێگەكەم، و ئەویش کارێکی زۆر باشی کرد. پێموانییە زۆر کەوتبێتمە بەر ئەو ئیرەییەی كە جەنابت باسی دەكەی، بە پێچەوانەی (کارڵ سیگان ـ Carl Sagan) کە لەبەر ئیرەییەوە هەرگیز هەڵنەبژێردرا بۆ ئەکادیمیای نیشتمانی، من هەڵبژێردرام لە کۆمەڵەی شاهانەی بەریتانیا هەڵبژێردرام.
ـ هیچ ساتێک هەیە لەوەی كە لە ئایین وەرگەڕایت؟ هەر وەک (شاول ـ Saul) كە لە ڕێگەی دیمەشق و بە سواری ئەسپەکەی تووشی بوو؟
ڕیچارد داوكینز: بەڕاستی من وەک شاوڵ نەبووم. هەر زوو متمانەم بە مەسیحییەت لەدەستدا و تێگەیشتم ئەویش تەنها یەکێکە لە ئایینە زۆرەکانی دیكە و ڕێککەوتێکی خۆسەرانە بوو لە مەسیحییەت لەدایک ببم. بەڵام هێشتا باوەڕم بە جۆرێک لە ئەفڕێنەری باڵا هەبوو تا ئەو کە لە پەرەسەندنی داروینی و ڕوونکردنەوە بۆ خەیاڵی دیزاین لە جیهانی زیندوو تێگەیشتم، ئیتر تەواو بوومە ئەتاتیست و دواتریش جەنگاوەری دژەئایینی.
ـ ئایا سەرسام نیت بە زۆری ئیمانداران، لە كاتێكدا تۆ بانگەشەی ئەتاتیسبوون دەكەیت؟
ڕیچارد داوكینز: بەڕاستی سەرسام نیم. چونكە خەڵک ڕووی ئایینییان هەیە، هەروەك ڕووخساریان، بۆیە چاوەڕێی هەندێک گورز بووم. کتێبەکەشم بووە هۆی نووسینی زیاتر لە ٢٠ کتێبی وەڵامدانەوە کە ناوونیشانەکانیان وشەکانی (خودا، خەیاڵ و دۆکینز و هیتریان) تێدابوو.
ـ باسی دامەزراندنی بنکەی ڕیچارد دۆکینز بۆ هۆکار و زانستمان بۆ بكە؟
ڕیچارد داوكینز: بڕێک پارەم لە كتێبی (خەیاڵی خودا ـ The God Delusion)وە بەدەستهێنا: زۆر نەبوو بەڵام هێندەش بوو كە وای لێکردم بیر لەوە بکەمەوە ناوەندێكی خێرخوازیی گونجاو دابمەزرێنم. (گونجاو ـ Appropriate) زیاتر ئەمریکایانە دەردەكەوێت تا بەریتانیایانە، چونکە ڤایرۆسی ئایین لە ئەمریکا بەهێزترە، بەڵام وەک باجدەرێکی بەریتانی نەمدەتوانی ڕاستەوخۆ باج بدەمە ئەمریکا. پارێزەران ئامۆژگارییان کردم کە خێرخوازییەکی بەریتانی ـ ئەمریکی دابنێم بە هەمان ئامانج و بە پێی یاساکان. بنکەی ئەمریکی ئێستا زۆر چالاکە و ماڵپەڕی (RichardDawkins.net) بەڕێوە دەبات، دیڤیدی و ڤیدیۆی یوتیوب لەسەر بابەتە زانستی و هۆکارییەکان بەرهەم دەهێنێت و یارمەتی پشتیوانیکردنی پڕۆژەی کەشیش دەدات (یارمەتی ئەو ئیماندارە مەسیحی و موسڵمانانە دەدات كە باوەڕیان لە دەست داوە) و کار لەسەر دروستکردنی بنکەیەكی ئازادبیران لە سەرانسەری ئەمریکای باکوور دەكات.
ـ تکایە سێ کتێبی نووسەرانی دیكەمان بۆ پێشنیار بكە كە لای تۆی تایبەتن بۆ ئەوەی خوێنەران بیخوێننەوە؟
ڕیچارد داوكینز: (کۆمار ـ Republic)ی (پلوتۆ ـ Pluto) كە لە لایەن (پی.بی میداوەر ـ P.B. Medawar)دەوە نووسەراوە، کۆمەڵە وتارێكی درەوشاوەن لە زانایەكی براوەی خەڵاتی نۆبڵ. دووەم كتێب، كتێبی (بیانییە سوورەکان ـ Red Strangers)ـە لە نووسینی (ئیلسپێت هەکسلی ـ Eslpeth Huxley) كە چیرۆکی ژیانی ئێپیکی (کیکوویوو ـ Kikuyu)یە و زەمەنەكەی هی سەدەی ١٩یە، پێش هاتنی بەریتانییەکان. نووسەر لەم كتێبەیدا سەرکەوتووە لە گواستنەوەی مێشکی خوێنەر بۆ ناو جیهانی کیکوویوو. كە بەریتانییەکان دێن، وەک بێگانەیەك وەسفیان دەكات، ڕێك وەك ئەوەی مەریخییەکان هێرشیان كردبێتە سەریان. كتێبی سێیەم (شمشێری شەرەف ـ Sword of Honor)ـە لە نووسینی (ئیڤلین ووا ـ Evelyn Waugh). ئەم ڕۆمانە سێ بەرگییە، باسی سوپای بەریتانیا دەكات لە جەنگی جیهانی دووەم. بێهاوتا و تانەدەر و زۆر پێکەنینیشە، هەروەها دڵسۆزانە باسی وێرانییبەكانی جەنگ دەكات.
ـ كە بیر لە کتێبێک دەكەیتەوە بۆ ئەوەی بینووسیت، پێشوەخستە پلان و نەخشەڕێگەكەی دادەڕێژیت؟
ڕیچارد داوكینز: ڕێگە دەدەم خۆی بڕوات، زۆر گرنگی بەوە نادەم.
ـ چیت پێ باشە بۆ ئەوەی لاپەڕەی یەکەم و یا بەشی یەکەمی كتێبێك ببێتە هۆی ڕاكێشانی خوێنەر تا كۆتایی كتێبەكە؟
ڕیچارد داوكینز: هەرگیز خوێنەر گێژ مەکە. هەموو شتێک بە ڕوونی ئەنجام بدە، هەر لە سەرەتاوە.
ـ ڕۆتینی نووسینی خۆتمان بۆ باس بكە، واتە ڕێگەیەكی نائاساییت هەیە بۆ پڕۆسەی نووسین؟
ڕیچارد داوكینز: خێرا بنووسە، پاشان پێداچوونەوەی بۆ بکە، پێداچوونەوە، و دووبارە پێداچوونەوە. زۆرجار بە دەنگی بەرزیش دەیخوێنمەوە، یان داوا لە خێزانەکەم دەکەم بە دەنگی بەرز بۆم بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی وشەکانی خۆم لە ڕێگەی کەسێکی ترەوە ببیستم و بزانم ئایا بە ڕوونی نووسیومن.
ـ شتێکی تایبەت یان نائاسایی هەیە لە شوێنی کارەکەت؟ واتە لەسەر مێزەكەت چی هەیە و شوێنی كارەكەت چۆنە؟
ڕیچارد داوكینز: مێزەکەم پەرتوبڵاوە. ڕاستە شانازی بەوەوە ناکەم، بەڵام ڕووكاری كۆمپیوتەرەكەم ڕوو لە باخچەكەمە.
ـ چ شتێك دەتخاتە پێکەنین؟
ڕیچارد داوكینز: (پی.جی. وۆدهاوس ـ P.G. Wodehouse) (مەبەستی لەو نووسەرە بەنێوبانگەی بەریتانیایە كە بە کارە کۆمیدییەكانی ناسراوە).
ـ چی دەتگریێنێت؟
ڕیچارد داوكینز: هەوڵدان بۆ خوێندنەوەی هۆنراوەی خۆشەویستی بە دەنگی بەرز.
ـ ئایا باوەڕێكی پووچت تێدا هەیە ئێمە نەیزانین؟
ڕیچارد داوكینز: هیچ شتێك نییە کە دانی پێدابنێم.
ـ ئەگەر بتوانیت کەسێکی مردوو بگەڕێنیتەوە بۆ ژیان، کێ دەبێت و بۆچی؟
ڕیچارد داوكینز: (چارڵز داروین ـ Charles Darwin)، خۆ ئاشکرایە كە بۆچی؟
ـ خۆشترین خواردنی ئاسایی لای تۆ چییە؟
ڕیچارد داوكینز: كاجۆی سوێرکراو یان شکۆلاتەی (بێندیکس بیتەرمینت ـ Bendick’s Bittermint).
ـ چ ڕستەیەک زۆر دووبارە دەكەیتەوە؟
ڕیچارد داوكینز: سەرسوڕمان و سەرسامی.
ـ كەی هەستت كرد نووسەرێكی سەركەوتوویت؟
ڕیچارد داوكینز: کاتێک كتێبیكی (كڕۆمۆسۆمی خۆپەرستانە) پلەیەكی باشی لە لایەن (سێر پیتەر میداوەر ـ Sir Peter Medawar)ی براوەی خەڵاتی نۆبڵ و یەکێک لە زانا گەورەکانی جیهان پێدرا.
ـ ڕۆژێكی پڕبەرهەمەت، نووسینی چەند وشەیە؟
ڕیچارد داوكینز: ٣٠٠٠ وشە.
ـ چیرۆکێکی خۆشت هەیە سەبارەت بەو گەشتە ئەدەبیانەی كە بە بۆنەی کتێبەكانتەوە دەیكەیت یان لە بۆنەیەکی کتێب واژۆكردن بەسەرت هاتبێت؟
ڕیچارد داوكینز: كاتێك بەشداربوویەك لە یەكێك لە بۆنەی كتێبەكەمدا وتارێكی دوور و درێژی لەسەر ڕۆحانیەت و زانست و ئەو شتانە پێشكەش كرد و پرسیاری لە پڕۆفیسۆر (ستیڤن هاوکینگ ـ Stephen Hawking) كرد كە ئاخۆ شتێکی زیاتر لە زانست لە گەردووندا نییە؟”، هاوکینگیش دە خولەکی پێ چوو تا وەڵامەکەی لەسەر کۆمپیوتەرەکەی نووس و هەموو ئامادەبووان هەناسەبڕكێ بوون كە هاوكینگ چ دەنووسێت. لە کۆتاییدا كە وەڵامەكەی نیشان داین، تەنیا یەك وشە بوو كە ئەویش “نەخێر” بوو.
ـ شتێکمان پێبڵێ كە لە تۆدا سەرسوڕهێنەرە و كەم كەس دەیزانن؟
ڕیچارد داوكینز: حەز دەکەم ببمە شاعیر.
ـ چ ئامۆژگاریەک دەدەیتە نووسەرێکی تازە دەستبەكاربوو؟
ڕیچارد داوكینز: هەمیشە خۆت لە شوێنی خوێنەرەکەتدا دابنێ و هەوڵ بدە بە ناوەڕۆکەکەت سەرنجی خوێنەر ڕابکێشیت، نەک بەوەی كە چەند زیرەکیت.
ـ دەتەوێت چی لەسەر بەردی گۆڕەکەت بنووسرێت؟
ڕیچارد داوكینز: بنووسرێت “ئەو خەباتی دەکرد بۆ ئەوەی تێبگات. بۆ ئەوەی یارمەتی کەسانی تریش بدات”.
ـ پرۆژەی ئایندەت چییە؟
ڕیچارد داوكینز: بەرگی دووەمی ژیاننامەکەمە لە دوای بڵاوکردنەوەی یەکەم کتێبەکەم. دەمەوێ هەوڵ بدەم كە ئاخۆ وەک بەرگی یەکەم بە ڕێکوپێکی بینووسم، یان بابەتیانە كاری لەسەر بكەم.

