رۆژنامەی ھەولێر

یادەوەری نمەبارانێک

سالم سەلمان کووبەچی
خەریکە یادەوەرییەکانم گەڵائاسا هەڵدەوەرن
بەڵام لە یادی ماڵاوایی تۆدا
ئەی گوڵی هەڵوەریوی بەرباران
یادەورییەکانت، سیس دەبن
فرمێسکەکانت، هەورەباران ئاسا
لەسەر خاکی تینووی رۆحمدا دەنگی دێت،
زایەڵەی دەنگێک، ئاوازێک کە دڵێک تێیدا ون دەبێت،
وەک ئەوە وایە
دڵێک هێشتا منداڵانە دەگریێ و
یەکەم وشەی ئەڤین و سووتان
تازە فێر دەبێت،
بەڵام چاوەکانت
دوو ئاسمانی لێک نزیکن
بە دییەی کزم
خەریکە نابینا دەبم،
ئەو چاوانەم لێ ون دەبێت
کاتێک دەستت دەگرم
دەڵێی هەموو دونیا هی منە
ئاخر من و تۆ تەنها بین و ڕازی دڵمان
تا ئەبەد بۆ ناو گۆڕ ببرێت
منت لە بیرەوەرییەکانی تۆدا بزر کرد
تۆم دۆزییەوە
لەو شوێنەی کە دڵەکان ناتوانن پێک بگەن
لەوێدا
دڵم بە جۆش بۆ ڕابردوو دەسووتێت
ئەو دڵەی تژی لە هیوا
من بەره‌و ئامێزی گەرمی تۆ دەهێنێت…