حەمید قەڵادزەیی
لێم مەپرسە
بۆ پاساری خەیاڵی تۆ
ناچێتەوە نێو هێلانە
كە دەبینی، لە سەر سفرەی
ڕەنگینی ژیان
ملیۆنان رۆحی خودایی،
وێڵن بەدوای، لەتێ نان و..
بەهایەكی مرۆڤانە!
خۆ پێم گوتی:
دڵی چۆلەكە مەپێكە
ئەو حەزی پڕ بە گەردوونە
گۆرانی خۆشەویستی ئەو
لە ئاوازی خودای بوونە
هەتا برووسكە،
پەیژەی حەزی نەگاتە سەر
پشتی هەورێكی دڵ بە ئاو
ناشێ عەشق ڕێبەرێك بێ،
بۆ مردن و درەوشانەوەی
نیگای زیوینی خۆرەتاو
نەمدەزانی،
ڤیزەی دوورترین سەفەر دەبێ
یەكەمین چریكەی ژیانم
كەچی ئێستا خۆم هاوار و
زایەڵەی نێو ئێش و ژانم!
ئیدی تاكەی
لە مەرگم دا ژیان دەبینی
كە ژیان بۆ من بایی نانە
چۆن ئەوڕۆم كڕیوە بە خووسان
نرخی سبەینێشم سووتانە!

