رۆژنامەی ھەولێر

پیــــــــــــــــاوێک پیــــــــــــــــاوێک

هاژە بەرزنجی

 

من پاشماوەی
سووتانی خاکم
مشتێ خۆڵەمێشی
بەرهەتاوی جێماوم
کراسەکەی بەرم
لە دەنکۆڵە ڕەشهەڵگەڕاوەکانی
هەناری ڕزیوی دوای خەزانە
درەنگ یان زوو ئەگەڕیتەوە
پێ لەسەر دڵی
سووتاوم دائەنێ
بە ئەندازەی مەرگ
خەمی با
شیوەنی گەڵا
ڕەنگی سپی بەفر
بەڕادەی پەشیمانی
لە ئامێزی تەنیایتم ئەگری.
بیر لەو بەیانیە تەڕە ئەکەیتەوە
چۆن دەستت خستە دڵی
وەنەوشەکانی باغی تەمەنم
چاوی نێرگزەکانت هەڵکۆڵی
جانتاکەت پڕ کرد
لە جەستەی تەزیووی بەیانی
چاوەکانت تاریک تاریک
هیچیان بەدی نەئەکرد
جگە ڕاکردن نەبێ لە خۆت
بیر لەوساتە ئەکەیتەوە
خەمی خۆتت
خستە سەرباڵی پەپوولە
ئەویش بە مەراقەوە مرد
دەشتزانی
سەفەرکردن و هەڵاتن لە خۆت
پاکت ناکەنەوە
لە حەشاردانی تەرمی عەشق
کە بە خەنجەری ژەهراوی گومان کوشتت.
کە دڵی منت شکاند
بەستەڵەکی جودایی
نێوانمانی تەنی
دەست لەگیرفانی هەور دەرهێنە
ئیتر باران
شەقامەکان تەڕناکەن
وێنەکانی شار
چاو نابڕنە ڕێگاکەت.
بەر لە ڕۆیشتن
دەرگای ماڵەکە داخە
نەبا یادگاریەکان
لە پەنجەرەکەوە تەماشات بکەن
پێکەنینێکی بەجێماو
خۆی لە ئامێزت بهاوێ

چاو مەبڕە کەوچک و تاوەو قۆریەکە
با خواردنەکە
لە قورگی مەنجەڵەکە گیر نەبێ
دەست نەبەیت
بۆ دۆمینەی سەر مێزکە
نەکا خاڵەکان
بەکۆ نەفرەتت لێبکەن
ملپێچەکەت دانێ و
دەست بۆ وێنەکان مەبە
ملپێچەکەت دانێ و
ماچێک لەسەر کوڵمی
ئاوێنەکە جێ بهێڵە
مشتێ لە یادگاریەکان
بخەرە گیرفانتەوە
بەهێواشی دەرگاکە داخە
کلیلەکە بدە دەستی ڕێبوارێک
کە هەرگیز بۆ گەشت نەیەتەوە بەوێدا
بەسەر دڵی ڕووبارەکەدا نەپەڕیتەوە
ماسییەکان زۆر بەڕقەوە
پەلامارت ئەدەن
چونکە سوێندت
بەچاوەکانی ئەوان خوارد
بەتەنیا نەچیتە دیداریان
*

سلێمانی 2026