رۆژنامەی ھەولێر

کاتێک مرۆڤبوون ون دەبێت!

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

هەمیشە بڕوام وەها بووە گرنگ ئەوە نییە ئێمە لە دۆخە ئاساییەکاندا هەستی مرۆڤبوونمان بەرز بێت، گرنگ ئەوەیە لە دۆخە سەختەکاندا لە تاقیکردنەوەی مرۆڤبوون دەربچین. لە ژیانی هەموو مرۆڤێکدا چەند وێستگەیەک هەیە، کە دەکەوێتە بەردەم تاقیکردنەوەی سەختی مرۆڤبوونەوە لەو ساتەوەختانەدا مرۆڤ خۆی و ویژدانی (سۆپەرئیگۆ بە مانا دروونشیکارییەکەی) دەمێنێتەوە ئیتر چ بڕیارێک دەدات؟

کاتێک بە وردی و سەرنجەوە لە ئایینەکان و ئایدۆلۆژیا مرۆڤخوازەکان دەکۆڵینەوە سەرجەمیان پێداگریی لە مرۆڤبوون دەکەن و سەرجەمیان لەپێناو مرۆڤبووندا تێدەکۆشن، بەڵام بەردەوام مرۆڤ مەیلی لادانی لە مرۆڤبوون هەیە و بۆ هەمیشەش مرۆڤبوون لەبەردەم مەترسیدایە. لێرەدا مرۆڤبوون بە مانا باڵاکەی بەکاردەهێنم، کە مرۆڤێکی بەرژەوەندیخواز نەبێت و چی بۆخۆی بەسوودمەند دەزانێت بۆ هەموان ئەوە پێشنیار بکات. بابەتی مرۆڤبوون بابەتێکی ئاسان و ئاسایی نییە، بۆیە سەدان پێناسە و تێڕوانینی جیاجیا لەبارەیەوە هەیە، کە جێگەی مشتومڕە، بەڵام من لێرەدا ناچمە نێو ئەو مشتومڕانەوە و تەنها لەڕێگەی فیلمێکەوە کە هەفتەی ڕابردوو هاوڕێیەکی فیلمدۆستم بۆی پێشنیار کردم بەناونیشانی “هۆکاری مردن؛ نادیار” لەم بابەتە وردببمەوە.
فیلمەکە چیرۆکێ چەند سەرنشینێکی پاسێک دەگێڕێتەوە لە شارۆچکەیەکەوە بەرەو شارۆچکەیەکی دیکە، یەکێک لە سەرنشینەکان بەهۆکارێکی نادیار هەر لەناوپاسەکەدا و بەبێدەنگی دەمرێت، بەڵام ئەوانی تر هەست دەکەن، کە مردنی ئەم کەسە بۆیان دەبێتە کێشە، بۆیە دوای مشتومڕێکی زۆر هەوڵی شاردنەوەی تەرمەکەی دەدەن، بەڵام لەم کاتەدا هەست بەوە دەکەن، کە بڕێکی زۆر پارەی پێیە، ئیدی ئەمە کێشەیەکی دیکەیان بۆ دەخولقێنێت.
سەرەتا هەموو سەرنشینەکان کۆکن لەسەر ئەوەی لەو تەرمە ڕزگاربن، بەڵام کە پارەکە دەردەکەوێت ئیدی چاوچنۆکی دەست پێ دەکات و هەموو سەرنشینەکان مرۆڤبوونی خۆیان بیر دەچێتەوە و دەبنە بوونەوەری تەماعکار و بەرژەوەندیخواز، ئیدی بێئاگان لەوەی کە ئەو پارەیە مافی ئەوان نییە و کەسێک، یان کەسانێکی دیکە خاوەنی ئەم بڕپارەیەن، کە بە مرۆڤە مردووەکەیە. دوای شاردنەوەی تەرمەکە، پارەکەش لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن و هەرکەسە و بەهانەیەک/هۆکارێک، دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی شەرعییەت بدات بە وەرگرتنی پارەکە و ویژدانی خۆی ئاسوودە بکات کە بۆچی پارەکەی وەرگرتووە.
کۆتا دیمەنی فیلمەکە بەوە کۆتایی دێت، کە کاتێک سەرنشینانی پاسەکە دەگەنە تەرمیناڵی شارۆچکەکەی دیکە دەبینن ژنێکی دووگیان و منداڵێک چاوەڕوانی ئەو پیاوەن، کە لە پاسەکەدا بەبێ هۆکار مردووە و ئەوانیش بێڕەحمانە ئەو پارەیەی پێی بووە دابەشیان کردووە. لێرەدا تەواوی سەرنشینانی پاسەکە کە پارەکەیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردووە، جگە لە سەیرکردنی ژن و منداڵێکی چاوەڕوان ناتوانن هیچی دیکە بکەن و هەموویان چەشنی پەیکەرێک، کە هیچ جوڵەیەکی نەبێت و توانای بزانی هیچ پارچەیەکی جەستەی نییە لە شوێنی خۆیاندا وشک دەبن و ئیدی لێرەدا فیلمەکە کۆتایی دێت. هیچ دیالۆگێکی دیکە لە زاری هیچ کام لە سەرنشینانی پاسەکەوە بە شۆفێرەکەشەوە نابیستین، بەڵام کامێراکە بە پیشاندانی ڕووخساریان هەموو شتێکمان بۆ دەگوازێتەوە و تێماندەگەیەنێت مرۆڤبوون چییە؟ ئێمە چۆن ماف بەخۆمان دەدەین سامانی ئەوانی تر بۆ خۆمان بە حەڵاڵ بزانین؟
فیلمەکە هەڵگریی کۆمەڵێک پرسیاری ئەخلاقی و ویژدانییە و مرۆڤ دوای تەماشاکردنی دەکەوێتە بەردەم ئەو پرسیارانەی کە بۆچی هەمیشە مرۆڤبوونمان لە مەترسیدایە؟ بۆچی گرنگە هیچ چرکەساتێک مرۆڤبوونی خۆمان لەبیر نەکەین و نەبینە مرۆڤێکی بەرژەوەندیخوازی بێمۆڕاڵ. ئەوەی دونیا بەرەو جەنگەڵسان دەبات و جەنگەکان سەرڕێ دەخات و ترەمپیزم دەبێتە دیاردەیەکی نوێی هەنووکەیی لەبیرکردنی مرۆڤبوونە لەلایەن هەموانەوە و بەر لەگەشت کەست سیاسییە باڵادەستەکانی جیهان کە دەمێکە ماڵئاواییان لە مرۆڤبوون و مۆڕاڵێکەکانی کردووە و بوونەتەوە هۆڤێکی بەرژەوەندیخوازی بێمۆڕاڵ، کە جگە لە بەرژەوەندی خۆیان هیچی دیکە لەبەرچاو ناگرن.
مرۆڤبوون تەنها یەک ئاست و یەک ڕێگەی نییە، بۆیە گرنگە هەمیشە دەست بە مرۆڤبوونمانەوە بگریین، جیهانەکەمان لە هەنووکەدا گەلێک فریودەر و دژە مرۆڤبوونە و هەر چرکەساتێک لەبیری بکەین دەشێ مۆڕاڵی مرۆڤبوونمان چەشنی سەرنشینانی نێو پاسەکە لەبیر بکەین و ببینە هۆکارێک بۆ بەدبەختبوونی خێزانێک کە جگە لەوەی سەرۆک خێزانەکەیان لەدەستداوە هاوکات سەرمایەیەکی زۆریشیان لەدەست داوە و بۆ هەمیشەیی لە چاوەڕوانی و بەدبەختیدا هێڵراونەتەوە. من دڵنیام مرۆڤبوون سەختە، بەڵام ئەوەی بەهایەک دەداتە ژیانمان کە سەربەرزانە هەناسەیەکی ئاسوودەیی هەڵمژین تەنها پاراستنی مرۆڤبوونە.

سەرنج:
*فیلمی “هۆکاری مردن؛ نادیار” لە دەرهێنانی “عەلی زەرنێگەر”ە نێردراوەی وڵاتی ئێرانە بۆ خەڵاتی ئۆسکار و تا ئێستا براوەی 13 خەڵاتە و بۆ 12ی دیکەش پاڵێوراوە.