رۆژنامەی ھەولێر

مامۆستا و پەروەردەی هەستی نیشتمانپەروەری

خەرمان کەمال پیربال

 

لە سەردەمێکدا کە جیهان وەک گوندێکی بچووکی لێ هاتووە و، سنوورە جوگرافیاییەکان بەهۆی تەکنەلۆژیاوە لێک نزیک بوونەتەوە، گرنگیی پاراستن و پەروەردەکردنی هەستی نیشتمانپەروەری لە دڵی نەوەی نوێدا زیاتر دەرکەوتووە. لەم پرۆسەیەدا مامۆستا گرنگترین رۆڵی هەیە، چونکە ئەو کەسەیە کە دەتوانێت مەفهوومی ڕاستەقینەی نیشتمانپەروەری بە نەوەی داهاتوو بگەیەنێت و هەستێکی پاک و بێلایەنی خۆشەویستی نیشتمان لە دڵی قوتابیاندا بخاتە جێ.

نیشتمانپەروەری تەنها شۆرەتی سروود خوێندن یان پێزانینی ئاڵا نییە، بەڵکو هەستێکی قووڵە کە لە شارەزایی بە مێژوو، فەرهەنگ، زمان و ئاکامی ئەم نەتەوەیەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەها بە هەستی بەرپرسیارێتی بۆ ئاوەدانکردنەوە و پاراستنی نیشتمان تەواو دەبێت. مامۆستا ئەو کەسە بەرپرسیارەیە کە ئەم هەستە پیرۆزە بە شێوەیەکی ڕاست و دروست پەروەردە بکات.

_ مەفهوومی ڕاستەقینەی نیشتمانپەروەری
پێش ئەوەی باس لە رۆڵی مامۆستا بکەین، پێویستە تێبگەین نیشتمانپەروەری چییە و لە چی جیادەبێتەوە. نیشتمانپەروەری هەستێکی سروشتی و پاکە کە مرۆڤ بەرامبەر ئەو خاکە هەیەتی کە لەسەری لەدایک بووە، گەورەبووە و ژیانی تێدا بەسەر دەبات. ئەم هەستەش پێک هاتووە لە خۆشەویستی بێ مەرج، نیشتمانپەروەری بە خۆشویستنی ئەم خاکە دەست پێ دەکات، خۆشویستنی چیاکان، دەشتەکان، ڕووبارەکان، شار و شارۆچکەکانی. ئەم خۆشەویستییە وەک خۆشەویستنی مرۆڤ بۆ دایک و باوکی سروشتییە و پێویستی بە هیچ بیانوویەک نییە.
ڕێزگرتن لە مێژوو: نیشتمانپەروەری واتا ڕێزگرتن لە ئەو مێژو و ڕابردوویەی کە نەوەکانی پێشوو بۆمانیان بەجێ هێشتووە. ئەو خوێن و ئازایانەی کە بۆ پاراستنی ئەم خاکە ڕژاوە، ئەو هونەر و فەرهەنگەی کە دروستیان کردووە، هەموو ئەمانە میراتێکی بەنرخن کە پێویستە نەوەی ئێستا بیانپارێزێت و بیانگەیەنێتە نەوەی داهاتوو.
بەرپرسیارێتی بۆ ئەمڕۆ و سبەی نیشتمانپەروەری تەنها یادکردنەوە و سۆزی بۆ ڕابردوو نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتی ئێستا و داهاتووشە. نیشتمانپەروەری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە هەوڵ دەدات ڕۆڵێکی ئەرێنی لە ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی نیشتمانەکەی هەبێت.
ڕێزگرتن لە نەتەوەکانی تر نیشتمانپەروەری ئەوە نییە کە ڕق لە نەتەوەکانی تر ببەستێت یان بە سووکییەوە سەیری بکەیت. نیشتمانپەروەری ڕاستەقینە لەگەڵ خۆشەویستی نیشتمان، ڕێز و متمانەی بۆ مرۆڤایەتی و نەتەوە و کولتوورەکانی تریش هەیە.

_ رۆڵی مامۆستا لە دروستکردنی هەستی نیشتمانپەروەری
مامۆستا دوای خێزان، دووەم کەسێکە کە کاریگەری قووڵی لەسەر کەسایەتی منداڵ و گەنج هەیە. لە ساتە حەساسەکانی تەمەنی منداڵیدا کە کەسایەتی دروست دەبێت، مامۆستا دەتوانێت بنەمای هەستی نیشتمانپەروەری دابنێت لە ڕووی فێرکردنی مێژووی نەتەوە کە یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی مامۆستا فێرکردنی مێژووی نەتەوەیە. بەڵام نەک بە شێوەیەکی ڕۆتینی وەرگرتنەوەی ڕووداو و بەروار، بەڵکو بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و هەستیار کە قوتابیان بتوانن خۆیان لەناو ئەو مێژووەدا ببینن. کاتێک مامۆستا باس لە پاڵەوانانی نەتەوە دەکات، لە تێکۆشان و قوربانیکردنەکانیان، قوتابیان دەبێت هەست بە سەربەرزی و شانازی بکەن، هەروەها دەبێت تێبگەن ئەم ئازادییە و ئاسوودەییەی کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، بەخۆڕایی بەدەست نەهاتووە.
مامۆستا دەبێت بەتەواوی مێژوو بناسێنێت، لایەنە ڕووناکەکانی و لایەنە تارکەکانیش. دەبێت قوتابیان فێربن لە هەڵەکانی ڕابردو وانە وەربگرن، نەک تەنها شانازی بە سەرکەوتنەکان بکەن. مێژووی ڕاستگۆیانە یارمەتی قوتابیان دەدات تا تێبگەن چۆن دەتوانن لە داهاتوودا نیشتمانێکی باشتر دروست بکەن. هەروەهاپەروەردەی زمانی دایک، کە زمان گرنگترین کەرەستەی ناسنامەی نەتەوەیە. مامۆستا دەبێت خۆشەویستی زمانی دایک لە دڵی قوتابیاندا بخاتە جێ و هانیان بدات بە شانازییەوە قسەی پێ بکەن و بەکاری بهێنن. فێرکردنی ئەدەبیاتی کلاسیک و هاوچەرخ، هاندانی نووسین و داهێنان بە زمانی دایک، پرۆژەی وەرگێڕان و لێکۆڵینەوە، هەموو ئەمانە یارمەتیدەرن لە بەهێزکردنی پەیوەندی قوتابیان لەگەڵ زمانی نەتەوەکەیاندا.
لە هەمان کاتدا، مامۆستا دەبێت قوتابیان ئاگادار بکاتەوە لە مەترسی لەدەستدانی زمان. مێژووی نیشان داوە کە نەتەوەی زۆر زمانی دایکیان لەدەست داوە، ناسنامەی نەتەوەییشیان لەدەست داوە. بۆیە پاراستن و پەرەپێدانی زمانی کوردی ئەرکێکی نیشتمانپەروەرانەیە.
وە ناساندنی فەرهەنگ و نەریت، هەر نەتەوەیەک فەرهەنگی تایبەتی خۆی هەیە کە بەدرێژایی سەدان یان هەزاران ساڵ شەکڵی گرتووە. مامۆستا دەبێت ئەم فەرهەنگە بە قوتابیان بناسێنێت. نەریت و عاداتەکان، جلوبەرگی نەتەوەیی، میوزیک و گۆرانی، چیرۆک و ئەفسانە، خواردن و خواردنەوە، جەژن و ئاهەنگەکان، هەموو ئەمانە بەشێکن لە ناسنامەی نەتەوەیی.
بەڵام گرنگە مامۆستا ئاگادار بێت کە فەرهەنگ شتێکی وەستاو نییە، بەڵکو بەردەوام دەگۆڕێت و پەرە دەستێنێت. بۆیە پێویستە لایەنە ئەرێنی و مرۆیی فەرهەنگ پێشکەش بکرێت و لە هەمان کاتدا ڕێزیش بۆ فەرهەنگی نەتەوەکانی تر دابمەزرێت. قوتابیان دەبێت فێربن کە دەتوانن هەم کوردی ڕەسەن بن و هەم کەسێکی هاوچەرخ و کراوەبن بۆ فەرهەنگە جیاوازەکان.
هەروەها پەیوەندی و گرێدان لەگەڵ سروشتی نیشتمان خۆشەویستی نیشتمان بە خۆشویستنی سروشتەکەی دەست پێدەکات. مامۆستا دەبێت دەرفەت بۆ قوتابیان دابین بکات کە سروشتی نیشتمانیان بناسن. سەردانی شوێنە دیرۆکی و سروشتییەکان، گەشتی پەروەردەیی بۆ شوێنە جیاوازەکان، چالاکی دەرەوەی پۆل، هەموو ئەمانە یارمەتیدەرن.
کاتێک منداڵ لە چیاکاندا یاری دەکات، گوڵەکان دەبینێت و گۆرانی باڵندەکان دەبیستێت، پەیوەندییەکی هەستیاری لەگەڵ نیشتمان دروست دەبێت. ئەم پەیوەندییە هەستیارە دواتر دەگۆڕێت بە هەستی بەرپرسیارێتی بۆ پاراستنی ئەم سروشتە.

_ڕێگاکانی پراکتیکی بۆ پەروەردەی نیشتمانپەروەری
مامۆستا دەتوانێت بە شێوازی جیاواز هەستی نیشتمانپەروەری لە قوتابیاندا پەرە پێبدات ئەویش لە ڕێگاکانی بەکارهێنانی چیرۆک و سروود، مامۆستا دەتوانێت چیرۆکی پاڵەوانان و میللەتپەروەران بۆ قوتابیان بگێڕێتەوە، سروودی نیشتمانپەروەرانەیان فێربکات، شیعری وڵاتپەروەرانە پێیان بخوێنێتەوە. ئەم شێوازە وا دەکات قوتابیان بە هەستیاری و بێ زەحمەت ئەم بەهایانە وەربگرن.

سەردانی شوێنە دیرۆکییەکان
لەبری ئەوەی تەنها لە کتێبدا باس لە شوێنە دیرۆکییەکان بکرێت، باشترە قوتابیان ببرێن بۆ ئەو شوێنانە. کاتێک منداڵ خۆی دیتەوە لەو شوێنە مێژووییە لەقەڵایەک، لە ماڵی کەسایەتییەکی مێژوویی سەردان دەکات، شوێنەوارەکان دەبینێت، ئەم مێژووە بۆی زیندوو دەبێتەوە و ئیتر تەنها نووسراوێک لەسەر کاغەز نامێنێتەوە.
_ پرۆژە و تویژینەوە، هاندانی قوتابیان بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی لێکۆڵینەوە دەربارەی مێژوو، فەرهەنگ و کێشەکانی نیشتمان، ڕێگەیەکی زۆر باشە بۆ قووڵکردنەوەی زانیاری و پەرەپێدانی هەستی بەرپرسیارێتی. قوتابی دەتوانێت لەسەر شارۆچکەکەی خۆی، کەسایەتییەکی ناوچەیی، نەریتێکی تایبەت، یان کێشەیەکی کۆمەڵایەتی تویژینەوە بکات.
_ پێشانگا و ئاهەنگ، ڕێکخستنی پێشانگای وێنە، کەلوپەلی دەستکرد، کتێب و بەرهەمی هونەری پەیوەست بە نیشتمان، هەروەها ئاهەنگی نیشتمانپەروەرانە لە جەژن و بۆنە نیشتمانییەکاندا، هەموو ئەمانە دەرفەتی باشن بۆ ئەوەی قوتابیان بەشداری چالاکانەیان لەم بابەتەدا هەبێت.
ئاخاوتن و گفتوگۆ لەسەر کێشەکانی نیشتمان، چالاکی مشتومڕکردن لەسەر بابەتە نیشتمانییەکان، هەموو ئەمانە یارمەتیدەرن کە قوتابیان بە شێوەیەکی ڕەخنەیی بیر بکەنەوە و بۆچوونی خۆیان دروست بکەن. گرنگە کە فەزایەکی کراوە و ئازاد دابین بکرێت کە قوتابیان بە ئازادی بیروڕای خۆیان دەرببڕن.
_کارە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداری لە کارە خێرخوازییەکان، کارە کۆمەڵایەتییەکان، خاوێنکردنەوەی ژینگە، یارمەتیدانی کەسانی نەدار و پێویست، هەموو ئەمانە جۆرێکن لە نیشتمانپەروەری پراکتیکی. قوتابیان فێردەبن کە نیشتمانپەروەری تەنها قسە نییە، بەڵکو کردارە.
پێویستە مامۆستا جیاکردنەوەی نیشتمانپەروەری لە نەتەوەپەرستی بخاتە ڕوو
یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی مامۆستا ئەوەیە کە فێری قوتابیان بکات نیشتمانپەروەری لە نەتەوەپەرستی ئاڵۆز جیاوازە، نیشتمانپەروەری پاک بریتییە لە خۆشویستنی نیشتمان و ویستی باشی بۆی، بەڵام لەگەڵ ڕێزگرتن لە مافەکانی نەتەوە و کولتوورەکانی تر. نیشتمانپەروەری پاک هیچ کات ناهێنێت کە مرۆڤ ڕق لە نەتەوەکانی تر ببەستێت یان خۆی لە ئەوان باشتر ببینێت.
نەتەوەپەرستی ئاڵۆز یان تەنگەڵاو بەپێچەوانەوە، نەتەوەپەرستی تەنگەڵاو باوەڕە بە باڵادەستی نەتەوەیەکی دیاریکراو بەسەر نەتەوەکانی تردا، کە دەبێتە هۆی دوژمنایەتی، ڕق و تەنانەت توندوتیژی. ئەم جۆرە بیرکردنەوە تاوانێکە بەرامبەر مرۆڤایەتی و دەبێت بە توندی ڕەت بکرێتەوە.
مامۆستا دەبێت بە وردی ئەم جیاوازییە ڕوون بکاتەوە. دەبێت قوتابیان فێربن کە دەتوانن هەم شانازی بە نەتەوەی خۆیان بکەن و هەم ڕێز بۆ نەتەوەکانی تر هەبێت. دەتوانن هەم فەرهەنگی خۆیان بپارێزن و هەم فێری فەرهەنگی نەتەوەکانی تر بن. دەتوانن هەم بۆ سەرکەوتنی نیشتمانی خۆیان کاربکەن و هەم بۆ ئاشتی و هاوکاری نێودەوڵەتی.

_ نیشتمانپەروەری لە سەردەمی بە جیهانیبوون (گلۆبالیزەیشن)
لە سەردەمی ئێستادا، جیهان زۆر نزیک بووەتەوە. ئینتەرنێت، سۆشیاڵ میدیا، گەشتکردنی ئاسان، هەموو ئەمانە وایان کردووە کە مرۆڤ بتوانێت بە ئاسانی لەگەڵ کەسانی نەتەوە و کولتووری جیاواز پەیوەندی هەبێت. ئەم دۆخە چەند بەرکەوتەیەک و ڕوبەڕووبوونەوەیەکی بەردەم پەروەردەی نیشتمانپەروەری دادەنێت لە ڕووی کاریگەری فەرهەنگە بیانییەکان، منداڵان و گەنجان لە ڕێگەی تەلەڤزیۆن، ئینتەرنێت و سۆشیال‌میدیاوە بەردەوام دەکەونە بەر کاریگەری فەرهەنگە بیانییەکان. هەندێک جار ئەم کاریگەرییە زیانۆکە و دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە ڕەگ و کولتووری خۆیان. مامۆستا دەبێت قوتابیان ئاگادار بکاتەوە لەم مەترسییە و فێریان بکات چۆن لە فەرهەنگە جیاوازەکان سوود وەربگرن بەبێ ئەوەی کەسایەتی نەتەوەیی خۆیان لەدەست بدەن. وە کۆچکردن لە سەردەمی ئێستادا زۆر لە خەڵکی کورد لە دەرەوەی نیشتمان دەژین. منداڵانی ئەوان لە ژینگەیەکی فەرهەنگی جیاواز گەورە دەبن. ئەم منداڵانە زۆر کاتێک کێشەیان هەیە لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان. بۆیە گرنگە کە لە پەروەردەدا سەرنج بەو لایەنە بدرێت و دەرفەت بە منداڵانی کوردی دەرەوە بدرێت کە لەگەڵ زمان و فەرهەنگی خۆیان پەیوەندییان بەردەوام بێت.
هاوسەنگی نێوان نیشتمانی و جیهانی: لە دۆخی ئێستادا، مرۆڤ دەبێت هەم هاووڵاتیانی نیشتمانی خۆی بێت و هەم هاووڵاتیانی جیهان. مامۆستا دەبێت فێری قوتابیان بکات چۆن ئەم هاوسەنگییە دروست بکەن. چۆن لەگەڵ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان، کراوە بن بۆ فەرهەنگە جیاوازەکان و بەشداری کۆمەڵگەی جیهانی بکەن.

_ رۆڵی خێزان لەگەڵ قوتابخانە
پەروەردەی نیشتمانپەروەری تەنها ئەرکی مامۆستا نییە، بەڵکو خێزانیش رۆڵی گەورەی هەیە؛ هاوکاریی خێزان کە خێزان یەکەم قوتابخانەی منداڵە. دایک و باوک لە ڕێگەی چیرۆک، گۆرانی، یادەوەری کەسی، گێڕانەوەی ڕووداوی مێژوویی، دەتوانن بناغەی خۆشەویستی نیشتمان لە دڵی منداڵدا دابنێن. گرنگە کە خێزان و قوتابخانە لەسەر ئەم بابەتە هاوکاری بکەن.
بۆ نموونە بوونی دایک و باوک، منداڵ زۆر لە دایک و باوکی فێر دەبێت. ئەگەر دایک و باوک شانازی بە نەتەوەکەیانەوە بکەن، بە زمانی دایک قسە بکەن، نەریتەکانیان پاراستبێت و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتییان هەبێت، منداڵەکەیان خۆبەخۆ ئەم خەسڵەتانە فێر دەبێت.