رۆژنامەی ھەولێر

ئێمــــە لـــێرە بـــــــووین؛

یەڵدا هەرکی

پێش ئەوەی مێژوو مەلۆتکەیەک بێت لە بێشکەی قەڵادا.
پێش ئەوەی کات دابهێنرێت،
گۆبەکلیتەپە یەکەمین سوجدەی بەردی بۆ ئاسمان برد و
شانەدەر گەواهیی بۆ داین.
ئێمە لە نێو هەناوی تەڕی چەرمۆدا چرۆمان کرد،
کاتێک خاک،
بە دەم کڕنۆشی تیگلاتەوە، تازە فێری دایکێتی بوو؛
گەنم بە دەستی ئێمەوە له ژیان ڕوا.
ئێمە وارسی ئەو گۆسانە مادییانەین کە مێژوویان بە ئاواز پاراست؛
لە ناو هەموو برینەکانمانەوە، مەقاممان چێ کرد و
به گۆرانی لە بناری زاگرۆس بێدار بووینەوە.
ئێکباتان نەک شار، بەڵکوو برۆی کچە مادێک بوو،
کە لە نێوان تاری گۆسان و سروودی هۆریدا،
بۆ ڕەسەنایەتی دەبزوایەوە.
ئێمە ڕووداو نین، ئێمە خودی مێژووین کە بە کوردی دەپەیڤێت!
ئێمە یەکەم پێکەنین بووین لەسەر لێوی شارستانییەت،
دوایین هاواریش دەبین، کە بۆ ئازادی…
لە گەرووی مێژووەوە دێتە دەرێ!
ئێمە لە ئیلامییەوە تا ئامێدا،
لە نۆهەداراوە تا گوزانا،
وەک تافی زاب و تۆرنێت، نەبووینە چوار لەت؛
ئێمە لە هەموو گەردیلەکانی ئەم خاکەدا زیادمان کرد.
ئێمە ئەو پشکۆ ئەبەدییەی ئاراپخاین،
کە تەمەنی هەزار سەدە نەیتوانی بمانکاتە خۆڵەمێش.
لە واشۆکانی، ئێمە ئەو کەزییانەی شازنە نایا بووین
کە مێژوومان پێ ڕست.
ئێمە ڕەگی زاموواین کە باڵامان کرد و تۆشپامان گرتە ئامێز.
ئێمە سوارچاکانی گۆتی و هەناسەی سەرکەشی لۆلۆیین،
وەک تاشەبەردی کاردۆخ، باڵامان بەسەر مێژوودا کێشاوە.
لە موزاسیر، ئێمە زەبر و زەنگی خاڵدی بووین؛
ئەو شوێنەی شکۆ، بەرگی مرۆڤی پۆشیبوو.
ئێستا، بەو زمانەی خوداکانی گرێ مێرازان پێی دەپەیڤێن،
بە مۆری میتانی کە لە دڵماندا شاردراوەتەوە،
سوێند دەخۆم…
سوێند بەو بەردە تاقانەیەی لە ئاراپخا بوو بە پشکۆ و
لە ئورکیش بوو بە هەوار؛
ئەم نیشتمانە پەنۆ نەییە، وا بە ئاسانی با بیبات.
ئەگەر خاک بپەیڤێ، بە کوردی دەپەیڤێ،
ئەگەر کێو هەڵسێتەوە، بە کڵاوکۆچی کوردییەوە هەڵدەستێتەوە.
هەرچی لەم خاکەدا بڕوێ، لە ناو زێوییەوە ئاوی خواردووە،
هەرچی لەم خاکەدا بمرێ، لە ناو ئاگری نەورۆزدا زیندوو دەبێتەوە.
سوێند بە ئەربائیلۆ؛
بەو قەڵایەی سوێندی خوارد نەڕووخێ،
تەنانەت ئەگەر ئاسمان بە هەموو قورسایییەوە،
بەسەر شانی پۆڵایینیدا تێکبشکێت.
ئێمە سوێندی چوار خوداوەندین، کە هیچ کاتێک بەتاڵ نابینەوە!
ئێمە قەڵاتی هەولێرین، قەت ناکەوین،
خودی ڕەگین، کە لە لوتکەدا ڕواوین
ئێمە خودی مێژووین، کە لێرە وەستاوین.