رۆژنامەی ھەولێر

من چۆن دەنووسم. گفتوگـــــــــــــــۆیەك لەگەڵ جەین گۆدال

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

ئەمە چاوپێكەوتێكی (دكتۆر جەین گۆدال ـ Jane Goodall)ـی زانای ناودار و سرووشتناسەكە كە تیایدا وەڵامی وەڵامی تۆمەتەكانی دزیی ئەدەبی لە كتێبە نوێیەكەی دەداتەوە بە ناوی (تۆوی هیوا، حیكمەت و سەرسوڕمان لە دونیای ڕووەكەكان ـ Seeds of Hope: Wisdom and Wonder from the World of Plants). ئەم زانا و پارێزەری سرووشتە، كەسێكی بە بەزەیی، وریا و هیواپیدەر و ڕێنماییكار بوو و مرۆڤایەتی فێری ئەوە كرد كە هیوامان هەبێت و لەگەڵ ئاژەڵەكان بەسۆز بین. ئەم ژنە سروشتپارێزە، ساڵی ڕابردوو و لە تەمەنی 91 ساڵی كۆچی دوایی كرد.

ـ لە كوێ گەورە بوویت؟
گۆدال: لە كاتی گەورەبوونمدا، جەنگی جیهانی دووەم بە توندی لە ئارادا بوو. كە تەمەنم پێنج ساڵ بوو، لەگەڵ دایكم و خوشكە بچووەكەكەم چووینە باشووری ئینگلتەرا بۆ (بۆرنمۆس ـ Bournemouth). پارەیەكی زۆر كەممان هەبوو، بەڵام باخچەیەكی خۆشمان هەبوو، گەورە و جوان. ماڵی داپیرەم (دایكی دایكم) بوو. سەرەتا هەر ئاژەڵم دەبینین، ئاژەڵ، ئاژەڵ. تەماشام دەكردن. چیرۆكم لەبارەیانەوە دەنووسی. من ئاوا لەدایك بووم، ئاوا گەورە بووم، بەڵام سەرەتا هیچ ئارەزوویەكم نەبوو لەوەی كە ببمە زانای زانست. دەمویست ببمە زانای سرووشت. كاتێك تەمەنم دە ساڵ بوو، پارەیەكی پێویستم پاشەكەوت كرد بۆ كڕینی كتێبێكی دەستی دوو بە ناوی (تاڕزانی مەیموونەكان ـ Tarzan of the Apes). عاشقی تاڕزان بووم، و زۆر خەمبار بووم كاتێك هاوسەرگیرییەكی هەڵەی لەگەڵ (جەینی ـ Jane) كرد.
ـ باسی یەكەم بەریەككەوتنت لەگەڵ شامپانزێكانمان بۆ بكە.
گۆدال: یەكەم بەریەككەوتنم.. ئەودەم منداڵ نەبووم. كارێكم لە لەندەن هەبوو، و دوو شامپانزێم لە باخچەی ئاژەڵان بینی. زۆر دڵم پێیان دەسووتا، چونكە شوێنێكی تەواو خراپیان هەبوو. هۆكاری ئەوەی لێكۆڵینەوەم لەبارەی شامپانزێكان كرد ئەوەبوو كە پارەم پاشەكەوت كرد بۆ گەیشتنە ئەفریقا، چونكە لەلایەن هاوڕێیەكی قوتابخانەمەوە بۆ پشوویێك بانگهێشت كرابووم و لەوێ (دكتۆر لویس لیكی ـ Dr. Louis Leakey)ـی شوێنەوارناس (paleontologist) و زانای كۆچكردوو، پرسیاری لێكردم ئایا ئامادەم بۆ لێكۆڵینەوە لە شامپانزێكان؟ من ئەودەم لێكۆڵینەوەم لەسەر هەموو ئاژەڵێك دەكرد. تەنها دەمویست بچمە دەرەوە و لەو كەژ و كێوانە لەگەڵ ئاژەڵەكان بژیم و كتێبیان لەبارەوە بنووسم.
ـ دەتوانیت چەند كتێبێكمان پێ بناسێنیت لەبارەی سرووشتناسییەوە كە كاریگەرییان لەسەر تۆ هەبووە؟
گۆدال: ئۆی، ڕاستی ئەوە قورسە، چونكە گاڵتە ناكەم كاتێك دەڵێم كە تاڕزان كاریگەرییەكی گەورەی لەسەرم هەبوو. دارستان، دار و ئاژەڵەكان. ڕێك ئەوەی كە دەمویست. هەروەها كتێبێكم هەبوو كە بۆ منداڵان نەبوو، بەڵام داپیرم وابزانم لە ڕێگەی پاشەكەوتی كۆپێنەوە بە دیاری دابوویان پێی بە ناوی (پەرجووی ژیانەكان ـ The Miracle of Lives). بەشەكانی دابەش كرابوون، بەشێك لەسەر زمانی جیاواز، مەبەستی جیاواز، مێژووی سرووشتی شیردەرەكان، پەرەسەندن و تەنانەت مێژووی پزیشكیشی تێدا بوو. كتێبێكی سەرسوڕهێنەر بوو و كاتێكی زۆر و زۆرم لەگەڵ ئەم كتێبەدا بەسەر بردبوو. سەیری وێنەكانیم دەكرد، وێنەكانم دووبارە دەكێشانەوە. هەروەها كتێبەكانی (ئاژەڵە كێوییەكان ـ Wild Animals)ـی (ئێرنێست تۆمپسۆن سیتۆن ـ Ernest Thompson Seton) و (هەزار پێ لە ژێر دەریا ـ twenty thousand Leagues Under the Sea)ی (جوول ڤێرن ـ Jules Verne) كتێبی زۆر باشن.
ـ ئایا هەرگیز بیرت لە پیشەیەك كردۆتەوە لە چیرۆكنووسیدا، جیاواز لە زانست؟
گۆدال: نازانم ئایا شتێكی وام بە مێشكدا هاتبێت. كاتێك گەورە دەبووم، كچان بیریان لە شتەكان نەدەكردەوە بەو شێوەیە. تەنها دەمویست بچمە كەژ و كێو و لەگەڵ ئاژەڵەكان بم.. ئیتر ئەو ڕۆژانە ئاوا بوو كە هاوسەرگیریت لەگەڵ كەسێك دەكرد و تەواو. منیش ئاوا گەورە بووم.
ـ چۆنە ببیتە (شوالیتە ـ Dame) (مەبەستی نیشانی سوارچاكیی ئەدەبیاتە)؟ ئێمەی ئەمریكی سەرسامی چەمكی سوارچاكین شوالیتە؟
گۆدال: ئۆی، باشە، ئاخۆ تۆ ئەم زنجیرە شەرەفەت بەدەست هێناوە كە بە (ئێم.بی.ئی ـ MBE) دەست پێدەكات واتە ئەندامی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا، پاشان (ئۆ.بی.ئی ـ OBE) واتە پلەی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا.. نەخێر بوەستە، فەرماندەیی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا، یەك پلە لەو بەرزترە. پاشان، چەند ساڵێك دواتر.. نازانم، خەڵك ناوێك پێشنیار دەكەن، پاشان خەڵكی تر پشتگیری ناوێك دەكەن و دەچێتە لیژنە.. ئەوە شتێكی فەرمییە. بە ڕاستی.. واتە ئیمپراتۆریەتی بەریتانی نییە، وایە؟ ئەوە سەردەمی بەسەرچووە.
ـ ئایا خودی ئاهەنگەكە بۆت خۆش بوو؟
گۆدال: مەبەستت (سی.بی.ئی ـ CBE)ـە، ئەوە زۆر بەجۆش و خرۆش بوو، چونكە دایكم هێشتا لە ژیاندا مابوو. زۆر دڵخۆش و شاناز بوو. باوكیشم هات، ئەگەرچی جیاببوونەوە ئەودەم، بەڵام پێكەوە هاتن. خوشكیشم لەوێ بوو. ئەوە بەڕاستی واتایەكی گرنگی هەبوو بۆ من. شاژن بوو كە میداڵەكەی پێدام، بەڵام سەبارەت بە (شوالیتە ـ Dame)، نا حەزم لێی نییە ببمە سوارچاك. سوارچاك،\ كەسێكی لێبۆكە لە نمایشێكی پانتۆمیمدا. سوارچاكی بۆ ئافرەت، نازانم.. بەهەرحاڵ.. ناوونیشانەكە بەكارناهێنم.
ـ وادیارە هەستێكی بەزمەساتانەت هەیە لەوەی كە لە ئەفلام كارتۆی (فار ساید گاری لارسۆن ـ Gary Larson Far Side cartoon) ڕووی دا. وادیارە ڕێزێكی زۆر و ئەوەندە ناسراو بیت كە لە ئەفلام كارتۆنێكی بەناوبانگ ببینرێیت، و هەروەها لە ئەڵقەیەكی (سیمپسۆنزەكان ـ Simpsons) هەیت؟!
گۆدال: بەڵێ، بە تەواوی دڵخۆش بووم كە لە ئەفلام كارتۆنی لارسۆندا بم. پێموایە كارتۆنەكانی سەرسوڕهێنەرن. ئەودەمی بەڕێوەبەرە گەمژەكەی ئەنیستیوتی (جەین گوودال ـ Jane Goodall)ـم لابوو، و بەڕاستی نووسیم ـ من لە ئەفریقا زۆر دوورم و هیچ زانیارییەكم نییە لەوەی كە چ بكات ـ ئەویش نووسی بۆ گاری لارسۆن و گوتی سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكات، چونكە لە ئەفلام كارتۆنەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە من پەیوەندیی سێكسیم لەگەڵ شامپانزێكان هەبووە! ئاخۆ بەڕاستی دەتوانیت باوەڕ بەوە بكەیت؟! نزیكەی دوو ساڵ دواتر هاوڕێیەكم گاری لارسۆنی بانگهێشت كرد بۆ سەردانێكمان، گوتبووی “پێموانییە جەین پێشوازیم لێبكات”. نەیدەزانی من سەرسامم بەو ڕەفتارە گەمژانەیەی و نەیدەزانی چەندە حەزم لە ئەفلام كارتۆنەكانیەتی. هات و هەموو شتێكمان یەكلایی كردەوە.
ـ چۆن وەڵامی تۆمەتی دزییە ئەدەبییەكەت دایەوە لەبارەی كتێبە نوێیەكەت واتە كتێبی (تۆوی هیوا)؟
گۆدال: دواجار. نۆح، من تەنیا ئەمڕۆ كتێبە نوێیەكەم بەدەست گەیشتووە. دەزانیت، ئەوەی كە بڵاو كراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی من گەیشتووە. من تازە لە ئەفریقاوە گەیشتوومەتە ئێرە و كتێبەكە نیو كاتژمێر دواتر گەیشتووەتە ئێرە، ئیتر ئەمە جێگەی سەرسووڕمان نییە!!!
ـ پیرۆزە. ئەوە هەمیشە ساتێكی تایبەتە بۆ نووسەر، كاتێك یەكەم وەشانی كتێبەكەی بە دەستیەوە دەگرێت.
گۆدال: زۆر زۆر دڵخۆشم كە ئەو كاتە زیادەم هەبوو بۆ بڵاوكردنەوەی. كاتێك تۆ ٣٠٠ ڕۆژی ساڵ لە ڕێگایت، زۆر قورسە نووسین. پێداچوونەوەی ئەم كتێبەم لەگەڵ هاوسەرەكەم بە هاوبەشی كردوومانە كە كەسێكی بەڕاستی نایاب و سەرسوڕهێنەرە. زۆر لە وردەكارییەكان كاری ئەون، بەڵام زۆر زۆر دڵخۆشم نەك بۆ شێوازی ڕووداوەكان، بەڵكو كە ئەو كاتەم هەبوو بگەڕێمەوە بۆ كتێبەكە و هەموو سەرچاوەكان ڕاست بكەمەوە. بەڕاستی شۆك بووم كاتێك ئەم تۆمەتانەم لێدرا، بەڵام هەموو شتێك باش كۆتایی هات.
ـ باسی ڕۆتینی بەیانیانت بكە.
گۆدال: گەورەترین كێشەم ـ وەڵامی پرسیارەكەت بە تەواوی نادەمەوە. تەنها كاتێك كە هەمە بۆ نووسین، ئەو كاتەیە كە دەگەڕێمەوە ماڵەوە بۆ ئینگلتەرا، بۆ ئەو ماڵەی تێیدا گەورە بووم و هەموو شتەكانمی تێدایە، كتێبەكانم. زۆر جار، دەبێت هەوڵبدەم زۆر بنووسم، بۆ نمونە لە پێنج ڕۆژدا. ئەوەش واتە دانانی زەنگی لەخەوهەستان لەسەر كاتژمێر پێنج. دوای نانی بەیانی دووبارە هەوڵ دەدەمەوە بنووسم. هەمیشە كاتژمێرێك دەكەمە پشوو بۆ بەسەربردن لەگەڵ سەگەكەم. ئێوارەش لەگەڵ خوشكم كات بەسەر دەبەم، پێكەوە خاوەنی ماڵەكەین و ئەو لەگەڵ خێزانەكەی تێیدا دەژی. پاشان هەندێك جار دەبێت بگەڕێمەوە سەر نووسینەكەم و دەست بە نووسینەوە بكەم تا درەنگانی شەو. ڕێگەیەكی پڕ لە فشارە بۆ نووسین.
ـ ئایا شتێكی جیاواز یان نائاسایی هەیە لەبارەی شوێنی كارەكەتەوە؟
گۆدال: هەموو نووسینەكەم لە ماڵەوە ئەنجام دەدەم، لە ژووری نوستنەكەم، لە ژێر سەربانی ماڵەكە لە باڵكۆن. هەموو شتەكانمی لێیە، ئەوانەی لە هەموو جیهانەوە هێناومن. كتێبی زۆر زۆر، ئیتر ئەوەندەی كە بگونجێت لە شوێنێكی ئەوەندە بچووك كۆبكرێنەوە. بە لاپتۆپ دەنووسم. باشترین شێوەزاری نووسینیشم، دانیشتنە لەسەر نوێنەكەم، قاچەكانم درێژ دەكەم و لاپتۆپەكەم لە باوەشم. دەتوانم تەواوی ڕۆژەكە بەو شێوەیە بنووسم!
ـ چی دەتخاتە پێبكەنین؟
گۆدال: هێم. چی دەمخاتە پێكەنین؟ شتێكی پێكەنیناوی، كۆمێدی..
ـ چی وات لێدەكات بگریت؟
گۆدال: چیرۆكی ئەوەندە زۆر هەیە لەبارەی خەڵكی سەرسوڕهێنەر و ئیلهامبەخش كە بمخاتە گریان، ساتە ئیلهامبەخشەكان لەگەڵ شامپانزەكان.
ـ ئایا هیچ باوەڕێكی خورافیتان هەیە؟
گۆدال: تەنها شتە گێل و بچووكەكانی ژیانمان، بۆ نمونە ئەگەر چەقۆیەك بكەوێتە خوارەوە نابێت هەڵیبگریتەوە. ئەگەر چەقۆی كەسێكی تر هەڵبگریتەوە، دەبێت ناوی شاعیرێك بڵێیت. ئەگەر خوێ بڕێژیت دەبێت كەمێك خوێ بەسەر شانی چەپتدا بكەیت..
ـ ئەگەر بتوانیت كەسێكی مردوو زیندوو بكەییتەوە و بیگەڕێنیتەوە بۆ ژیان، كێ دەبێت و بۆچی؟
گۆدال: ئەمە زۆر ئاستەمە، چونكە ئەوەندە كەسی زۆر هەیە دەمەوێت بیانگەڕێنمەوە بۆ ژیان. ئەو یەكە كەسەی كە بەڕاستی دەمەوێت بیگەڕێنمەوە بۆ ژیان، كەسێكە كە هەرگیز نەمناسی. باپیرم بوو (باوكی دایكم). زۆر زۆرم لەبارەیەوە بیستووە و هەموو كەس دەڵێن زۆر تایبەتمەندیم لەوە بۆ میرات ماوەتەوە. بیستوومە كە كەسێكی زۆر نایاب بووە. حەزدەكەم بەڕاستی بیناسم. خوایە، ئەگەر بتوانم كەسێكی تر بگەڕێنمەوە ـ تەواوی ڕۆژەكە دەخایەنێت لەوەی ناویان بەرم! ئەوەندەم حەز لێیە كەسی زۆر بگەڕێنمەوە نێو ژیانم.
ـ شتێكمان پێ بڵێ لەبارەی خۆتەوە كە نەزانراوە و لەوانەیە سەرسوڕهێنەر بێت؟
گۆدال: كێشەكە ئەوەیە كە ئەوەندە كتێبی زۆرم نووسیوە لەبارەی بەشە نهێنییەكانی خۆم. و زۆربەی خەڵك قسە لەبارەی خۆیانەوە ناكەن. منیش زۆربەی ئەو شتانەی كە دەیكەم هەموو كەس دەیانزانن.
ـ چیت دەوێت لەسەر كێلی گۆڕەكەت هەڵبكەنرێت و بنووسرێت؟
گۆدال: كەس پێشتر ئەوەی لێم نەپرسیوە. كێلی گۆڕم نابێت، بەڵام خۆڵەمێشەكەمم دابەش دەكرێت بە سەرانسەری ئەو وڵاتانەی كە گرووپی گەنجانمانی تێدایە. هەریەكەیان بەشێكی بچووكی خۆڵەمێشەكەم فڕێ بدەن و منیش دەبمەوە بە دار لە سەرانسەری جیهان.