رۆژنامەی ھەولێر

بەستەڵەک و گەشەی فەرهەنگ، یــــــــــــــــان کولتوور

مەهــــدی ئومێد

 

جاروبار وشەی کولتوور لە جیاتی ڕۆشنبیری، یان ڕۆشنبیری لە جیاتی کولتوور بەکار دێت، هەرچەندە ئەو کارە لە شوێنی خۆیدا نییە بەڵام بووە بە کارێکی زۆر ئاسایی، چونکە بابەتە کولتوورییەکان خەریکن دەبنە بەشێک لە گەشەی کایە کۆمەڵایتییەکانی سەردەمی ئەمڕۆی گلۆبالیزم و لەسەریان ڕادێین، واتا هەڵەکان تێکەڵ بە یەکتری بوون.
لە ڕاستیدا کولتوور، ڕۆشنبیری نییە، بەڵکو وشەی ڕۆشنبیری بە گوێرەی ڕووداوە مێژووییەکانی سەدەکانی ١٧ و ١٨، دەستەواژە ئەوروپاییەکانی ئەو سەردەمانە و چاکسازی و شکاندنی بەستەڵەک لە پرۆسەی دۆزینەوەی دەروازەکانی پێشکەوتن و گەشەپێدانی کولتووری پەیدا بوو. وشەی ڕۆشنبیری کوردیش لەو بزووتنەوەیە وەرگیراوە کە جیهانی هەژان و پاشان جێگەی کولتووری نەگرتەوە؛ بوون بە دوو دەستەواژەی جیاواز نزیک و هاومەبەست.
وشەی کولتوور لە سەردەمە کۆنەکاندا بۆ زەویکێڵان و خۆشکردنی خاک و دەستەمۆکردنی سروشتە بۆ بەرهەمهێنان و کشاوەرزی، وشەیەکی لاتینی توانیی ئەو مانایە ببەخشێت کە بووە هۆی کارکردن و بەرهەمهێنان، سروشت بەخشندە نابێت ئەگەر دەستی مرۆڤی پێنەگا بۆیە وشەی ئاگریکەڵچەر [Agriculture] کە مەبەستی لە کشاوەرزییە، هەر کولتوورە کەیە و مەبەستی بەرهەمهینانە.
تا سەردەمی دیکارت [فەرەنسی، ١٥٩٦_ ١٦٥٠] ئەو وشەی کولتوورە بۆ ئەو مەبەستە نەبوو کە ئەمڕۆ دەیبەخشێ، بەڵام زیاتر لە سەردەمی ئێمانۆئێل کانت [ئەڵمانی، ١٧٢٤_١٨٠٤] بەتەواوی بوو بە زاراوەیەکی فەلسەفی زانستی.
کولتور بەبۆنەی بیری پەنگخواردوی دەستەڵاتدارانەوە پێویستی بە کەسانی بوێر و زانا بوو کە بتوانێت لەو چاڵە بەستەڵەکانە دەربازی بکا. هەرچەندە زووتر جۆن لوک بە ئینگلیزی زاراوەی [Enlightenment] بۆ ڕۆشنبیری یان تەنویر بەکار هێنابوو، بەڵام ئیمانۆئیل کانت ساڵی ١٧٨٤ هەمان وشەی بەئەڵمانئ لە وتارێکدا کە لە گۆڤاری بەرلین بە ناونینیشانی ڕۆشنبیری (Aufkläring) چییە؟ بڵاو کردەوە، دەنگدانەویەکی شۆڕشگێڕانەی بە دوای خۆیدا هێنا، ڕووی دەمی لە دەستەڵاتداران و هەموو ئەوانە بوو کە نەیاندەوێرا هزر و هۆشی خۆیان بۆ ئازادی ڕادەربڕین و گۆڕانکارییەکی تەواو لە لە هەموو بوارەکاندا بکەن.
جموجۆڵی ڕۆشنگەری یان ڕۆشنبیری سنوورەکانی بەزاند، لە فەرەنسا لەژێر ناوی (Illuminati) کە ئەمیش بە مەبەست و مانای ڕۆشنایی [ئەقڵ] و هۆشمەندی دەگەیەنێ، بووە هۆی پەیدابوونی جووڵانەوەیەکی نیشتمان هەژێن و تەخت و تاراجی پاشایەتی داڕوخان بیرمەندانی وەک ڤۆڵتێر و ژان‌ژاک روسۆ، مۆنتسیکۆ و ئەوانی تر ڕابەرایەتی ئەو سەردەمە سەختەیان کرد و، بەستەڵەکی ئەقڵە ترساوە بێکەڵکەکانی شکاند. ئەو بەستەڵەکە بووبە لافاوێکی پڕ هەرا و بشێوییی پڕ ئاژاوەی فەرەنسا نزیکەی دە ساڵی خایاند و ناوی لێ نرا شۆڕشی فەرەنسی، بوو بەهۆی دامەزراندنی سیستەمی کۆماری و شێوازێکی نوێ لە دەستەڵات و کە بۆرژوای فەرەنسی و کرێکاران هاوبەش بۆی لەخەباتدا بوون، ئەو شۆڕشە گیرسانەوەی ئاسان نەبوو وەك ڕۆشناییەک گەیشتە وڵاتانی دی بەهامان نازناوی (ڕووناکی و ڕۆشنایی) نەک کولتووری لە وڵاتە ئیسلامییەکان هەمان ناوی (تەنویر)ی لێ نرا.
بیری ڕۆشنگەرایەتی، یان ڕۆشنبیری یان تەنویر و، سەردەمی ئەنوار، هەموویان لەو زاراوانەوە وەرگیراون کە لەسەرەوە دەسنیشانمان کردوون بە هەموو زمانەکان هەمان واتا دەبەخشن و یەک لەو زمانانە کوردییە کە بە بڕوای من لە دواساڵەکانی بزووتنەوەی تەنویر کە لە تورکیا پێیان دەوت ئایدنلەمە، واتا ڕۆشنکردنەوە لە زمانی تورکییەوە وشەی ڕۆشنبیریمان وەرگرتبێ.
ئەوەی جێی سەرنجە هەموو ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان گەڕام و بە دوای باسێکدا دەگەڕام کە تیشک بخاتە سەر بزووتنەوەی تەنویرییەکانی عوسمانی، پرسیاری زۆریشم لە پسپۆڕانی وەک دکتۆری بەڕێز کاک مەغدید سەپان کرد. ئەگەر لە کونجێکی ئەو ڕۆژنامە پیرۆزە باسی تەنویر، یان ڕۆشنبیری یان ڕۆشنگەری، یاخود بە تورکی ئایدنلەمەت دۆزییەوە ئاگادارم بکەیتەوە، بەداخەوە نەبوو. چونکە بزووتنەوەیەکی باوی نێو گەنجە خوێندەوارەکان بوو، دەیان لاوی کوردیش لە هەموو لایەکەوە لەو سەردەمەدا بۆ خوێندن و دۆستایەتی لەگەڵ بیروباوەڕی نوێخوازیدا ڕوویان لە ئەستەمبووڵ کردبوو.
ڕەنگە لەو سەردەمە سەختانەدا سەرپەرشتیکارانی ڕۆژنامەی کوردستان نە پەرژاونەتە سەر ڕووداوە گەورە فەرهەنگییەکان و، بۆ نموونە، باسی سینەما و لەدایکبوونی ئەم هونەرە گرنگە هەموو دنیای هەژاندبوو ساڵی ١٨٩٨، یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستان بڵاو بووەوە، یەکەم نمایشی فیلمی سینەمای لە مێژوودا ساڵی ١٨٩٥ لە پاریس سازکرا، تەنها ٣ ساڵیان لە نێواندایە، کەچی بە وتارێک یان بڵاوکردنەوەی هەواڵێکیش ئاوڕی لەو هونەر و زانستە نوێیە نەداوەتەوە، کە دەکرا وەک ئەرمەنییەکان بە پێی بانگەوازی ڕۆژنامەکانیان کە سەد سساڵ زیاتر پێش کورد ڕۆژنامەگەری خۆیان هەبوو، وا گەلی ئەرمەنییان هاندا بەستەڵەکی ترس و جینۆساید و خەمی لەناوبردنی یەک ملیۆن و نیو تووشی بەستەڵەکیان نەکات و درووشمی ژیان بەردوامەیان بەرزکردەوە، سەرەڕای کۆسپ و کۆمەڵکوژی و ئەنفال کردنیان، بەهۆی وتارەی ڕۆژنامەکانیانەوە باوەشیان بۆ فیلمسازی کردەوە، دەستیان بۆ کامیرای سینەما و چاکسازی کولتووری و ڕۆشنگەری ئەوروپی بە هەمان نازناو برد و نەک تەنها دەربارەی ئەرمەن بەڵکو بەخێری خۆیان، چیرۆکی کوردیشیان خستە نێو کارەکانیانەوە.
خاکی ئەرمینیاش وەک کوردستان بەسەر ئیران و تورکیا و پاشان سۆڤێت دابەش ببو، پاش ئەوەی لە سۆڤێت کۆماری ئەرمینیا دامەزرا، هەمان وشەی ڕووناکبیری، یان ڕۆشنبیری، لە پاڵ وشەی کولتوورەوە بەکار هێنا، ئەوان وشەی خۆیان بۆ کولتوور هەیە؛ مشەکویت.
لای هەموو گەلان پەیوەندی و جیاوازییەکانی نێوان ئە م وشانە وەکوو یەکن لە کاتێکدا وشەی ڕۆشنبیری تەنویر زۆر تازەن و فەرهەنگ و کولتوور زۆر کۆنن، ڕەنگە وابزانین وشەی فەرهەنگ تەنها پەیوەندی بە زمانی فارسییەوە هەبێ، کولتووریش لاتینی، کەچی هەزاران وشەی هاوبەشمان هەن لە ژمارەکانەوە بگرە تا ئەندامانی لەشی مرۆڤ و دار و درەخت و سرووشت، ئاو و ئاسمان و هەسارەکان. هونەر، وەک فەرهەنگ، لە وشە کۆنەکانی هەردوو لامانە، لە هەردوو زمانەکەدا زۆرکۆن و گرنگن وەک یەک بۆ یەک مەبەستیش بەکار دێن.
وشەی ڕۆشنبیری، یان لە زمانی کوردیدا زۆر تازەیە، لە هەمان کاتدا زمانی فارسییش لە ژێر کاریگەریی گۆڕانکاری و تێکشکاندنی بەستەڵەکی ئایینی سەدەکانی ناوەڕاست و بەرەو سەدەی حەڤدە و هەژدە لە کولتوور یان کاڵچەری ئەوروپی ڕوویان دا، ماوەیەک ئەوانیش وشەی ڕۆشنگەرییان بەکار دەهێنا، ئەم وشانە ڕاستەوڕاست وەڕگێڕانی وشە ئەوروپییەکانە. لە زمانی، ڕووسی پرۆسڤەتلینیە (просветление)، یان پرۆسڤیشێنیە، رۆشنکردنەوە. بەڵام لەوێ لە ژێر چاودێری دەوڵەتی سۆڤێتدا کاریگەری نەبوو، کەسیش نەیدەوێرا بەکاری بێنێ، بەڵام وشە لاتینییەکە، کولتوور تائێستاش کارایە.
لە ئیران، ئەم دەستە واژەیە بوو بە ڕۆشنگری کە زۆر لە کوردییەوە نزیکە. ئەم وشەیە کە بزووتنەوەیەکی کولتوورییە و لایە بوو بە ڕۆشنبیری لای تورکەکانی ئیتیحاد و تەرەقی بوو بە بزووتنەوەی سیاسی وەک فەرەنسا هێڵی ڕۆشنبیری تێپەڕاند، بووە بابەرتێکی سیاسی نەژادپەرستانە.
وشەی رۆشنبیری [کوردی]، من وای بۆ دەچم، پیرەمێرد و محەمەدئەمین زەکی بەگ، جەمال عیرفان و ئەوانی تر، کاتێک بۆ خوێندن بەرەو ئەستانبول ڕۆیشتن، ئەو زاراوە نوێیە سەرنجڕاکێشەیان کردبێتە کوردی و لە جیاتی کولتوور یان فەرهەنگ بەکاریان هێنابێ و ئیتر جێگای خۆی لە زمانەکەماندا گرتبێتەوە، لەوێ لەژیر کاریگەری بڵاوبوونەوەی ئەم بۆچوونە تازانەدا کە تورکە نوێخوازەکانی ئیتیحاد و تەرەقی خەباتیان بۆ دەکرد و کەمال ئەتاتورک ئەندامێکی کاریگەری ئەم بزووتنەوەیە بوو، توانیی بە کردەوە بیچەسپێنێ و یاسا و ڕێسای ئایینیشی گۆڕی، زۆر سەرچاوەش باسی ئەوە دەکەن کە چەندەها ڕۆشنبیر و نووسەری کورد وەکوو محەمەدئەمین زەکی بەگ، جەمال عیرفان، لەژێر کاریگەری ڕۆشنبیرانی ئەم بزووتنەوەیە تێکۆشان و ویستیان ئازادی فکری و سیاسی ئەوان بۆ کوردستان بگوازنەوە سوودی هەبێ، بەڵام هەرچەندە کوردە ڕۆشنبیرەکان پاڵپشتێکی بتەوی ئەوان بوون، کەچی تورکەکان تەنها بۆخۆیان زەوتیان کرد. لە تورک بەولاوە نەیانهێشت هیچ نەتەوەیەکی تر بتوانێت دەنگی خۆی بەرز بکاتەوە. ئەندامانی ئەو بزووتنەوەیە لە پاریس دەیانخوێند و داب و نەریتی ئەوروپییان بەدڵ بوو هەموو کارێکیان بۆ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە هزر و هۆش و بیرکردنەوەی ئایینیدا کرد. نەتەوەی خۆیان تا ڕادەیەک ئەوروپان درووشمی ئایدن لەمە چەسپا.
دابونەریت و تازەگەری ئەوروپایی، کە سەرنجی ئەو گەنجە تورکانەی ڕاکێشا، کە لە فەرەنسا دەیانخوێند سوودێکی گەورەیان بینی کاتێک هەستیان کرد فەرەنسا ناوەندێکی بەرفراوانی ئازادیخوازان و نوێخوازانی هونەر و ئەدەب و بیروباوەڕی نوێیە.
هەمووی لەژێر یەک ناونیشاندا کۆ دەکرانەوە، کە کێشە گەورەکەی مرۆڤایەتی ڕۆشنکردنەوەی مێشکە، ڕوونکردنەوی ئەقڵ، یەک وشە هەموو زمانەکانی دنیای یەک خست، (ئیلیومینات، ئێنلایتمێنت)، کە وەرگێڕانەکەی بۆ کوردی و هەموو زمانەکان دەقا و دەق ڕۆشنبیرییە، کەواتە وشەی ڕۆشنبیری کولتوور نییە، بەڵکو بزووتنەوەیەکی چاکسازی و بەستەڵەکشکێنی کولتوورییە، فەرهەنگ لە دەستەڵاتی فیودالیزم، دەرەبەگایەتی و ئایین جودا دەکاتەوە، باس لە یاخیبوونی مرۆڤ دەکات، کە چۆن بتوانێت کۆت و بەندەکانی بیروباوەڕی کۆن و دەستەڵاتی ئایینی، کە لە ئەوروپا پەرەی سەند و بەهۆی خوێندکارانەوە گەیشتە ئەستەمبووڵ و دەوڵەتی عوسمانی تەفروتونا کرد و بەم پێیە بێت وشەی ڕۆشنبیری بۆ بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی دەس دەدا نەک بۆ کاروباری فەرهەنگی هەر ئەوە نەبێ ئێمەی کورد بەرامبەر بە وشەی کولتووری لاتینی بۆشاییمان هەبێت، زمانی عارەبیش بەهەمان شێوە بۆ کولتوور هیچ وشەیەکیان نەبوو، سەلامە مووسا ١٨٨٧_١٩٥٨، کە نووسەرێکی سۆسیالیستی میسرییە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی عارەبزماناندا، لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو، وشەی (ثقافە)ی بەکار هێنا ئیتر زمانی عارەبیش بوو بە خاوەن وشەی یەکی تایبەت لە جیاتی کولتوور، وشەی سەقافە لە سەرەڕم‌تیژکردن و زاخاوی شمشێرەوە وەرگیراوە، ئەگەر بکرێتە کوردی مانایەکی ئەوتۆ نابەخشێ و زیاتر شەڕانگێزە نەک ڕۆشنگەری و ئارامی، کەچی سەلامە مووسا کە خۆی عارەب نییە و قیپتییە، خزمەتێکی گەورەی بە زمان و سەقافەی عارەبی گەیاند، توانیی لە وشەی تنویر و منەوەرین جیای بکاتەوە و ئەوە نزیکەی هەشتا ساڵ زیاترە بە ئاسانی لە سەری ڕاهاتوون و زۆریش پێی ڕازین و شوێنی خۆی گرتووەتەوە.
زمانی عارەبی ئەو تایبەتمەندییە زۆرەی بەدی دەکرێت، وشەی زۆریان هەیە داتاشراوە، لە شوێنی خۆیدا نییە، کەچی بە ئاسانی لەسەری ڕادێن و، وەک ئێمە مشتومڕی بێسوودی لەسەر ناکرێ.
ئێمە لە جیاتی کولتوور وشەی فەرهەنگمان هەیە و زۆر کۆنە، کەچی وادەزانین فارسییە چونکە فارسەکان بەکاری دێنن، ئەی بۆ هەردوو لامان وشەی هونەر بەکار دێنین و وابزانم یەک تەمەنن، کەچی لەم وشەیە ڕاناکەین؟
ئێمە بەو وشەیە ڕۆشنبیری، کە تورکیای ئەمڕۆی دامەزراند و دەوڵەتی عوسمانی ڕووخان نەتوانیمان وەک ئەوان بۆ کاروباری سیاسەت بە شۆڕش و دامەزراندنی دەوڵەت بەکاری بێنین، نەتوانیمان بە ڕیکوپێکی وەک بزووتنەوەیەکی تازەگەریانەی بەهێزی (کولتووری، فەرهەنگی) دەست پێ بکەین و ئەدەب و هونەرەکەمانی پێ ببووژێنینەوە، بە هزرەکۆنەکانەوە ماینەوە ئەو بەستەڵەکەمان تا ئەمڕۆش بۆ نەتواوەتەوە، هەرچەندە جموجۆڵێک بۆ خۆڕزگارکردن هەبووە، بەداخەوە لەوە دەچێت وا گرێ دراوین ئاستەمە بەم زووانە بزووتنەوەی تەنویر یان ڕۆشنبیری کارمان تێ بکات و شەختەکان بتلیسێن.
لە ڕووسیا وشەی (پرۆسڤیتلێنییە)، لە جیاتی بزووتنەوی ڕۆشنبیری بەکار هات، کە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئێران هەڵگیرسا و ئێران شکستی خوارد، پاش ئەوە ئاڵوگۆری کولتووری دەستی پێکرد و فەرهەنگی ئەوروپی ڕووی لەو ناوچەیە کرد، هەمان وشە تەرجومەی فارسی کراو بوو بە ڕۆشنگەری.
لە میسر جموجۆڵێکی کولتووری بەهێز بەسەرۆکایەتی گەنجێکی ڕۆشنبیری کورد. ڕوویدا، گۆڕانکاری لە ستایلی نووسینی شیعر، یان شانۆ و ئەدەبیات نا، بەڵکو گۆرانکاری لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و بەتایبەت چەوساندنەوی ئافرەتان، ژنان، لە میسر و دەوروبەری وەک مرۆڤێکی ئازاد سەیر نەدەکران، چونکە ئەو نەریتە بەشێک بوو لە کولتوورێکی بەستەڵەکبەستووی دێرین و شکاندنی پێویستی بە کەسێکی بەهێزی وەک قاسم ئەمین بوو.
ئەویش بزووتنەوەی ڕووناکبیری ئەوروپی کاری تێکرد و بوو بە فیمینێستێکی ئیسلامی، خانەوادەکەی قاسم ئەمین لە کوردستانەوە ڕوویان لە میسر کرد، دەشڵێن گوایە ماوەیەک لە شاری سلێمانی ژیاون. قاسم ئەمین بوو بە یەکێک لە ناودارانی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و بزووتنەوەی ئازادی ئافرەتان دەنگۆی ئەم بزووتنەوەیە گەیشتە عێراق و جەمیل سدقی زەهاوی، کە ئەویش شاعیرێکی کوردە و هاوچەرخی یەکن و بە عارەبی دەینووسی، نامە و پێوەندییان لەگەڵ یەکدا هەبووە خەریکی ڕۆشنبیرکردنی دونیای عەرەبی بوون، بۆیە لە قەسیدەیەکی زۆر بەناوبانگدا دەڵێت: پەچەکەت فڕێ دە، خۆپۆشین تاریکییە و واڵایی ڕووناکییە.
هەڵبەتە دوور و نزیک تیشکی ئەو وشانەی کە پێوەندییان بە ڕۆشنکردنەوەی بیر و هۆشی مرڤەوە هەیە گەیشتە کوردستان.
هەرچەند دووسەد ساڵی خایاند، هێدی هێدی و لەسەرخۆ لای ئێمەش تەنویر و منەوەرین ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیر و خۆیان سەپاند، بەڵام ئەو ساڵەی کە ئەرمەنییەکان چیرۆکێکی کوردییان وێنە گرت و کردیانە فیلمێکی سینەمایی بۆ خۆیان، واتا ساڵی ١٩٢٦ کوردیش کەوتە خۆی.
زاری کرمانجی و گۆڤاری دیاری کوردستان بۆ ئەم وشەی ڕۆشنبیرییە، یان ڕۆشنفکرییەدا دەگەڕان، لە بەهاری ئەو ساڵە لە شاری سڵێمانی ژمارە ١٦ ی گۆڤاری (دیاری کوردستان) باسی کار و کردەوە باشەکانی متەسەڕیفی شار دەکات لە جیاتی ڕۆشنبیر نووسیویەتی [تێگەیشتوو]، {جەناب احمد بگ لە تێگشتوان و خاندان مملکتە متصرف معارف پرور بهمتە} تەنانەت کاتێک کۆمەڵەی ڕۆشنبیری دادەمەزرێت، لەبەر نەبوونی وشەی ڕۆشنبیر، یان سەقافەی عارەبی وشەی زانست بەکار هاتووە وەک {جمعیتی زانستی کوردان، یان جمعیت تعلیم و معارف} هەر لەو ساڵەدا واتە سەدساڵ لەمەوبەر، دیسان لە شاری سلێمانی بۆ یەکەم جار لە بابەتێکی مێژوویی پەیوەست بە کاروباری ئاسەوارناسییەوە ڕستەی “تفکراتیان تنویر کرد” بەکار دێت.
وشەی (تنویر) عەرەبییە، بەڵام عارەبیش ئەو سەردەمە هێشتا وشەی سەقافەیان نەبوو بۆیە تەنویر ڕێک و ڕاست وەرگێڕانی وشە ئەوروپییەکەیە.
ڕاستە وەزارەتی ڕۆشنبیریمان هەیە، دەیان ڕێکخراوی کولتووریمان بە ناوی ڕۆشنبیرییەوە ناسراون هەوڵێکی زۆرم دا، کە بزانم وشەی ڕۆشنبیری لە کوردستان کەی و لە کوێ بڵاو کراوەتەوە، بە داخەوە دەستم نەکەوت، هەرچەند زۆر لە ڕووناکبیرانمان کەم و زۆر باسی ڕۆشنبیرییان کردووە، بەڵام وەک کولتوور بەکاریان هێناوە.
من لەسەر ئەوە سوورم، کە هەڵەیە، فەرهەنگ ڕەسەنترە. ئەوەش گرنگ نییە چی وشەیەک بەکار دێنین، گرنگ ئەوەیە، کە دەستەڵاتیش تێبگات پرۆسەی بە ڕۆشنبیرکردنی کۆمەڵگا، بوێری و بەخشندەیی گەرەک، گۆڕانکاری بەرەو باشتر شۆڕشێکی هێمنانە و نیازپاکییە.