خاڵی سەرکەوتنی هەر کارێکی ئەدەبی و کولتووریی دۆزینەوەی تواناییە، کە ئەمەش تاک تەنها لەڕێی وشیارییەوە دەتوانێت پێی بگات و کەشفی توانای خۆی بکات. شاعیرێکی هاوڕێیم لە نووسینی شیعردا ئەزموونەکەی زۆر تایبەتمەند و تاقانە بوو، بەڵام دەستی بە نووسینی ڕۆمان کرد و لە ڕۆماننووسیدا (ئەگەرچی هەر هەوڵی جیاوازنووسیدا) بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، چونکە کارکردن لەنێو هونەرێکی وەکو ڕۆماندا سەلیقە و تایبەتمەندی و شارەزایی هونەریی و تەکنیکی پێویستە. ئەم تایبەتمەندییە تەنها بۆ نووسەران و شاعیران نییە، بەڵکو بۆ وەرگێڕەکانیش بەهەمان شێوەیە، چونکە وەرگێڕان تەنها زانینی زمان و شارەزایی زمان نییە، بەڵکو سەلیقە و شارەزایی ئەو بوارەشی گەرەکە، کە وەرگێڕ تێیدا وەردەگێڕێت. لەم وتارە کورتەدا دەمەوێت تیشکێک بخەمە سەر سەلیقەی وەرگێڕان و توانای وەرگێڕ، کە لای ئێمە بابەتێکی فەرامۆشکراوە.
بەسەرنجدان لە بەرهەمەکانی وەرگێڕێک دەزانین ئایا وەرگێڕێکی کارامەیە و توانایی خۆی لە بوارێکدا چڕ کردووەتەوە، یان هەست بە پەرشوبڵاوی کارەکانی دەکەین. (بێگومان ئێمە باس لە وەرگێڕی ئاوارتە ناکەین، کە شارەزایی لە چەند بواری جیاوازدا هەبێت و سەلیقەی وەرگێڕانیشی لەو بوارانەدا بەرز بێت، کە لەم بوارەدا چەند وەرگێڕی باشمان هەن)، بەڵکو ئێمە باسی ئەو وەرگێڕانە دەکەین، کە لە بوارێکدا تایبەتمەندییان وەرگرتووە و دەسەڵاتیان بەسەر جۆرێک لە “ژانر/ بابەت”دا دەشکێت بەڵام توانای وەرگێڕانیان لە بوار و بابەتی دیکەدا نییە.
یەکێک لەو تێکستانەی لە دە ساڵی ڕابردوودا دوای بینینی فیلمەکەی زۆر شەیدای بووم بکرێتە کوردی “ناوی گوڵەباخ”ی ئیمبێرتۆ ئیکۆ بوو، ئەو کتێبەم بۆ چوار وەرگێڕی هاوڕێم، کە هەر چواریان ئینگلیزیزان بوون و خاوەنی چەندین بەرهەمی وەرگێڕان بوون، پێشنیار کرد و هەر چواریان دوای خوێندنەوەی تێکستەکە پێشنیارەکەیان ڕەتکردەوە بە هۆی ئەوەی زمانی نووسینی ئەو تێکستە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست و کەمێک دواتر، کە شارەزایی لە ئایینی مەسیحییەت و زۆر تایبەتمەندی دیکە دەوێت، کە ئەوان شارەزایی ئەوە نین. هەتا یەکێکیان گوتی ئەو دەقە سەختە و وەرگێڕانی بۆ کوردی ئەستەمە.
لەم نموونەیەوە هەست بە ترس دەکەین لەبەرامبەر وەرگێڕاندا، بەڵام ترسێک کە شایستەی ڕێزلێگرتنە. ڕاستە بەشێک لە وەرگێڕان ڕیسکە، بەڵام هەموو ڕیسککردنێک مەرج نییە سەرکەوتوو بێت، بۆیە کاتێکیش وەرگێڕێک دێت و ئەو ڕیسکە دەکات دەبێت لەسەرکەوتنەوە نزیک بێت. خۆشبەختانە چەند مانگی ڕابردوو ڕۆمانی ناوبراو بە کوردی لەلایەن “جوتیار قارەمان”ـەوە وەرگێڕدرا و دەزگای سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، بەڵام تا هەنووکە دەرفەتم نەبووە خوێنەری تێکستەکە بم، تا سەرنج لەبارەی وەرگێڕانەکەیەوە بدەم و ئەوە بۆ دەرفەتی دیکە هەڵدەگرم.
لێرەدا دەگەڕێمەوە بۆ باسکردن لە توانایی وەرگێڕ، چونکە کاتێک باس لە وەرگێڕان دەکرێت هەمیشە باس بە زانین و شارەزایی وەرگێڕ بۆ زاڵبوون بەسەر هەردوو زماندا دەکرێت، کە ئەو کاریان لەگەڵدا دەکات. بەڵام زۆر بە کەمی باسی “توانای وەرگێڕ” دەکرێت لەو بوارەی کە تێیدا وەردەگێڕێت. واتە ئەگەر وەرگێڕێت بەسەر هەردوو زمانەکەشدا زاڵ بێت، بەڵام لە بوارێکدا دەکرێت شارەزایی هەبێت و لە بوارێکی دیکەدا شارەزاییەکەی لەو ئاستەدا نەبێت، بۆیە ئەوەی بڕیار لەسەر باشی وەرگێڕانێک دەدات تەنها زاڵبوونی وەرگێڕ نییە بەسەر هەردوو زمانەکەدا، بەڵکو توانای وەرگێڕ ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لەو بوارەدا، کە لێرەدا هەوڵ دەدەم لەڕێی نموونەیەکەوە ڕوونی بکەمەوە.
ئەم هەفتەیە کتێبێکی تیۆری ئەدەبیم نووسەرێکی بیانیم بە وەرگێڕانی وەرگێڕێکی کورد خوێندەوە، کتێبەکە لەڕووی وەرگێڕانەوە گەلێک ناڕوون و ئاڵۆزکاو بوو، من خۆم ئامادە کردبوو دەمزانی ئەو کتێبە تیۆرییە کتێبێکی ئاسایی نییە، بەڵام بەو شێوە ناڕوون و ئاڵۆزکاوییەدا بۆم دەرکەوت، کە وەرگێڕەکە توانای لە وەرگێڕانی ئەم جۆرە کتێبە تیۆرییەدا نییە، چونکە لەڕووی چەمکسازی و ئاگایی وەرگێڕ لە جێگەوتنی ئەو چەمک و موفرەدانەی لەو بوارە تیۆرییەدا بەکاردەهێنرێن هیچ شارەزاییەکی ئەوتۆی پێوە دیار نەبوو، لە کاتێکدا ئەو وەرگێڕە پێشتر من چەند کتێبی دیکەییم خوێندووەتەوە کە بابەتی ئەدەبی و بەتایبەت “ڕۆمان”ی وەرگێڕاوە، یەکێک بوو لە وەرگێڕە سەرکەوتووەکان، بەڵام لەم کتێبەدا ئەگەرچی کتێبەکە ئەدەبییە، بەڵام “تیۆری ئەدەبی”یە و ئەمەش جیاوازە لە وەرگێڕانی دەقێکی ڕۆمان. هەربۆیە وەرگێڕ لە وەرگێڕانی ئەم کتێبە تیۆرییەدا توانای بەسەر چەمکسازی و بابەتەکەدا نەشکاوە نەیتوانیوە دەسەڵاتی بەسەر کۆی دەقەکەدا هەبێت و لە گواستنەوەی ئایدیاکانی نووسەردا سەرکەوتوو بێت.
لەم نموونەیەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە وەرگێڕان پێویستی بە تایبەتمەندی هەیە و ئەو وەرگێڕەی دەتوانێت لە بواری مێژوو، یان کۆمەڵناسی وەرگێڕان بکات مەرج نییە بتوانێت فەلسەفە و دەروونشیکارییش وەربگێڕێت، ئەگەر وەرگێڕەکە سەلیقەی هەبێت و خۆی خوێنەری ئەو بوارانەی دیکەش بێت لەم حاڵەتەدا ئاساییە، بێگومان ئەمە بۆ وەرگێڕان لە هەموو بوارەکانی دیکەشدا هەر بەو شێوەیەیە.
ئێستا ئێمە لە قۆناغێکداین پێویستمان بە پسپۆڕی، یان تایبەتمەندی لە وەرگێڕاندا هەیە تا تێکستەکان بە زمانی کوردی بە داهێنانەوە وەرگێڕە بەسەلیقەکان جارێکی دیکە دابهێنرێنەوە. وەرگێڕان پرۆسەی داهێنانەوەی تێکستە لە زمانێکی نوێدا، هەر وەرگێڕێک بەسەر پرۆسەی داهێنانەوەی تێکستەکەدا زاڵ نەبێت تێکستەکە دەمرێنێت. بەشێکی زۆری دەقە زیندووەکانی جیهان لەڕێگەی ناتوانایی وەرگێڕەوە لە زمانی کوردیدا کوژراون، چونکە وەرگێڕەکەیان توانای داهێنانەوەیان نەبووە.

