وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
1
هەمووشتێك
وابزانم
مردووەكان پێویستیان
بە ئاسپرین و غەم نییە.
ڕەنگە
باران بۆیان باشتر بێت.
پێڵاو نا
بەڵام شوێنێك بۆ پیاسە با..
ئەوان پێمان دەبێژن
جگەرە نا
بەڵام شوێنێك بۆ دووكەڵ با..
یا پێمان دەبێژن
شوێنێك بۆ بازدان
ڕەنگە یەكێك، هاوەڵێك هەبێت.
مردووەكان
پێویستیان بە من نییە،
و
زیندووەكانیش!
بەڵام ڕەنگە مردووەكان
یەكتریان بوێت..
پێویستیان بە یەك بێت.
لە ڕاستیدا
ڕەنگە مردووەكان
هەموو ئەو شتانەیان بوێت
كە ئێمە گەرەكمانن!
و ئێمە زۆرمان گەرەكە
بەڵام خۆزیا دەمانزانی
چیمان گەرەكە!
ڕەنگە
هەموو شتێك!!!
ڕەنگە ئێمە
بۆ گەیشتن بەو شتانە
گیان ببەخشین
و یا گیان دەبەخشین!
چونكە
دەستمان پێیان ڕاناگات.
هیوادارم
ئەودەمەی من مردم
تێبگەن
گەیشتبووم
بە هەموو ئەو شتانەی مەحاڵ نەبوون!
2
تراژیدیای گەڵاكان
بە قوڕگێكی وشكهەڵاتوو لە خەو ڕادەچڵەكێم
سەرخەسەكان وشكهەڵاتبوون
و گوڵ و گیای گوڵدانەكان وەك گەنمەشامی زەردهەڵاگەڕابوون
ژنەكەم ڕۆیشتبوو
و بتڵە بەتاڵەكان
وەك مەیتی بێ خوێن
بێ سوودانە دەوریان دابووم
خۆرەتاو. كەچی هەر وەك جاران باش بوو
و ئاگادارنامەی ژنی خاونماڵەكە
زەرد و مۆچۆڵەكراو بوو
نها
لێبۆكێكی باشی ستایلی كلاسیك پێویست بوو
گاڵتەجارێك و نووكتەكانی لەبارەی ئازاری پووچ
ئازار، پووچە. چونكە هەیە
تەنها هێندە..
بە ئاگالێبوون و مووسێكی كۆنەوە
ڕووخساری پیاوێكم تاشی
سەردەمێك كە لاو بوو
و دەگوترا بەهرەمەندە
بەڵام ئەمە تراژیدیای گەڵاكان
و سەرخەسە وشكبووەكان
و گیا مردووەكانە..
پێم خستە نێو داڵانێكی تاریكەوە
ئەو شوێنەی ژنی خاوەنماڵ
بە نەفرەت و تووڕە وەستابوو
و پڕجنێوی كردم،
باسكە زل و بە ئارەقەخووساوەكانی خۆی ڕادەوەشاند
و دەیقیژاند و كرێی ژوورەكەی دەویست،
دونیا
دەستی نابوو بە ڕووی هەردووكمانەوە.
3
ئەشق و نێوبانگی و مەرگ
نها
لە دەرەوەی پەنجەرەكەم دانیشتووە
وەك ژنێكی پیر كە دەچێت بۆ بازاڕ،
دانیشتوو تێم دەنۆڕێت
تووڕەیە و بۆنی ئارەقەی
لە نێو تۆڕی پەنجەرە و تەم و قڕوسكەی سەگەكان
خۆی دەخزێنێتە ژوورەوە
تا لەناكاو بە ڕۆژنامە دەكێشم بە تۆڕێكدا
وەك ئەوەی مێشێك بكوژن
و دەتتوانی قیژە بەرزەكەی
بەسەر هەموو شارەوە ببیستیت
و دوای ئەوە ڕۆیشت.
ڕێگەی تەواوكردنی شیعرێكی وەك ئەمە
بێدەنگبوونێكی لەناكاوە!
4
دایكە
من لێرەم
لە نێو خاك
دەمم دادڕاوە
و
تەنانەت ناتوانم بڵێم:
دایە،
و سەگەكان دێن و دەوەستن
و بە كێلەكەمدا هەڵدەمیزن،
من هەمووشتێكم هەیە
جگە لە خۆر
و
كفنەكەم
ناشیرینە
و دوێنێ
بەجێماوی دەستی چەپم كەوت
ئەو تۆزقاڵەی كە پێوەشی ماوە
لە چەنگێكی بێ ئاواز دەچێت.
سەرخۆشێك لە نێو جێگە
بە جگەرەیەكی داگیرساو
لانی كەم دەتوانێت
پێنج تڕۆمبێلی ئاگركوژێنەوە
و 33 پیاوی ئاگركوژێنەوە بخاتە جووڵە!
من
چیتر
هیچ
كارێك
ناتوانم
بكەم.
دوای نووسین: هیكتۆر ڕیچمۆند لە گۆڕەكەی تەنیشتەوە
تەنیا بیر لە مۆتزارت و كەڵەبابی قەندی دەكاتەوە.
تێبینی:
* كەڵەبابی قەندی (Sugar Rooster)، جۆرێك شیرینییە وەك مەساسە كە لە جێژنەكان و كریسمس دروست دەكرێت بۆ منداڵان.

