رۆژنامەی ھەولێر

کۆمەڵناسیی ڕۆمانی کوردی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

 

هەمیشە پێموابووە گەشەی ڕەخنە کوردی بەشێکی بەندە بە ناوەندە ئەکادیمییەکانەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە زۆرجار ناوەندە ئەکادیمییەکان ئەو ڕۆڵە گرنگە نابینن، کە ئێمە چاوەڕوانیان دەکەین، یان بەهۆی کۆمەڵێک ڕۆتینەوە، (کە لە هەفتەی پێشوودا لە وتارێکدا ئاماژەم بە هەندێکیاندا) کە بۆ توێژەران دیاری دەکرێت و سنووری کار و بیرکردنەوەیان سنووردار دەکرێت و ڕۆڵە سەرەکییەکەی خۆیان ون دەکەن و ئەو توێژینەوە و لێکۆڵینەوانەی لەوێ دەکرێت زیاتر وەکو ناساندنی ئەو چەمک و دیاردانە وەهایە، کە باسیان دەکەن، نەک شیکارکردن و بنکۆڵکردنی چەمک و دیاردەکان. بەڵام لەنێو ئەو هەموو سنووربەندکردن و کوتکردنی توێژەرانەدا هێشتا چەند دەنگێکی جیدی (بەتەواوی) خۆیان تەسلیمی ئەو هەموو سنوودارکردنە نەکردووە و توێژینەوەکانیان گەواهی ئەوە دەدەن دەتوانن ڕۆڵیان لە پێشخستنی ڕەخنەی کوردی و کولتووریی ڕەخنەدا هەبێت.
لەم ماوەیەی پێشوودا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم دوو دوکتۆرانامەی چاپ کرد بەناوەکانی “وێنەی کورد لە ڕۆمانی کوردیدا/ د.هەرێم عوسمان” لەگەڵ “کۆمەڵناسیی ڕۆمانی کوردی/ د.بارزان عەلی پیرۆت” دەتوانم بڵێم دوو هەوڵی گرنگن لەنێو ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستاندا بۆ خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و ڕەخنەکردنی ڕۆمانی کوردی، ئەگەرچی لەگەڵ بۆچوون و تێڕانینی هەموو بەشەکانی توێژینەوەکاندا نیم، بەڵام ئەو وردبوونەوە و قووڵبوونەوەیەم پێ گرنگ بوو. لەڕاستیدا ئەرکی ئەکادیمیا ئەوەیە توێژینەوەی لەم چەشنە بۆ کتێبخانەی کوردی زیاد بکات نەک توێژینەوەی کۆلاژکراو، کە نووسەر تەنها ئامادەکارە، نەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە و گەڕۆکی نێو دونیای نووسین. لەم ناساندنە کورتەدا تەنها هەڵوەستەیەک لەسەر “کۆمەڵناسیی ڕۆمانی کوردی/ د.بارزان عەلی پیرۆت” دەکەم بەهیوام لە دەرفەتی دیکەدا بگەڕێمەوە بۆ ئەوەی د. هەرێمیش.
کۆمەڵناسیی ڕۆمانی کوردی؛ لێکۆڵینەوەیەکی شیکاریی کۆمەڵناسیانەیە بە پشت بەستن بە ڕوانگە ڕەخنەییەکانی لوسیان گۆڵدمان و لە دوتوێی 620 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. توێژینەوەکە هەوڵێکی گرنگە بۆ باسکردنی ڕۆمانی کوردی لە 1999 ـەوە تا 2002، کە 37 ڕۆمانی لەخۆگرتووە. لەم توێژینەوەیەدا هەست بە عەشق و ماندووبوونی توێژەر دەکرێت، کە هەوڵی گەڕان و وردبوونەوەی زۆری داوە.
نووسەر توێژینەوەکەی بۆ چەند بەشێک دابەش کردووە بەشی یەکەم تەرخان کراوە بۆ “پەیوەندی نێوان ئەدەب و کۆمەڵگە و دید و بنەماکانی گۆڵدمان بۆ کۆمەڵناسی ڕۆمان”، لەم بەشەدا نووسەر لەسەر پەیوەندییەکانی ئەدەب و کۆمەڵگە و چینە جیاوازەکان و پەیوەندی ئەدەب بە سیاسەتەوە و هاوکات پەیوەندی ئەدەب بە واقیعی کۆمەڵایەتییەوە. دواتریش زاراوە و چەمکی پێناسەی کۆمەڵناسی ئەدەب گەڵاڵەکراوە و هاوکات گەڕاویشەتەوە بۆ مێژووی سەرهەڵدانی کۆمەڵناسی ئەدەب بە شێوەیەکی زانستی و لەوێوە گەڕاوەتەوە بۆ لای نووسەران و بیرمەندانی وەکو “کارڵ مارکس، جۆرج لۆکاش و میخایل باختین” لە تەوەرەی دووەمی ئەم بەشەدا چووتە سەر کۆمەڵناسی ڕۆمان لەوێوە بۆچونەکانی لوسیان گۆڵدمانی بۆ خوێنەر شی کردوەتەوە. لەم بەشەدا بەشێوەیەکی تیۆریی ورد بەنێو قووڵایی چەمکەکەدا ڕۆچووە، کە هەر ئەمەشە ئیشی توێژەر و نووسەری قووڵبین، کە دەیەوێت زیادەیەک بۆ توێژینەوەکەی زیاد بکات و خوێنەر بە بابەتی نوێ ئاشنا بکات.
بەشی دووەم تەرخانە بۆ پراکتیزەکردنی بۆچوونەکانی گۆڵمان بەسەر ڕۆمانی کوردیدا. نووسەر ئەمەبەشەی بۆ چەند تەوەرەیەک تەرخان کردووە و تەوەرەی یەکەمی تایبەت کردووە بە پراکتیزەکردنی بنەماکانی کۆمەڵناسی رۆمان لەژێر تیشکی بۆچوونەکانی لوسیان گۆڵدمان بەسەر ڕۆمانی کوردیدا. لێرەدا هەوڵی تەواوی پراکتیزەکردنی بۆچوونەکانی گۆڵدمانی داوە تا ڕۆمانی کوردی پێ بخوێنێتەوە و هەر لەوێدا ئەو بابەتانەی لە ڕۆمانەکاندا ڕەنگدانەوەی هەبووە وەکو “بارودۆخی کۆمەڵایەتی” کە لەوێشەوە باسی لە ململانێی ئاغا و جوتیار و باردۆخی ژنان و داوێنپیسی و فرەژنی و توندوتیژی بەرامبەر ژن و زۆر بابەتی تری خستووتە بەرباس. لە دواتردا سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی دواوە و باسی لە ئەنفال و بەعەرەبکردن و ڕاگواستن و بەبەعسیکردن کردووە. لە دواتردا سەبارەت بە بارودۆخی ئابووری دواوە و ئاریشەکانی چینی جوتیار و چینی ئاغا و کێشەکانی نێوانیانی خستووتە بەرباس.
لە تەوەرەی دووەمدا باسی لە “کۆمەڵناسی ڕۆمانی کوردی بەپێی هەر چوار لقەکەی بنەماکانی بونیادگەری پێکهاتەیی کردووە. لێرەدا لە شیکردنەوەی چەمکی بنەمای بونیادگەری پێکهاتەیی لە رۆمانی کوردیدا دەستی پێ کردووە دواتریش “تێگەیشتن و شیکردنەوە و جیهانبینی” شی کردوەتەوە. لە دواتریشدا بە وردی پراکتیزەی ئەم چەمکانەی لەنێو ڕۆمانی کوردیدا خستووەتەڕوو کە لێرەدا دەرفەتی باسکردنی هەموویان نییە.
بێگومان لێرەدا ناتوانرێت تەواوی کتێبەکە بخرێتەڕوو و هیوادارم لەم ڕانانە کورتەشدا غەدرم لە کتێبەکە نەکردبێت، من تەنها ویستم ناساندنێکی کورت بۆ ئەم کتێبە گرنگە بکەم و بە خوێنەران و ئەدەبدۆستانی بناسێنم، کتێبێک کە شایستەی خوێندنەوە و هەڵوەستە لەسەرکردنە، نەک بیسپێرین بە بێدەنگی. دەستخۆشی بۆ نووسەر و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کە هەمیشە بە بەرهەمی بەپێز کتێبخانەی کوردی ئاوەدانتر دەکەنەوە.