رۆژنامەی ھەولێر

چەند یادداشتێکی کورت

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

هەندێک کتێب لە ژیانی مندا وەکو خۆر هەمیشە دەدرەوشێنەوە و بەردەوام ڕووناکییان لێوە وەردەگرم. ئەوەی بەردەوام دڵخۆشم دەکات ئەوەیە تا دێت ژمارەی ئەو کتێبانە زیاتر و زیاتر دەبن. ئەو کتێبانەی قووڵ لەنێو ڕۆحمدا شوێن داگیر دەکەن ئەو کتێبگەلەن کە دەتوانن ئاراستەیەکی دیکە بە ژیان ببەخشن و بەرەو جێگەیەکی دیکە ڕێنماییمان بکەن بۆ خۆناسین و بۆ ئەوەی بتوانین لەسەر پێی خۆمان و بە هیواکانمانەوە لەنێو دۆزەخی ژیاندا بۆ ئومێد بگەڕێین. ئەو کتێبانە هەرگیز بە یەکجار خوێندنەوە دەستبەردارییان نابم، بەڵکو هەر چەند ساڵ جارێک دەیانخوێنمەوە و دووبارە نهێنی تر و پەنهانی دیکەیان تێدا دەدۆزمەوە. کتێبەکان گرنگەکان هەمیشە لەگەشەکردندان لەگەڵ گەشەی عەقڵی فیکریی خوێنەردا ئەوانیش گەشە دەکەن، بۆیە ناکرێت بە یەکجار خوێندنەوە دەستبەرداریان بین. من لەو خوێنەرانەم ناتوانم بە یەکجار خوێندنەوە دەستبەرداری زۆر شاکاری جیهانی بم.

لانی کەم بیست ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار ڕۆمانی “زۆربای یۆنانی”ـم خوێندەوە. ئەوکات لەگەڵ زۆربادا گەلێک سەمام کرد، بەڵام نەمدەزانی بۆچی سەما دەکەم، ئەوەم دەزانی، کە مرۆڤ بەرەو ئازادیی و ئازادبوون و سەربەستی ڕۆح ڕێنمایی دەکات، بەڵام نەمدەزانی دەرچەی خۆناسینی تەواوەتی لەهەر ڕستە و دێڕێکی زۆربادا خۆی حەشارداوە. زۆربا پێماندەڵێت لە کوێدا وەستاوین و ئێستا چی دەکەین، ئەو هانمان دەدات بۆ ئەوەی شوێنی خۆمان بگۆڕین، چونکە ڕەنگە لە شوێنێکی هەڵەدا وەستابین. زۆربا تێکستێکە بە ڕۆحییەتێکی یاخیگەرانەوە نووسراوە و نووسەرەکەی “نیکۆس کازانتزاکیس” نیتشە گوتنەنی بە خوێنی خۆی نووسیویەتی، ئەو تێکستانەشی بە خوێن دەنووسرێن بۆ هەمیشەیی لەنێو مێژوودا دەمێننەوە و گەورەیی هەمیشەیی بۆ خۆیان مسۆگەر دەکەن. کازانتزاکیس سەرسام بووە بە زۆربا بۆیە وەکو ڕێبەرێک لێی ڕوانیوە و هەر ئەم خۆشەویستی سەرسامییەت بووتە هۆی نووسینی ئەم ڕۆمانە.
نیکۆس کازانتزاکیس پێشەکییەکی بۆ ڕۆمانەکە نووسیوە و لەوێدا زۆر خاڵکی گرنگی بە کورتی باس کردووە. ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئیلهامی نووسینی ڕۆمانی زۆربای لە کاراکتەرێکی ڕاستەقینەوە وەرگرتووە، کە خۆی پەیوەندی لەگەڵیدا هەبووە و لە جێگەیەکدا دەنووسێت “ئەگەر بمەوێت ئەو کەسانە هەڵبژێرم، کە لە قووڵایی ناخمدا جێگای خۆیان هەڵکۆڵیوە، ڕەنگە چوار کەس هەڵبژێرم: هۆمیرۆس، بێرگسۆن، نیتشە، زۆربا.”
وەک دەبینین کازانتزاکیس، زۆربای لە ڕیزی ئەو بیرمەند و نووسەرە مەزنانە داناوە، کە کاریگەریی لەسەری هەبووە، سەرەتا کە بەر ئەم ڕستەیە دەکەوین لە پێشەکی کتێبەکەدا ڕەنگە خوێنەرێک ئەگەر پێشتر ڕۆمانەکەی نەخوێندبێتەوە، یان هیچی لەبارەیەوە نەبیستبێت پێیوابێت زیادەڕۆیی تێدا کراوە، بەڵام کاتێک بەر قووڵایی ڕۆمانەکە دەکەوین هەست بە زیادەڕەویی ناکەین، بەڵکو بیروبۆچوونەکانی زۆربا چەشنی قوتابخانەیەکە، خوێنەر دەتوانێت لێی سوودمەند بێت. دواتریش نووسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەگەر پێشنیاری ئەوەی بۆ بکرایە کەسێک هەڵبژێرێت وەکو ڕابەری ڕۆحی ئەوا زۆربای هەڵدەبژارد.
کازانتزاکیس هەر لە پێشەکییەکەدا لە شێوەیەکی میتافۆڕیانە زۆربا وەکو ئەو “بەرزەمرۆڤە” سۆپەرمانە دەبینێت، کە نیتشە باسی دەکات و پێشنیاری ئەوە دەکات بۆ ئەوەی وەک ئەو “بەرزەمرۆڤ-زۆربا”یە بژی “دەبێت خوێنی خۆمانی پێ ببەخشین تا زیندوو بێتەوە، دەبا هەرچی لە دەستمان دێ بیکەین تا کەمێکی تر ئەو مرۆڤە بەنرخە بژی، ئەوبخۆرە، ئەو شاعیرە، ئەو ئیشکەرە، ئەو ژندۆست و سەرشێتە. گەورەترین ڕۆح، دڵنیاترین جەستە، ئازادترین هاوار لە ژیانمدا ناسیومە.”
ئەو تایبەتمەندیانەی کازانتزاکیس باسی دەکات لە تایبەتمەندییەکانی بوونی ڕەسەنە، کە فەیلەسووفی ئەڵمانی مارتن هایدگەر باسی کردووە. بوونی ڕەسەن هەم شاعیرانەیە و هەم سەرشێت و نیگەران و هەم ئیشکەرە. بۆیە خوێندنەوەی ڕۆمانی زۆربا تەنها ئاشنابوون نییە بە چیرۆکی ژیانی کەسێک بەناوی “زۆربا” و سەرکارەکەی و سەرکێشی و ونبوونەکانی. بەڵکو ئاشنابوونە بەشێوازێکی ژیان، کە دەشێ لە هەر سەرزەمین و جێگەیەکدا بێت پەیڕەو بکرێت. زۆربا ئەو کاراکتەرەیە دەتوانین سوود لە تایبەتمەندییەکانی وەربگرین بۆ ئەوەی ژیانێک بژین سەربەستانە، ژیانێک خۆمان لە تۆز و خەوشەکانی کولتوور و ئایین و ئایدۆلۆژیاکان ڕزگار بکەین، چونکە لە وێستگە جیاوازەکانی ژیانی زۆربادا بەر هەموو ئەو خەوشانە دەکەین، کە مرۆڤ لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیاندا بەری دەکەوێت.
زۆربا لە زمانی کوردی چەند وەرگێڕانێکی هەیە. بۆ یەکەمجار مامۆستای چیرۆکنووس و وەرگێڕ “ڕەووف بێگەرد” کردوویەتی بە کوردی و یەکەمجار بە وەرگێڕانی ئەو خوێندمەوە. چەند ساڵێک لەمەوبەر “سەنگەر ڕۆستەم” لە یۆنانییەوە کردی بە کوردی و ئەمجارە بەم وەرگێڕانە نوێیە خوێندمەوە. بێگومان بەدەر لەم دوو وەرگێڕانە چەند وەرگێڕانێکی دیکەشی بە کوردی هەیە.
مامۆستا ڕەووف بێگەرد پێشەکییەکی گرنگی بۆ وەرگێڕانەکەی نووسیوە و لەوێدا لە جێگەیەکدا دەڵێت: “زۆربا کەسە ڕاستەقینەکەی ناو هەموومانە، زۆرمان خۆش دەوێت، گەلێکمان حەز بەو گیانە پڕ و زیندووەیە، بەڵام ناتوانین ببین بە ئەو، ئێمە لەڕوو دادەمێنین، شەرم دەکەین، لە پلەوپایەی کۆمەڵایەتی دەترسین، کۆیلەی دابونەریتی باوین سڵ دەکەین. ناتوانین مێگەل نەبین بە ڕاست و دروستی وەک مرۆڤێکی ئازاد خۆمان بخەینەڕوو، ئێمە هەمیشە نیوە درۆزنەکەی خۆمان لە باوەشدایە و لەگەڵ خۆمان دەیگێڕین.”
زۆربا، فیگۆرێکە دوور لە نمایش و خۆهەڵخەڵەتاندن. ئەم فیگۆرە بەشێوەیەکی ڕاستەقینە دەژی و دوورە لە هەر جۆرە ماسکپۆشینێک، بۆیە هەموان ناتوانن پەیڕەوی لە “ژیانی زۆربایانە” بکەن و تەنها ئەوانە دەتوانن پەیڕەوی ئەو جۆرە ژیانە بکەن کە گوێ بە قسە کۆمەڵگە نادەن و شەرم لە پیشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان ناکەن. ئەم ڕۆمانە ئاشنابوونە بەم شێوە ژیانەی کە دەشێ بە “شێوە ژیانی زۆربایانە” ناوی بەرین، کە لە ڕاستیدا شێوە ژیانی ڕاستەقینەیە.