ئارام كۆشكی – سلێمانی
یەکێک لە کێشەکانی توێژینەوە ئەکادیمییەکان ئەوەیە کە قاڵب بۆ توێژەر دیاری دەکەن و ناچاری دەکەن لە سنوورێکی دیاریکراودا کار بکات، سنوورگەلێک کە زۆرجار بە زیان بۆ توێژینەوەکە دەشکێتەوە. لە زۆرێک نامەی ئەکادیمیدا دەیان ناتێکست و دەقی کرچوکاڵی شیعر و چیرۆک و ڕۆمان لە ڕیزی بەرهەمی گەورە نووسەرانی دیکەدا پۆلێنکراون و لە هەمان خانەدا خوێندنەوە و توێژینەوەیان لەبارەوە کراوە، ئەوەش تەنها لەبەرئەوەی لە هەمان قۆناغ، یان زەمەندا نووسراون، کە بەلای منەوە ئەمە هەڵەیەکی گەلێک زەق و نالۆژیکییە و سەنگی ئەو توێژینەوە ئەکادیمیانە دەهێنێتە خوارەوە.
چەند ساڵێک لەمەوبەر لە وتارێکدا بەناونیشانی “کێن ئەوانەی دەچنە نێو مێژووی ئەدەبەوە؟” سەبارەت بە نووسینەوەی مێژووی ئەدەب لە سەرنجێکی کورتدا ڕەخنەی ئەوەم کرد، کە هەموو شیعرنووسێک، یان خاوەن دەقێک ناتوانێت بچێتە نێو مێژووی ئەدەبی ئەو نەتەوەیەوە، بەڵکو ئەوەی دەچێتە نێو مێژووەوە، دەبێت خۆی جێگەی لەمێژوودا هەبێت و ئێمە شوێنی پێ نەدەین. بەشی زۆری توێژینەوە ئەکادیمییەکان لەو بارەیەوە شوێن بە کۆمەڵێک نووسەر دەدەن بەبێ ئەوەی خۆیان شوێنیان لەنێو ئەدەبدا هەبێت و خاوەنی پێگەیەکی ئەدەبی ئەوتۆ بن، کە شایستەی ئەوە بێت باس بکرێن، چونکە دەقەکانیان هیچ وزەیەکی نوێگەرانە و داهێنانیان تێدا نییە.
خاڵێکی دیکەی نەرێنی لەو توێژینەوە ئەکادیمیانەدا ئەوەیە، زۆرجار وەسف و پێهەڵدان بۆ تێکستێک دەکەن، کە هەنووکە نووسەرەکەی خۆی بڕوای بەو تێکستەی نەماوە و ئامادەیی ئەوەی نییە جارێکی دیکە چاپی بکاتەوە. واتە نووسەرەکەی ئێستا لە قۆناغێکی دیکەی نووسین و ئەزموون و گێڕانەوەدایە، ئیدی چۆن لەنێو توێژینەوە ئەکادیمییەکاندا حساب بۆ ئەو تێکستە دەکرێت. ماوەیەک لەمەوبەر توێژینەوەیەکم سەبارەت بە شیعری شاعیرێک دەنووسی و بۆ توێژینەوەکە چوار کتێبی ئەو شاعیرەم لەبەردەست بوو. لە کاتی کارکردن لەسەر کتێبە شیعرییەکانی خۆی لە پۆستێکی فەیسبووکدا بێبەریبوونی ئەزموونەکەی لە دوان لەو کتێبانە ڕاگەیاند و گوتی تەنها ئەو دوو کتێبەی کۆتایی موڵکی منە و بە دەقی خۆمیان دەزانم و ئەوانەی ترم کرچوکاڵن. وەکو پرەنسیپێکی ئەخلاقی منیش ئەو دوو کتێبەی ئەو شاعیرەم وەلانا (کە خۆی ئێستا لێی پەشیمانە) و درێژەم بە توێژینەوەمدا لەسەر بنەمای ئەو دوو کتێبەی شاعیرەکە “تا هەنووکە” شانازییان پێوە دەکات، کە ڕەنگە چەند ساڵی تر کە ئەزموونی دەقگەلێکی دیکە بکات لەمانەش پەشیمان ببێتەوە، بەڵام تا مێژووی نووسینی توێژینەوەکەی من ئەو شانازی بەو کتێبانەوە دەکات.
لەم نموونانەوە دەردەکەوێت گرنگە توێژەرە ئەکادیمییەکان ئاگاداری ئەوە بن کار لەسەر چ تێکستێک دەکەن و چ پێوەرێکیان هەیە بۆ ئەوەی توێژینەوە ئەنجام بدەن. خاڵێکی دیکە، کە گرنگە ئاماژەی پێ بکەین کۆنی ئەو میتۆدانەیە، کە لە زانکۆکاندا کاری لەسەر دەکرێت و هیچ گۆڕانکارییەکی نوێیان قەبووڵ نییە. بەداخەوە ناوەندە ئەکادیمییەکانمان تاڕادەیەکی زۆر دوورن لە دونیای نوێ و ئەو گەشەکردنیانەی بەردەوام لە هەموو بوارەکاندا سەرڕێ دەخرێت، کە ئەمەشە وایکردووە، کە هەم میتۆدەکانی هەڵبژاردنی دەق کۆن و سواوبن بۆ توێژینەوە و هەم ئەو میکانیزمانەشی تا هەنووکەش دەیگرێتە بەر بۆ هەڵسەنگاندنی توێژینەوەی ئەکادیمی گەلێک کۆن و کلاسیکین، کە شایستە گۆڕین و ڕیفیرمن، بەڵام ئایا ڕیفۆرم دەکرێت؟
هەر سیستمێکی پەروەردەیی و ئەکادیمی ڕیفۆرمی بەردەوامی تێدا نەبێت ناتوانێت جاڕێ پێشکەوتن بدات. واتە هیچ پێشکەوتنێک بەبێ ڕیفۆرم و نوێبوونەوە لە ئارادا نییە. ئەوەی دەتوانێت ناوەندە ئەکادیمییەکان نوێ بکاتەوە تەنها ڕیفۆرمی بەردەوامە. بۆیە گرنگە دەستبەرداری ڕیفۆرم نەبن، تا توێژینەوەکان لە ئاستی خواستەکانی ڕۆژ و هاوکات ئەرکە ئەکادیمییەکەدا بێت، نەک تەنها ڕێگەیەک بێت بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە.

