شیڤان شێرزاد – هەولێر
شاعیری دیار و ناسراو، “خالید کۆچەر”، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەیەکجار دوو کتێبی شیعری خۆی لەژێر ناونیشانەکانی (ژنێک دڵی داگیرکردم) و (تەمەنت لەسەرووی پەنجا ساڵیدایە) چاپ و بڵاوکردەوە.
“خالید کۆچەر”ـی شاعیر و نووسەرێ ئەو دوو کتێبە جوانە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕاگەیاند، کتێبی ژنێک دلی داگیرکردم، چەند دەقە شیعرێکی سۆزداری تێدا بڵاکراوەتەوە کە بۆنی خۆشەویستییەکی گەورەی لێدێت، وەک ئەڤین نامەی کۆچەرێکی عاشق بە ئافرەتێکی ئەویندار وایە و کتێبی دووەمیش تەمەنت لەسەرووی پەنجا ساڵیدایە ئەوەیان تەنیا قەسیدەیەکی درێژە، ئەویشیان هەر باس لەعەشق و ئەوینداریەکی پاک دەکات.
گوتیشی: چەند ساڵێک بوو هیچ کتێبێکم چاپ نەکردبوو.
بۆیە بە باشم ئەو دوو کتێبە بکەمە دیاری بۆ خوێنەرانی شیعر و بۆ کتێبخانەی کوردی .
شاعیری ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، هەر دوو کتێبەکە لەلایەن “ڕانیار دڵشاد وەسانی” دیزاینی بۆ کراوە لە چاپخانەی هێڤی بە کوالیتیەکی بەرز لەسەر ئەرکی خۆم بەچاپم گەیاندووە.

